تەنیایی تەنها بۆ خودا باشە

10:55 - 2023-12-03
دووتوێ
215 جار خوێندراوەتەوە

لە کوردەواریدا وتراوە کەس ناتوانێت بەرگەی تەنیایی بگرێ و ئەوانەی بە تەنیان هەمیشە گۆشەگیرو خەمبارن، هەر بۆیە وتویانە تەنیایی تەنها بۆ خودا باشە، تازەترین توێژینەوەی زانستی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانا سەلماندویەتی ئەوانەی زۆربەی کاتەکان بەتەنیا دەژین و بەرکەوتەیان لەگەڵ خەڵکی تر کەمە تووشی زۆر لە نەخۆشیەکانی وەک شەکرە و جەڵتەی دڵ و دەماغ دەبن، توێژینەوەکە لەسەر 3300 کەس کراوە کە بەتەنیا دەژین، بۆ ماوەی 10 ساڵ بە بەردەوامی پشکنینیان بۆ کردوون و لەژێر چاودێریدا بوون، سەرئەنجام بۆیان دەرکەوتووە رووبەڕووی ئاستەنگی تەندروستی بوونەتەوە و گۆشەگیرییەکەیان وای لێ کردوون بە تەواوی نەخۆش بکەون.
هۆکاری جەڵتەیە
ئەو زانایانە لە توێژینەوەکەیاندا دەڵێن زۆرینەی ئەوانەی تەنیان لەناو جەستەیان مادەی کۆرتیزۆن زیاد دەکات ئەمەش وادەکات لێدانی دڵیان خێراتر بێت لە ئاسایی و فشاری خوێنیان بەرزتر بێتەوە، لەگەڵ بوونی بۆشایی خەڵکانی تر و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان ئەو بارەیان هەر بەردەوام دەبێت و لەوانەیە تووشی سەکتەی دڵ یان مێشک ببن، بە پێچەوانەی ئەوانەوەی ئەوەنەی بەرکەوتەیان لەگەڵ کەسانی تردا باشە دڵیان خۆشە و کاتێک تووشی دڵتەنگیش دەبنەوە، هەوڵ دەدەن خۆشەویستێکیان ببینین و ئەو ئازارەی لە دڵیاندایە بە گفتوگۆ و باسکردن دەریبکەن و بحەوێنەوە، زۆر لە توێژینەوەکانی تریش کە لەسەر نەخۆشی شەکرە کراون دەرکەوتووە هۆکاری سەرەکی ئەو نەخۆشییە تەنیاییە، چونکە ئەوکەسانە تەمبەڵن و کەمتر وەرزش دەکەن تاقەتی قسەیان نییە و کاتێک گفتوگۆش نەبێت کەسەکە جوڵەی کەمتر دەبێتەوە و ئەمەش هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕیژەی شەکرە لەناو خوێندا.

پەیوەندی باش دڵ هێوردەکاتەوە
لەسەر ئەو بابەتە پرۆفیسۆر   Kai Kahl مامۆستای زانکۆی هانۆڤەری ئەڵمانیا دەڵێت: هەموو ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ پێویستیان بە بەرکەوتنی خەڵکانی ترە بەتایبەتیش دڵ، کە ئەندامێکی هەستیارە و سۆزی قووڵی تێدایە و لەگەڵ خۆشەویستی بۆ کەسێکی تر دەبوژێتەوە و ئارامتر لێدەدات، دەشڵێت پەیوەندی کۆمەڵایەتی وادەکات مرۆڤ تەندروستی باشتر بێت لەوانەی لە پەیوەندی خراپدان یان بەتەنیا دەژین.
سەرچاوە: گۆڤاری Stern

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان