شۆڕشێكی نوێ‌ لە بواری پیشەسازی سەربازیدا

10:53 - 2023-11-26
دووتوێ
187 جار خوێندراوەتەوە

ئا: فەرید دڵشاد


لەم چەند ساڵەی رابردوودا وشەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانمان زۆر بەرگوێ‌ كەوتووە كە بۆ چەندین بوار بەكارهێنراوە و رۆڵی گەورەی هەبوو لە بواری سەربازیدا و هاوكێشەكانی جەنگی بە تەواوی گۆڕیوە، بەڵام بەم دواییانە وێنەی چەند بەلەمێكی بێ‌ كەشتیوان گیراوە كە ئۆكرانیا لە جەنگی وڵاتەكەی دژ بە روسیا بەكاریهێناوە.
 (كاتارزینا زیسك) مامۆستا لە پەیمانگەی نەرویجی بۆ لێكۆڵینەوەی بەرگری دەڵێت:» لەگەڵ ئەوەی ئۆكرانیا هێزی دەریای بەرچاوی نییە، بەڵام ئەم كەشتییە بێ‌ كەشتیوانانە رێگریان كردووە لەوەی روسیا تەواوی دەریای رەش كۆنترۆڵ بكات.
لەساڵی 2022 ئەمریكا نموونەیەكی لەمجۆرە بەلەمەی تاقیكردەوە لە ئێستاشدا گرنگییەكی زۆری پێدەدرێت، دواتر ئەم بەلەمە لە ئۆكرانیا دەست بە بەرهەمهێنانی كرا و بەدروستكردنیشی جەنگی دەریایی پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە بەتایبەت جەنگی روسیا و ئۆكرانیا.
ئەمجۆرە بەلەمە مۆدێلێكی نوێیە لە مۆدێلەكانی كەشتی دەریایی، لە سەر رووی ئاو و ژێر ئاو بە سیستمی كۆمپیوتەر كاردەكات، بەبێ‌ ئەوەی هیچ كەشتیوانێكی لەسەر بێت، زیاتر لە بواری سەربازیی بەكاردێت وەك بوارەكانی چاودێری و سیخوڕی، پاكردنەوەی مین لە ژێر دەریا، بۆردومانكردنی ئامانجەكانی دوژمن لە نزیكەوە.
 درێژی بەلەمی بێ كەشتیوان نزیكەی پێنج مەترە، كێشیان هەزار كیلۆگرامە، توانای هەڵگرنتی 800 كیلۆگرامیان هەیە و دەتوانن 800 كلیۆمەتر ببڕن و خێراییەكەیان 80 كیلۆمەترە لە سەعاتێكدا، دەتوانرێت بە ئاسانی لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر بگوازرێتەوە زۆر بە وردی ئامانجەكەیان دەپێكن، هەروەها تێچووەكەیان كەمە، تایبەتمەندییەكی تریان ئەوەیە سیستەمی رادار ناتوانێت ئاشكرایان بكات لەبەرئەوەی قەبارەیان بچووكە و لەسەر رووی ئاو كەمتر دیارن و دەنگێكی ئەو تۆیان لێوە نایەت.
لەلایەكی ترەوە بەلەمی بێ كەشتیوان كامێرا و تەقەمەنیان لەسەر جێگیركراوە و لە یەككاتدا دەتوانن هێرش بەرن و بەرگریش بكەن، جگە لەوەش زانیاری و داتاكان و دیمەنە بینراوەكان لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ بكەن، بەهۆی كاریگەری ئەم جۆرە بەلەمەوە بەم دواییانە هەریەك لە توركیا، ئیسرائیل و روسیا دەستیان بە دروستكردنی ئەمجۆرە بەلەمە كردووە.
لەگەڵ ئەو هەموو تایبەتمەندیانە ئەمجۆرە بەلەمە رووبەرووی رەخنە بۆتەوە بەتایبەت لەبوار كەمیی مەودای بینین، هاككردنی، ئەگەر دەستی بەسەردا بگیرێت لایەنی بەرامبەر دەتوانێت بە ئاسانی دەستی بە مانگە دەستكردەكان بگات، هەندێكجار باوبۆران و شەپۆلەكان رەنگە سیستەمی ناو كەشتییەكە تێكبدەن.

سەرچاوە: الجزیرة.نت

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان