ئسپانیا و ئیتالیا لە قورسترین گروپدان

11:13 - 2023-12-05
وەرزش
130 جار خوێندراوەتەوە

پاڵاوتنی هەڵبژاردەكانی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە یۆرۆی 2024 - ئەڵمانیا كۆتاییهات و 21 هەڵبژاردە دەركەوتن كە بەشداریی دوا یارییەكانی دەكەن.
شەوی شەممەی رابردوو قورعە بۆ دوا یارییەكانیش كراو سەرجەم هەڵبژاردەكان بەمشێوەیە بەسەر 6 گروپدا دابەشكران:
*گروپی یەكەم (ئەڵمانیا، سكۆتلەندا، هەنگاریا، سویسرا).
*گروپی دووەم (ئیسپانیا، كرواتیا، ئیتالیا، ئەلبانیا).
*گروپی سێیەم (سلۆڤینیا، دانیمارك، سربیا، ئینگلتەرا).
*گروپی چوارەم (یەكەمی پلەی ئۆفی A، هۆڵەندا، نەمسا، فەرەنسا ).
*گروپی پێنجەم (بەلجیكا، سلۆڤاكیا، رۆمانیا، یەكەمی پلەی ئۆفی B).
*گروپی شەشەم (توركیا، یەكەمی پلەی ئۆفی C، پورتوگال، چیك).

گروپی ئاگرین
لە پەراوێزی ئەنجامی قورعەكەدا ئەوە دەركەوت كە ئیسپانیا و ئیتالیا و كرواتیا و ئەلبانیا كەوتنە گروپێكەوە و بە گروپی ئاگرینی ئەم یۆرۆیە دیارییكرا. 
ئیسپانیا و ئیتالیا دوو هەڵبژاردەی ناودار و بەهێز و خاوەن مێژوون، چەندین یاریزانی ناوداری ئەو دوو وڵاتە بۆ هەڵبژاردەكانیان یاری دەكەن، كرواتیاش بە ئەسپی گرەو دادەنرێت و هەمیشە ركابەری سەرسەختی هەڵبژاردە بەهێزەكانی جیهان بووە چ لە پاڵەوانێتییەكانی ئەوروپا و چ لە مۆندیالەكانیشدا، ئەلبانیاش لەم پاڵاوتنانەی یۆرۆدا بەسەركردایەتی سیلڤینهۆی بەرازیلی یەكێكە لە هەڵبژاردە سەختەكان و بە یەكەمی گروپەكەی گەیشتۆتە ئەم یۆریە.
ئەڵمانەكان لە گروپی یەكەمدا تاڕادەیەك ئەركیان سەخت نییە لەبەر ئەوەی دەتوانێت بەربەستی سكۆتلەندی و هەنگاریی و سویسرییەكان ببڕێت و بگاتە قۆناغی دووەمی یارییەكان، ئینگلتەراش بە هەمان شێوە سلۆڤینیا و دانیمارك و سربیای لەگەڵدایەو ئەركی ئاسانە، گروپی چوراەم دووەم قورسترین گروپە، هۆڵەندا و نەمسا و فەرەنسیییەكان لەخۆ دەگرێت، پورتوگالیش كەوتۆتە گروپێكی ئاسانەوەو چیك و توركیای لەگەڵدایەو یەكێك دەبێت لە ركابەرەكانی ئەم گروپە بۆ سەركەوتن بۆ قۆناغی دووەمی یارییەكان. 
لۆچیانۆ سپالێتی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتالیا سەبارەت بە ئەنجامی قورعەكە ووتی؛ ئەوەی حەزی لە یاریی تۆپی پێیە چێژ لە یارییەكانی گروپەكەی ئێمە وەردەگرن، گاریس ساوس گەیت-ی راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەراش پێخۆشحاڵی خۆی بۆ ئەنجامی قورعەكە دەربڕی، مۆرات یاكینی راهێنەری سویسراش ووتی من بە شەوقەوە چاوەڕوانی یاریی خۆمان و ئەڵمانیا دەكەم.

بەرنامەی یارییەكان
بەپێی بەرنامەی دانراو بۆ دوایارییەكان، دەبێت 24 هەڵبژاردە بەشدارببن، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا وەك وڵاتی میوانداریكەر یەكەم هەڵبژاردەی بەشدارە، لە پاڵاوتنەكانیشەوە 20 هەڵبژاردە كە سەرجەم یەكەم و دووەمی گروپەكانن گەیشتنە دوا یارییەكان بەمشێوەیە:
*گروپی یەكەم                               (ئیسپانیا)(سكۆتلەندا).
*گروپی دووەم(فەرەنسا)(هۆڵەندا).
*گروپی سێیەم(ئینگلتەرا)(ئیتالیا).
*گروپی چوارەم(توركیا)(كرواتیا).
*گروپی پێنجەم(ئەلبانیا)(چیك).
*گروپی شەشەم(بەلجیكا)(نەمسا).
*گروپی حەوتەم(هەنگاریا)(سربیا).
*گروپی هەشتەم                       (دانیمارك)(سلۆڤینیا).
*گروپی نۆیەم(رۆمانیا)(سویسرا).
*گروپی دەیەم                              (پورتوگال)(سلۆڤاكیا).

پلەی ئۆف
بۆ دیارییكردنی سێ هەڵبژاردەكەی تر، یوفا سیستمی یارییە بەراییەكانی پیادە كردووە، ئەم سیستمەش بریتییە لەوەی 12 هەڵبژاردە لە سێیەم و چوارەم و پێنجەمی گروپەكانی پاڵاوتن بەپێی پلەی ریزبەندییان لە ریزبەندیی فیفا و ئەنجامەكانیان لە نەیشنس لیگدا، دابەشی 3 گروپی نوێ كراون، پاڵەوانی گروپەكان كە دەكاتە سێ هەڵبژاردە دەبنە دوا سێ هەڵبژاردەی سەركەوتوو بۆ دوا یارییەكان. 
قورعەش بۆ یارییەكان كراوە و دوو دوو هەڵبژاردەكان بەمشێوەیە لەگروپەكانیادا پێكەوە یاریی دەكەن و براوەكان یاریی كۆتایی گروپەكەیان دەكەن و براوەی یاریی كۆتایی گروپەكان راستەوخۆ دەگەنە یۆرۆی 2024:
پلەی ئۆفی A
*وێڵز×فینلەندا.
*پۆڵەندا×ئەستۆنیا.
پلەی ئۆفی B
*بۆسنە×ئۆكرانیا.
*ئیسرائیل×ئایسلەندا.
پلەی ئۆفی C
*یۆنان×كازخستان.
*جۆرجیا×لۆكسەمبۆرگ.
یەكەم جەولەی ئەم یارییانەش رۆژی پێنجشەممە 21/3/2024 دەكرێت، سەبارەت بە خشتەی یارییەكانی یۆرۆش، رۆژی هەینی 14/6/2024، بە یاریی نێوان ئەڵمانیای میواندارییكەر و سكۆتلەندا كە یەكەم یاریی گروپی یەكەم دەبێت، كاروانی یارییەكان دەكەوێتە  ڕێ و ئیتر رۆژانە یارییەكان بەردەوام دەبن.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان