یانەیەکی نوێی ئەسپسواری لە کۆیە

11:00 - 2023-11-26
دووتوێ
349 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: هاوژین عەبدولواحید

ئەسپ یەکێکە لەو ئاژەڵانەی مرۆڤ هەمیشە حەز بە هاوڕێیەتی دەکات و خۆشی دەوێت، هەرئەمەش وایکردووە ئەسپسواری ببێت بە یەکێک لە وەرزشە سەرنجڕاکێشەکان، ماوەیەکە خواستێکی باشی لەسەر پەیدابووە و هاووڵاتیان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و خولیایەک روودەکەنە یانەکانی ئەسپسواری.

چەند ساڵێکە ئەم گروپە هەیە
 «کاروان خەلیل» سەرۆکی یانەی ئەسپسوارانی کۆیە وتی: نزیکەی سێ ساڵە ئەم گروپەمان دامەزراندووە، لەسەر ئەو بنەمایەی کۆیە وەک هەر شارێکی تری هەرێمی کوردستان پێویستی بە گروپێکی ئەسپسواری هەیە، بۆیە لەگەڵ کۆمەڵێک دۆست و هاوڕێ بریارماندا دروستی بکەین.
ئامانجمان لە دروستکردنی ئەوەبوو وەک گروپێکی ئەسپسواری کۆیە بناسرێین و بەشداربین لەو چالاکی و فێستیڤاڵانەی لەناو هەرێم و دەرەوەی دەکرێن، بۆیە لە چەندین فێستیڤاڵی جیاواز لە کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداریمان کردووە و هەر بەردەوامیش دەبین.

هەشت مانگە یانەی ئەسپسواریمان کردۆتەوە 
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا جگە لە دامەزراندنی ئەم گروپە بە پێویستی زانیوە یانەیەک بە رووی ئارەزوومەندانی ئەم شارۆچکەیەدا بکاتەوە و راهێنانیان پێبکات بۆئەوەی لەڕێگەی ئەوانەوە زۆرترین فێرخواز پێبەگەیەنن و سوارچاکی لێهاتوویان لێدروست ببێت.
هەروەها وتیشی: زیاتر گەنجان سەردانی یانەکەیان دەکەن و  لە هەردوو رەگەز سەرەتا ترسیان دەشکێنرێت و پاشان راهێنانی سەرەتاییان پێدەکرێت. 
باشترینەکانی ئەسپ رەسەنەکانن 
 هەر ناوچەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە لە جۆری ئەسپدا بۆ نموونە ئەسپی کوردی شێوازی جیاوازە سەری مام ناوەندە ناوچەوانی پانە و گوێچکەکانی کورت و ئەستورن چاوەکانی خڕ و جوانن سنگی پانە و قاچەکانی پتەون و پشتیشی پانە، سواربوونیشی خۆشە و بە رمبازی دەستپێدەکات زیاتر لە ناوچەی ئێمە و سلێمانی و شارەزوور و گەرمیان و رانیە و قەڵادزێ ئەسپی کوردی باوە، بەڵام لە بەشی هەولێر بۆ سەرەوە ئەسپی عەرەبی زیاتر باوێتی. 
ئەسپی عەرەبیش سێ چوار جۆری هەیە وەک واهو (سەغلاوی)  یاخود حەمدانی ئەوەش زیاتر پەیوەندی بە ناوچەکانی سوریاوە هەیە ئەسپی عەرەبی عیراقی نزیکە لە ئەسپی کوردی ئەویش ئەسپێکی جوان و بەڕەونەقە، بەنرخترین ئەسپەکانیش ئەوانەن کە رەسەن و باشن.
لە حەوت ساڵییەوە راهێنانم کردووە
کاربین کاروان منداڵێکی دوانزە ساڵە و لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستی کردووە بە راهێنان وتی: هەر لە زووەوە ئارەزووی ئەسپسواریم کردووە و هەوڵی خۆپێگەیاندنم داوە، بۆیە تا ئەمڕۆش بەردەوامم ئەسپی خۆم هەیە و ناوی باواجیە کە ئەسپێکی رەسەنی کوردییە ئامانجم ئەوەیە لە داهاتوودا بتوانم فێرگەیەک دابنێم بۆ ئارەزوومەندانی ئەسپسواری هەموو ئەو کەسانەی حەزیان لەم وەرزشەیە لە فێرگەکەم راهێنانیان پێبکەم.

ئەو پێداویستیانەی بۆ ئەسپ بەکاردێن چین؟
دانیاڵ تەها لەم بارەیەوە وتی: کۆمەڵێک پێداویستی گرنگمان هەیە بکرێت باشە، بەڵام بەشێکی تریان تەنها بۆ جوانکارییە و بەنەکردنیشی کێشە دروست نابێت بۆ نموونە:
*زین ـ بۆ ئەوە بەکاردێت سوارچاک لەکاتی ئەسپسواری خۆی لەسەر پشتی ئەسپەکە رابگرێت و نەکەوێت کە پێویستییەکی سەرەکییە.
*ژێر زین ـ بەزستانان لەبەر ئەسپ دەکرێت هەم بۆ جوانییە هەم بۆ گەرمکردنەوەی ئەسپەکەیە ئەگەر نەشکرێت ئاساییە.
*لغاو ـ بۆ جڵەوکردنی ئەسپە ئەوەشیان پێویستە، هەروەها سینەبەندیشمان هەیە هەر بۆ جوانکاری بەکاردێت.
هەروەها وتی پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت «سوار تا نەگلێت نابێت بەسوار» ئەمە زۆر راستە، چونکە ئەوە لەنێوان ئێمەدا زۆر روویداوە و زۆر ئەم قسەیە لەناو خۆماندا دووبارە دەکەینەوە.
کۆژین نەوزاد-یش سوارچاکێکی لێهاتووە، بە میوانیی لە سلێمانییەوە هاتووە بۆ کۆیە بۆ نمایشی ئەسپسواری دەڵێت: زۆر دڵخۆشم کە کۆیە وەک زۆربەی ناوچەکانی تری هەرێم گرنگی بە یانەی ئەسپسواری دەدات و کۆمەڵێ سوارچاکی  زۆر باشیان هەیە.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان