قفڵی خۆشەویستی

10:53 - 2023-12-03
دووتوێ
175 جار خوێندراوەتەوە

 

لە هەندێ شاری جیهان بەتایبەتی لەسەر پردو چێورمەو شوێنە گشتیەکان کۆمەڵێک قفڵی داخراومان بەرچاو دەکەوێ، هەندێکیان ناوی کچ وکوڕێک یان دوو پیتی یەکەمی ناویان یان وێنەی دڵێکی لەسەر نەخشێندراوە، ئەوانە قفڵی یارو دەستگیران و عاشقانن کە رۆژێک لەڕۆژان بەوێدا رەت بوون و وەک هێماو رەمزی مانەوە و بەردەوامی دڵداری و گۆڕینەوەی سۆزو وەفا بۆ یەکتر ئەو پارچە ئاسنەیان لەوێ بەجێهێشتووە، قفڵە ژەنگاویەکان هێمای بیرخستنەوەی رێبوارانی رێی عەشق و سۆزدارییە، قفڵەکان دەبنە یادگاری جوان، ئەوانەش کە جیابوونەتەوە، بەهۆیەوە بیری ئەو رۆژانە دەکەنەوە ئەو قفڵە بۆتە مێژووی ئەو ساتانەی تێپەڕبوون و ئیدی ناگەڕێنەوە.

لەچیەوە هاتووە؟
مێژووی قفڵی خۆشەویستی بۆ سەروبەندی جەنگی جیهانی یەکەم دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەفسەرێکی سربی کچە مامۆستایەکی خۆشدەوێت و هۆگری یەکتر دەبن، پاش ماوەیەک ئەفسەرەکە دەچێتە شەڕی یۆنان و بەیەکجاری لە مامۆستاکە جیادەبێتەوە و ئیدی نایبینێتەوە، ئەمە بارێکی دەروونی بۆ کچەکە دروست دەکات و نەخۆش دەکەوێت، بەو هۆیەوە لەداخا سەر دەنێتەوە، سەربردەی  خۆشەویستی ئەو کچە لە سربیا دەبێتە نموونەی وەفا و دڵسۆزی و خۆشەویستی، کچان و کوڕان یادی دەکەنەوە، لەپای وەفای ئەو کەسە ناوی خۆیان و خۆشەویستەکەیان و ئەو کچەش لەسەر قفڵ دەنووسن و هەڵی دەواسن.
کەلتورێکی سەد ساڵە
وەک دەگێڕنەوە لەدوای جەنگ خوێندکارانی ئەکادیمیای پزیشکی سان جۆرجیۆی ئیتالیا کاتێک وەرزی خوێندنەکانیان تەواوکردووە چون قفڵیان لەسەر رێڕەوی ئاسنینی پردی « بۆنتی فیگیۆ» داناوە تەنها بۆ یادگاری خۆیان، دواتر دڵدارەکان چون لەسەرئەو پردە و هی تر ئەو قفڵە داخراوانەیان بەجێ بهێشتووە و ناوی خۆیان لەسەر نووسیوە، کلیلەکانیشیان خسۆتۆتە ناو رووبارەکەوە، ئەوە لە ئەدەب و هونەردا رەنگی داوەتەوە و لە رۆمانی پڕ فرۆشی» سێ مەتر لەسەر ئاسمان» ی رۆماننووسی ئیتالی «فیدیریکۆ مۆتشیا» و رۆمانی «من بەتۆوە سەرسامم» باسکراوە و دواتر کراوەتە فیلم و خەڵک پێی ئاشنابووە، لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە شارە گەورە و پایتەختەکانی ئەوروپا ( پاریس، رۆما، ئەمستردام، پراگ، ڤیەننا... هتد) بۆتە باو.

قفڵ پردەکان دەڕوخێنێت
ئەو کلتورە گەیشتە هەموو جیهان و لەسەر زۆربەی پردە گەورەکانی وڵاتانی وەک ئەمریکا، چین، کەنەدا، ئستورالیا و شوێنی تر ئەو قفڵانە دەبینین، لە سربیا ماوەی 100 ساڵە لەسەر پردێک کە بە «پردی خۆشەویستی» یەوە ناونراوە تائێستاش قفڵە ژەنگاویەکان ماون، لە کۆڵنی ئەڵمانیا لەسەر پردی» هوهولزولرن زیاتر لە 40 هەزار قفڵ هەڵواسراون، بەهەمانشێوەش لە شارەکانی ئێرفۆرد و هامبۆرگ و بەرلین و لوبێک، پردێکی هایدلبێرگ ئەوەندەی قفڵ پێوەیە واخەریکە دادەڕمێت، بۆیە بڕیاریانداوە بیانخەنە  ئاسنەکانی لێواری ئاوەکە، لە 2017 ئەو قفڵانە پردێکی رۆمایان روخاند لەوکاتەوە شارەوانی ئاسنی پۆڵای پتەوی لە شوێنی تایبەتی ناو هەندێ شار داناوە بۆ گەنجەکان تا قفڵی پێوەبکەن .

سەرچاوە: Bild

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان