لەگەڵ كچە هەرزەكارەكەتدا چۆن مامەڵە دەكەیت؟

10:49 - 2023-12-03
دووتوێ
203 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیانا ئەحمەد

گرنگە دایكان و باوكان بە باشی لە قۆناغی هەرزەكاری تێبگەن بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ كچە هەرزەكارەكەیاندا بكەن، ئەم قۆناغە هەستیارە هەموو كەسێك پێیدا تێدەپەڕێت تەنها بە گۆڕانكاری جەستەیی سنوردار ناکرێت، بەڵكو بە گۆڕانكاریە دەروونییەکانیشدا تێدەپەڕێت، لە سەرەتای تەمەنی هەرزەكاریدا گۆڕانكاری لە منداڵاندا دەردەكەوێت، بە گشتی لەڕێی هەڵسوكەوتیان لەگەڵ كەسانی دیكە، بە تایبەتی لەگەڵ دایك و باوكیان، زیاتر  هەست بە سەربەخۆیی دەكەن و گرنگی زیاتر بە شێوەی خۆیان دەدەن، زۆرجار هاوڕێ و هاوپۆلەکانیان كاریگەرییەكی گەورەیان لەسەر بڕیاردانیان دەبێت، تەنانەت لە دایك و باوك زیاتر، بۆیە پێویستە لەسەر دایکان و باوکان پێش هەموو شتێک ساڵانی هەرزەكاری خۆیان لەبیر بێت، وەک تێکچوونی مەزاج و هەستكردن بە پێگەیشتن و تەنانەت ئەو هەستە بێزاركەرەی لە تەمەنی هەرزەكاریدا لەگەڵیان بووە، هەموو ئەمانە وا لە دایك و باوك دەكەن باشتر ئامادەبن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كچە هەرزەكارەكەیاندا.

چۆنیەتی مامەڵەکردن 
*سەرەتا پێویستە رێز لە تایبەتمەندیان بگرن: بۆ ئەوەی یارمەتی كچە هەرزەكارەكەتان بدەن تا ببێتە كەسێكی بەهێز و سەربەخۆ و خاوەنی كەسایەتی خۆی، دایك و باوك دەبێت هەندێك تایبەتمەندی و رێزی پێبدەن وەک ئەو بابەتانەی پێی خۆش نییە لەلایەن كەسەوە ببینرێت، ئەگەر دایك و باوك تێبینی ئەوەیان كرد كێشەیەك روویداوە، دەتوانن پرسیار لە منداڵەكان بكەن دەربارەی تایبەتمەندی خۆیان، ئەگەر پێویست بكات، یارمەتی بدەن لە چارەسەركردنی كێشەكە، لە هەمان كاتدا دڵنیابن لەوەی كچەكە هەست بكات دایك و باوكی متمانەیان پێی هەیە.
*نیشاندانی خۆشەویستی: دایك و باوك دەبێت وریا بن لە نیشاندانی خۆشەویستی و گرنگیدان بە كچە هەرزەكارەكەیان، رەنگە رووبەڕووی كێشە ببنەوە بەهۆی نەبوونی ئارەزووی كچەكەیان بۆ نزیكبوونەوە لێیان، بەڵام پێویستە باوان بەردەوام بن لە هەوڵدان بۆ نزیكبوونەوە لێی و دەستبەرداری نەبن، خۆشەویستیش بە تەرخانكردنی كات و گوێگرتن لە قسەكانی كاتێك باسی هەر شتێك دەكات و رێزگرتن لە هەستەكانی دەردەبڕدرێت.
*هەندێك لە هەرزەكاران مەیلیان هەیە دراما بەكاربهێنن و زیادەڕەوی لە كاردانەوەكانیاندا بكەن بۆ راكێشانی سەرنجی كەسانی تر ئەوەش زۆرجار دەبێتە هۆی ناڕەحەتی بۆ دایك و باوكیان و كەسانی دەوروبەریان، بەڵام لەو دۆخانەدا دەبێت دڵنیا بكرێتەوە هەموو كەسێك وەك ئەو لە ژیانیدا بە قۆناغی هەرزەكاریدا تێدەپەڕێت، گرنگە دایك و باوكان  بەشێوەیەكی گونجاو مامەڵە لەگەڵ كچەكەیاندا بكەن.
 
یەكێك لەو شێوازانەی كە دەتوانرێت بۆ ئەمە پەیڕەو بكرێت بریتییە لە: 
- كاتێك قسە دەكات و كێشەیەكی خۆیت بۆ باس دەكات پێویست ناكات راستەوخۆ وەڵامی بدەیتەوە و كاردانەوەت هەبێت، سەرەتا پێویستە بە تەواوی گوێی بۆ بگریت تا روونكردنەوە بدات، دواتر لەسەرخۆ گفتوگۆی لەگەڵ بكە.
-پێویستە دایك و باوك رێگە بدەن كچەكەیان پێناسەی هەستەكانی بكات، یارمەتی كچەكەیان بدەن ناوێك لە هەستەكانی خۆی بنێ و دڵنیای بكەنەوە ئەوەی هەستی پێدەكات ئاساییە و قبوڵكراوە و نابێتە هۆی نیگەرانی، ئەمەش وای لێدەكات هەوڵی ئەوە بدات رێگەی نوێ بدۆزێتەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ شتەكان دوور لە كاردانەوەی زیادەڕەو. 
- دەمارگیری، هاواركردن، یان دەربڕینی بێزاری لە هەڵسوكەوتی كچێكی هەرزەكار بەزۆری دۆخەكە خراپتر دەكات، بۆیە دەبێت دایك و باوك بە تەواوی بە هێمنی مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و خۆیان لە هەر گفتوگۆیەكی توندوتیژ بەدوور بگرن، تەنانەت ئەگەر كچەكە رەفتارێكی نەشیاویش بكات، هەروەها هەركاتێك ئارام بۆوە دەتوانیت باسی بابەتەكەی لەگەڵدا بكرێت.
- بۆ كچەكەی روون بكەرەوە هەستە جیاوازەكان، توڕەیی، دڵەڕاوكێ، یان دڵتەنگی، شتێكی زۆر ئاسایین و ئاساییە هەستیان پێبكات، لەگەڵ گرنگی روونكردنەوەی ئەو هەستە خراپانە نابێت ببێتە بیانوو بۆ رەفتاری خراپ، جگە لە پێویستی فێركردنی كچی هەرزەکار كۆنتڕۆڵی هەستەكانی بکات یان فشارەکان بە شێوەیەكی دروست بەڕێوە بەرێت.
- پێویستە كچێكی هەرزەكار فێری ئەو لێهاتووییانە بكرێت كە بتوانێت كێشەكان خۆی چارەسەریان بكات، ئەمەش بە ئاڵوگۆڕكردنی بیرۆكە لەگەڵیدا و گفتوگۆكردن لەسەر ئەگەرە جیاوازەكان بۆ بابەتەكان و ئەو هەنگاوانەی دەتوانرێت بگیرێتەبەر بۆ زاڵبوون بەسەر شتێكدا.

سەرچاوە:الموضوع

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان