کاتێک پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەبن بە بار بەسەرمانەوە

10:36 - 2023-12-03
دووتوێ
189 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

پەیوەندی کۆمەڵایەتی مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە، دروستیش دەبێت کاتێک مرۆڤ لە نێو کۆمەڵدا دەژی و بەرکەوتەی لەگەڵ کەسانی چواردەوریدا دەبێت، هاوکات لە زۆر لێکۆڵینەوەدا ئەوە سەلمێنراوە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری پۆزەتیڤیان لەسەر مرۆڤ هەیە، چونکە مرۆڤ بەسروشتی خۆی وا دروست بووە ناتوانێت بەتەنیا بژی و کاتێک تەنیا دەبێت تووشی چەندین نەخۆشی دەروونی و جەستەیی دەبێت، بەڵام بێگومان مەبەستمان لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی تەندروستە ئەو جۆرەی هیچ جۆرە فشارێکی دەروونی و دڵەڕاوکێ و بێزارکردنی لەگەڵدا نییە، واتا مرۆڤ تێیدا هەست نەکات بەستنی ئەو پەیوەندییانە و ئەو جۆرە چالاکییە کۆمەڵایەتییانە بە ناچاریی دەیکات و لەبری ئەوەی دەروونی پێی بحەسێتەوە تووشی ناڕەحەتی و خەمباری و دڵەڕاوکێی بکات.

پەیوەندی کۆمەڵایەتی ناتەندروست
زۆرجار پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی لە رۆژهەڵات و کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا وەک جۆرێک لە نەریتی لێدێت و تاک بە ناچاریی دەبێت ئەو پەیوەندییانە ببەستێت و لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیدا بەشدار بێت، بۆ نموونە سەردانی هەندێ کەس بکات یان بەشداری هەندێ بۆنە بکات کە لەڕووی دەروونییەوە بەو کەسانە ناحەوێتەوە یان بە رەفتار و گوفتار بەشێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێزاری دەکەن، بەڵام لەبەر نەریت و رێسا کۆمەڵایەتییە باوەکان ناچارە بەشداری ئەو بۆنە کۆمەڵایەتییانە بکات یان ئەو پەیوەندییە ببەستێت.
زۆرجار پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ژەهراوییەکان لە چەندین رەفتار و فۆرمدا ژیانی تایبەتی و سنووری کەسییمان دەبەزێنن وەک تەلەفۆن کردن لە وەخت و ناوەختدا زۆر قسەکردن بە تەلەفۆن لەگەڵماندا و درێژەدان بەو گفتوگۆیە لەکاتێکدا تۆ لەوپەڕی سەرقاڵیدایت، سەردانکردن بەبێ مۆڵەت یان تەلەفۆن کردنی پێش وەختە، داوەت کردنت بۆ هەندێ کۆبوونەوە لەگەڵ کەسانێکدا تۆ پێیان ناحەوێیتەوە..هتد.
کێشەکە ئەوەیە دەبینین لە وڵاتێکی وەک وڵاتی ئێمەدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەبن بە بارگرانیی بەسەرمانەوە رەنگە لە ئەوروپا وانەبێت، لەبەرئەوەی لەوێ خۆیان پەیوەندییەکانیان هەڵدەبژێرن و پێیان عەیبە نییە داواکارییەک رەت بکەنەوە یان سنوور بۆ کەسی بەرامبەر دابنێن، بە پێچەوانەوەی ئێمەوە کە زۆرجار لەبەر نەریتە باوەکان پێت عەیبە بە کەسێک بڵێیت ببورە ناتوانم سەردانکردنەکەت قبوڵ بکەم یان تکایە لەم کاتانەدا تەلەفۆنم بۆ مەکە کاتی حەوانەوەی منە و زۆر نموونەی دیکە، هەروەها کاتێک دەزانیت کەسێک لە چوارچێوەی خێزان و کەسوکاردا کەسێکی ژەهراوییە و کاریگەری نێگەتیڤی هەیە لەسەرت ناتوانیت خۆت لەو چالاکی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانە رزگار بکەیت یان رەتیبکەیتەوە کە ئەویشی تێدایە ئەوەش دووبارە لەبەر هەندێ نەریت و رێسای کۆمەڵایەتی.

پەیوەندی هاوڕێیەتی
تەنانەت هەندێکجار پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان لەگەڵ هاوڕێیەکدا دەچێتە چوارچێوەی بێزارکردن و سنوور بەزاندن و پەیوەندی ژەهراوی، لەو کاتانەدا دانانی سنوور یان ئاگادارکردنەوەی کەسی بەرامبەر ئاسانتر دەبێت بەهۆی ئەوەی وەک خێزان تێکەڵ نین و زیاتر لە خزم و کەسوکار دەتوانیت ئاگاداری بکەیتەوە یان ئەگەر کەسێکی ژەهراوی بوو پێش ئەوەی ژیانی تایبەتیت تێکبدات دەتوانیت بەتەواوەتی کۆتایی بەو پەیوەندییە بهێنیت.
بەڵام کاتێک پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە خێزانییەکان دەبن بە بار بەسەرمانەوە قورسە بە تەواوەتی خۆمانی لێ رزگار بکەین و هەمیشە چەند هەوڵبدەین هەندێ بۆنە و چالاکی کۆمەڵایەتی دەمێنێت دەبێت بە ناچاریی تێیدا بەشدار بین، بەڵام ئەوەی دەتوانین بیکەین ئەوەیە تا بتوانین خۆمان لەو چالاکییە کۆمەڵایەتییانەی لەڕووی دەروونییەوە بێزارمان دەکات بدزینەوە و پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو کەسە ژەهراوییانەدا لەسنووری سەردانیکردنی بۆنەی تایبەتی و زۆر گرنگدا بهێڵینەوە، کاتێکیش بەشدار بووین و کەسێک بە گوفتار یان رەفتار بێزاریکردین بە رێزەوە سنووری خۆی پیشان بدەین و تێیبگەیەنین چەندە لەڕووی خێزانییەوە تێکەڵ بین بۆی نییە بەو جۆرە بەرامبەرمان رەفتار بکات.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان