رۆزا دڵشاد مەریوانی
ئەمساڵ بە دروشمی هیچ پاساوێک بۆ توندوتیژی دژی ژنان نییە چالاکییەکانی رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەموو دنیادا دەستیپێکرد، بەپێی رۆژمێری نەتەوە یەکگرتووەکان بێت رۆژی 25 ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک بە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دانراوە کە هەموو ساڵێک 16 رۆژ بەردەوام دەبێت و تایبەت دەکرێت بەو چالاکییانەی بۆ ئەو مەسەلەیە بەڕێوەدەچێت، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان یەکێکە لەو بۆنانەی لەبەر گرنگیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی هەروەها زۆربوونی توندوتیژی دژی ژنان و ناساندنی وەک تاوانێک لەسەر ئاستی جیهان لەلاینەی رێکخراوی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانراوە.
تا ئەمڕۆش بە گەیشتن بە دەیەی سێیەمی سەدەی بیست و یەک و پێشکەوتنی دنیا هێشتا توندوتیژییەکان دژی ژنان و کچان بەردەوامن و بگرە لە فۆرم و شێوەی نوێدا پەرەیانسەندووە بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان بێت 736 ملیۆن ژن لەسەر ئاستی جیهان رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە واتا لە سێ ژندا یەکێکیان بەلایەنی کەمەوە جارێک لە ژیانیدا بووەتە قوربانی توندوتیژی جەستەیی یان سێکسی.
ئەو دیاردەیەش وەک پەتایەکی جیهانی لە ژینگە جیاوازەکاندا بەردەوام لە پەرەسەندندایە جا ماڵەوە یان شوێنی کار بێت و تەنانەت ئینتەرنێت و پێگەکانی سۆشیال میدیاشی گرتۆتەوە.
رەنگە زۆر کەس بڵێن ئەو قسانەی لەبارەی توندوتیژی دژی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیەوە دەکرێت زۆر وتراوەتەوە و چیتر پێویست ناکات یان تەنیا چەند رۆژێکی ساڵ بۆ ئەو بابەتە تەرخان دەکرێت و دوای ئەوە ژنان لەبیر دەچنەوە، بەڵام بەوجۆرە نییە ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەوەیە تا هۆشیاری زیاتری ژنان بەتایبەتی و کۆمەڵگە بەگشتی بکرێت لەبارەی ئەو مەسەلەیەوە هێشتا کەمە و رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنیش هەموو رۆژەکانی ساڵ لەکاردان، بەڵام ئەو رۆژە بۆ پێشکەشکردنی ئەنجامی کاری ئەو ساڵە و خستنەڕووی داتا و ئامارەکانە هەروەها دانانی پلانی نوێیە بۆ کاری باشتر لە داهاتوودا، هاوکات دانانی ئەو مەسەلەیە لە رۆژمێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا گرنگییەکی زۆری هەیە یەکەمیان لەبەر مەترسیداریی بابەتەکە و گرنگی ئەو مەسەلەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دووەم بۆ فشارخستنەسەر حکومەتی وڵاتانە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ تەرخانکردنی توانای مادی و مرۆیی زیاتر بۆ ئەو مەسەلەیە و هۆشیارکردنەوەی ژنان، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی خاوەن داهاتی کەمن و توندوتیژی تێیاندا لە ئاستێکی مەترسیداردایە، بۆ نموونە تا ئێستا وڵاتان لەگەڵ ئەو هەموو فشارانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیخاتە سەریان هێشتا 5 ٪ ی داهاتیان لە هاریکارییە حکومییە جیهانییەکاندا تەرخان کردووە بۆ ئەو مەسەلەیە و تەنیا 0.2 ٪ ی بەکاردەهێنن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
گرنگی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان
رەنگە زۆر کەس نەزانێت توندوتیژی دژی کچان و ژنان یەکێکە لە زۆرترینی ئەو سەرپێچیانەی دژ بە مافەکانی مرۆڤ دەکرێت و بەربڵاوترین و زۆرترین و وێرانکەرترین تاوانە لەدنیای ئەمڕۆدا دەکرێت، هێشتا زۆربەی بکەرانی ئەو تاوانە بێ سزا رزگاریان دەبێت بەهۆی بێدەنگیی ژنان لە ترسی سزا و هەستکردن بە شورەیی و ترس لە ئابڕوچوون، توندوتیژی لەشێوەی توندوتیژی جەستەیی و سێکسی و دەروونیدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە:
*توندوتیژی خێزانیی وەک لێدان و سووکایەتی دەروونی، لاقەکردن لەلایەن مێردەوە، کوشتن.
*توندوتیژی و گێچەڵکی سێکسی وەک: لاقەکردن، کرداری سێکسی و گێچەڵپێکردنی سێکسی، لاقەکردنی منداڵ، بەزۆر بەشوودان، گێچەڵپێکردن لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان، بێزارکردنی ئەلیکترۆنی لەڕێی ئینتەرنێت و مۆبایل و سۆشیال میدیاوە.
*بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە وەک کۆیلایەتی و بەکارهێنانی سێکسی بە زۆر.
*شێواندنی ئەندامەکانی زاوزێی ژنان.
*بەشوودانی منداڵی کچ.
دواجار کاتێک دەچینە وردەکارییەکانی ئەو تاوانانەوە کاریگەرییە دەروونی و جەستەییەکانی لەسەر ژنان زیاتر دەردەکەوێت جگە لە کاریگەرییەکانی لەسەر خێزان و ئەو نەوەیەی لەژێر دەستی قوربانیانی توندوتیژیدا گەورە دەبن، بۆیە دەبێت بزانین توندوتیژی تەنیا بەرامبەر کەسێک ناکرێت و تەنیا کاریگەری لەسەر قوربانییەکە نییە، بەڵکو کاریگەرییەکانی کۆی خێزان پاشان کۆمەڵگەیەک دەگرێتەوە بە نەهێشتنی توندوتیژی و کەمکردنەوەی نیشانەکانی و یارمەتیدانی قوربانیان تەنیا ئەو کەسانە رزگار ناکەین، بەڵکو کۆی کۆمەڵگەیەک و داهاتووی وڵاتێک رزگار دەکەیت، چونکە هێشتا توندوتیژی دژی ژنان رێگرە لەبەردەم بەدیهێنانی یەکسانی و گەشەپێدان و ئاشتی کۆمەڵایەتی، بۆیە ئەگەر نەوەیەکی تەندروست و وڵاتێکی پێشکەوتوومان بوێت دەبێت سەرەتا کۆمەڵگە لەبارەی ئەو مەسەلەیەوە هۆشیار بکەینەوە تا داهاتوویەکی باشتر چاوەڕێمان بکات.
شایەنی باسە ساڵی 1993 نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو رۆژەیان بە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دانا و پێناسەیان کرد بەوەی «بریتییە لە هەر کردارێکی توندوتیژ یان دەمارگیری سێکسی ببێتە هۆی زیان و ئازار بۆ ژن لەڕووی جەستەیی یان سێکسیی یان دەروونییەوە، هەروەها هەڕەشەلێکردن یان زەوتکردنی ئازادی کەسێک لە ژیانی گشتی یان تایبەتیدا دەگرێتەوە».
هەندێک ژمارە و ئامار
*لەسەر ئاستی دنیا لە هەر سەعاتێکدا 5 ژن یان کچ لەسەر دەستی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان دەکوژرێن.
*یەک ژن لەنێو سێ ژندا بۆ جارێک لە ژیانیدا رووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی یان سێکسی بۆتەوە.
* %86ی ژنان و کچان لەو وڵاتانەدا دەژین کە سیستەمی پاراستنی یاسایی لە توندوتیژی تێیدا نییە.