زەماوەند لای ئەمازیغییەکان یەک هەفتە دەخایەنێت

10:55 - 2023-11-26
دووتوێ
189 جار خوێندراوەتەوە

ئەمازیغ گەلێكی دێرینی خاوەن کۆنترین شارستانیەتن لەسەرڕووی زەمین، لە باشووری ئەفریقیا دەژین و زۆربەشیان لە مەغریب و جەزائیرن، دابونەریت و کەلتوری تایبەت بەخۆیان هەیە، بەتایبەتی ئاهەنگی ژن و ژنخوازی زۆر جیایە لە گەلانی دیکە و رێوڕەسمی تایبەتی بۆ دەکەن، بۆنەکە لای ئەوان ناوی» تانکیفت» ەو یەک هەفتە دەخایەنێت، دوای هەفەتیەک لە خوازبێنی دایکی بوکێ بە سینییەک حەڵواو هەنگوین و شیرینییەوە دەچێتە لای دایکی زاوا، لەدوای یەک مانگیش دایکی زاوا هەمان سینی پڕ دەکات لە خورما و گوێزو بادەم و دەیبا پێشکەشی دایکی دەکات، لەدوای دروستبوونی پەیوەندییەکی باش لەنێوان ئەو دوو خێزانەدا وادەیەک دادەنێن بۆ هەفتەی بووک گواستنەوە.

سێ رۆژی یەکەم
باوکی زاوا کەسێک رادەسپێرێت بەناو ئاواییدابگەڕێ جاڕی ئاهەنگەکە بدات، ئێوارەی رۆژی یەکەم ژنان بە زەمبیلێک دیارییەوە دەچنە بەر ماڵی بووکێ و گەنمیشی تێدایە بەمانای رزق و خێروبەرکەت دێت، پیاوانیش دەچنە ماڵی زاوا و تا درەنگانی شەو بەدەم گاڵتەوگەپ و گێڕانەوە حیکایەتەوە کات بەسەردەبەن، رۆژی دووەمیش ژنان دەچنەوە ماڵی بووکێ و ئەمجارە بادەم و رۆنی ئەرگان و هەنگوین لەگەڵ خۆیان دەبەن، لە هەر سێ رۆژەکەدا لە ماڵی زاواو بووکێ مەڕو بزن و گا دەکرێتە چێشت و دەخرێتە بەردەم میوانەکان.

چوارەم رۆژ
رۆژەی چوارەم هەموو خەڵکی ئاوایی لە گۆڕەپانێک یان لە هۆڵێکی گەورە کۆدەبنەوە و دیاری پێشکەش بە بووک و زاوا دەکەن، ئەو رۆژە ناوی « ئۆکرێس» ە، گەنجێک بە نوێنەرایەتی زاوا دیاریەکان کۆدەکاتەوە و دەیباتە ماڵی بووکێ، کاتێک دەگاتە بەردەرگا داوایان لێ دەکات کە کورسیەکی بۆ بێنن، بۆی دەهێنن و ئەویش ساتێک لەسەری دادەنیشێت، ئینجا چا و خورما و شیری بۆ دێنن لەگەڵ چەپکە گوڵێک، دوایی پور و براژنە گەورەکەی ئەگەر هەیبێت وەک بەربووک سینییەکی پڕ لە خشڵی زیوی بۆ دێنن کە ماڵی زاوا پێشوەختە ئامادەیان کردووە، سێ جار سینیەکە بەسەری کوڕەکەدا دەکێشن و ئینجا گوڵاو پڕژێنی دەکەن و دوای ئەوەش هەموو دیاریەکانی لێ وەردەگرن، لەو کاتەوە بووکێ لە ژوورێکی تاریک لای ژمارەیەک دەستەخوشکی گوایە خۆی شاردۆتەوە و بەدەم هەلهەلە لێدانەوە ئاشکرای دەکەن دیاریەکانی دەخەنە بەردەم.

پێنجەم رۆژ
لەم رۆژە پیاوانی ئاوایی هەموو ئەو کەلوپەلانە باردەکەن کە ماڵی زاوا کڕیویانە، وەک شمەکی ناوماڵ و خشڵ و ملوانکەی زیوو و کەرەستەی تری گەورە و بچووک، لەبەردەم خەڵکەکە حیساب دەکرێ و رادەگەیەنرێت بایی چەندە، شەوەکەی هەموو کۆدەبنەوە و ئاهەنگ دەست پێدەکات، ئەو شەوە دایکی بووکێ جلی سپی بوکێنی دەکاتە بەر کچەکەی و بە خامێکی سوور روخساری دادەپۆشێت، دەستەخوشکانی بووکێ بە ئاوازێکی تایبەتی بەیت و بالۆرەی خەمناکی بۆ دەچڕن و بەڕێی دەکەن، ئەو ئاوازەش پێی دەڵێن « تاسوگانت»، هەندێکجار بۆشی دەگرین.

شەشەم رۆژ
بۆ خوداحافیزی کچە بەجلی سپی و بەمۆرو مەرجان و خشڵی رەنگاوڕەنگەوە، دەچێتە لای باوکی و دەستی ماچ دەکات، لە دەرەوەش کەسوکاری زاوا بەدەم گۆرانی و سەماوە چاوەڕوانی هاتنەدەرەوەی دەکەن، ئەگەر هەیبێت برایەکی بووکێ لەپێش خۆی دەداو بەرەو دەرەوە لای ئاهەنگگێڕان هەنگاو دەنێن، خۆ ئەگەر سوار پشتی ئەسپیشی بکەن و بیبەنە لای زاوا ئەوا دەبێت لەبری ئەوە دیاریەکی باش یان بڕێک پارە پێشکەش بە برای بووکێ بکرێت، کە بوکیان بردەوە ماڵی باوکی زاوا بادەم و شیرینی تری بەسەردا دەبارێنن و بۆ ئامادەبوانیش شیرینیان بەسەردا دەکەن، کە دەچنە ماڵەوە دەبێت یەکەمجار بە قاچی راست بچنە ژوورەوە، حەوتەمین رۆژ ئاساییە و دایکی زاوا قاسید بۆ دایکی بووکێ دەنێرێ و پێیان دەڵێت بوکمان جوان و ژیرە.

سەرچاوە: www.hespress.com

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان