شه‌هید بله‌ گه‌ڵاڵی فه‌رمانده‌یه‌ك له‌ تیپی كارۆخ

10:02 - 2023-11-27
ڕاپۆرت
409 جار خوێندراوەتەوە

هه‌شت ساڵ خه‌بات و به‌رگری و هێرش و به‌رخودان له‌ كۆتایی ساڵانی خه‌فتاكان و سه‌ره‌تای ساڵی هه‌شتاكان، رۆژگارێكی سه‌خت و دژوار بوو بۆ میلله‌تی كورد و پێشمه‌رگه‌ به‌تایبه‌تی، چونكه‌ سه‌ره‌تای حه‌فتاكان بۆ پێشمه‌رگایه‌تی جه‌وله‌ و چالاكی ئاسان نه‌بوو، پێشمه‌رگه‌ به‌ ژماره‌ كه‌م بوو، به‌ڵام رژێم به‌سه‌دان سیخوڕ و به‌كرێگیراوی به‌كاری هه‌بوو له‌ گوند و شاره‌كان.
تیپی 78ی كارۆخ  له‌ تیپه‌ ئازا و پر چالاكییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌ له‌ سنووری باڵه‌كایه‌تی و رواندز، به‌تایبه‌ت كه‌رتی پێنجی تیپه‌كه‌ و یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كانی كه‌رته‌كه‌، شه‌هید بله‌ گه‌ڵاڵییه‌.
هه‌ڤاڵ  هه‌ڵۆ حه‌سه‌ن، پێشمه‌رگه‌ی دانه‌بڕاو و هاوڕێی شه‌هید بله‌ وتێستا ده‌رباره‌ی شه‌هید وتی: شه‌هید بله‌ یه‌كێك بوو له‌ بناغه‌ دانه‌رانی كه‌رتی پێنجی گه‌ڵاڵه‌، كه‌رته‌كه‌ش ببووه‌ قوتابخانه‌ی پێگه‌یاندنی ده‌یان پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ی وه‌ك شه‌هیدان حاجی گه‌ڵاڵی، جه‌لال حاجی، حوسێن مینه‌، عه‌لی زێنه‌دین و مه‌لا گه‌ڵاڵی.
شه‌هید بله‌  پیاوێكی به‌شان و شه‌وكه‌ت و چالاك و چاپوك و روح سووك بوو، هه‌تا بڵێی قسه‌ خۆشبوو، هه‌ركاتێك ئه‌و له‌باره‌گای كه‌رت و تیپ بوایه‌ باره‌گاكه‌ جمه‌ی ده‌هات له‌ پێشمه‌رگه‌، ئه‌وه‌ش هه‌مووی به‌هۆی قسه‌خۆشی و خاكیبوونی شه‌هید بله‌وه‌ بوو.
وتیشی: شه‌وێك له‌ گرتنی ره‌بایه‌ی نێوان گونده‌كانی (سه‌رنه‌وس-ره‌ژوكه‌ریان) )كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌كانه‌وه‌ هێرشی كرد، به‌ سه‌ختی بریندارببوو، فه‌رمانده‌ی تیپه‌كه‌مان چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی ته‌رخان كردبۆ هه‌ڵگرتن و گه‌یاندنی بۆ گوندی (كه‌لێته‌) بۆ ئه‌وه‌ی دكتۆری فریا بكه‌وێت و له‌مه‌رگ رزگاری ببێت، منیش یه‌كێك بووم له‌و پێشمه‌رگانه‌ی شه‌ره‌فی هه‌ڵگرتنی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ك پێبڕا، سه‌ره‌ڕای سه‌ختیی برینه‌كه‌ی هه‌میشه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی له‌سه‌ر لێوان بوو، به‌ده‌ست ئاماژه‌ی ده‌كرد كه‌ هیچ نیه‌، ئه‌وه‌ش ته‌نها بۆئه‌وه‌ی هاوڕێكانی دڵ ته‌نگ نه‌بن.
حه‌یف و مخابن، هه‌رچه‌نده‌ گه‌یاندمانه‌ گوندی كه‌لێته‌ و دكتۆر ئاری-یش گه‌یشته‌ سه‌ری، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌و كاته‌دا گیانی سپارد گه‌یشته‌ كاروانی هه‌میشه‌ نه‌مران. 

ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید ئیبراهیم ره‌سوڵ كسبار عه‌بدوڵڵا ناسراو به‌  بله‌ گه‌ڵاڵی، له‌ دایكبووی ساڵی 1954ی گوندی گه‌لاڵه‌ی قه‌زای چۆمان له‌ پارێزگای هه‌ولێر.
ساڵی 1977 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ و ساڵی دواتر بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمی حه‌وتی باڵه‌ك.
ساڵی 1981 كه‌ شه‌هید حه‌سه‌ن كوێستانی بوو به‌ سه‌رتیپی 12ی سۆران، شه‌هید بله‌ گه‌ڵاڵی یه‌كێك بووه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌ره‌ ئازاكانی ئه‌و تیپه‌، دواتر له‌ تیپی 78ی كارۆخ درێژه‌ی به‌خه‌بات داوه‌.
له‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا به‌شداریی ده‌یان داستان و نه‌به‌ردی و چالاكی و به‌رگری كردووه‌ و هه‌میشه‌ له‌ هێرشه‌كاندا له‌ پێشه‌وه‌ بووه‌.
پله‌كانی پێشمه‌رگایه‌تی  بڕیووه‌ تا فه‌رمانده‌ی كه‌رتی پێنجی گه‌ڵاڵه‌ له‌ تیپی 78ی كارۆخ.
شه‌وی 30\31/ 5/1986 له‌ كاتی گرتنی ره‌بایه‌ی (ره‌ژیكه‌ریان)، شه‌هیدكرا و گه‌یشته‌كاروانی سه‌روه‌ران.
جگه‌ له‌ خۆی دووبرای دیكه‌ی شه‌هیدن به‌ناوه‌كانی حوسێن و محه‌مه‌د، هه‌روه‌ها هاوسه‌ره‌كه‌شی له‌ ساڵی 1979دا به‌بۆردومانی فڕۆكه‌، شه‌هیدبووه‌.
حه‌یده‌ر مه‌نتك   

بابەتە پەیوەندیدارەکان