ئامادەکردنی: گوڵەباخ
26 -27/ 4 / 2024 وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشدارییەکی کارای لە کۆڕبەندی سۆسیال دیموکراتی جیهانی عەرەبیدا کرد کە لە عەممان پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو.
وەفدەکە پێکهاتبوون لەهەریەک فریال عەبدوڵڵا قادر سەرۆکی وەفدەکە، چرۆ سابیر ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکان، کاروان کاکل پەیامنێر و راگەیاندنکار.
خاتوو فریال تایبەت بە کوردستانی نوێ وتی ئێمە وەک نوێنەرانی یەکێتیی بە سێ تەوەر بەشداربووین.
یەکەمیان روونکردنەوەی هەڵوێستمان بوو سەبارەت بە مەسەلەی فەلەستین، دووەمیان باسکردنی گرنگترین مەسەلەکانی پێنج ساڵی رابردوو بوو، ئاماژەمان بە تەحەدییاتەکاندا و روونمانکردەوە چیمان کردووە بۆئەوەی رۆڵمان لە گۆڕانکارییەکاندا هەبێت.
ئەوخاڵەشمان خستەڕوو کە لەپێشینەی کارەکانمانە.
یەکێ لەوخاڵانەی جەختمان لەسەرکردەوە، پێشێلکارییەکانی سەرخاک و ئاسمانی هەرێمی کوردستان و سیادەی عیراقە کە لەلایەن وڵاتانی ئیقلیمییەوە بۆردومان دەکرێین و دامەزراوە مەدەنییەکانمان و ماڵی هاووڵاتییەکانمان کەوتوونەتە بەر هێرشی بۆمباران.
بێجگە لەوەی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان ئێران و ئەمریکا کاریگەریی نێگەتیڤیان لەسەر ناوچەکە و هەرێمیش داناوە.
ئێمە پێمان وایە ئارامی و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان، ئارامی و ئاسایشە لە عیراقدا، لە بەغداش بەهەمان شێوە ئەمن و ئاسایش هەبێت، بەمانای ئەوەدێت لە هەرێم ئەمن و ئاسایش هەیە.
سەرپەرشتیارانی کۆڕبەندەکە ئەم خاڵەیان هێندە بەلاوە گرنگ بوو لە بەلاغی کۆتایی دا جێگیرکرا.
لە تەوەرێکی تردا باسمان لەو غەدرەش کرد کە لە شاری سلێمانی و فڕۆکەخانەی شارەکە دەکرێت، لەلایەن تورکیاوە بە راگرتنی گەشتی فڕۆکەوانیی لە سلێمانییەوە بۆ تورکیا و بە پێچەوانەوە.
هەموو ئەمانەش کاریگەرییان هەیە لەسەر هاووڵاتیان و ئابووریی هەرێم.
لە درێژەی وتەکەمدا باسی رۆڵی یەکێتیم کرد کە چۆن لە عیراقدا بووینەتە هەوێنی ئاشتی و تەبایی بەتایبەتی لە نێوان هێز و لایەنە عیراقییەکاندا، چۆن پاش هەڵبژاردنەکانی 2021 ی عیراق چووە دۆخی چەقبەستوویی سیاسییەوە، بەڵام بە هەوڵ و رۆڵی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی توانرا وەک چۆن هەڤاڵ مام جەلال بە سەمامی ئەمانی عیراق دادەنرا، بە هەوڵی هەموان یەکێتی هەوڵیداوە هەمان رۆڵ ببینێت لە نێوان پێکهاتەکاندا، وامانکرد حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی پێکبێت، کە ئەمانە سەروەرین بۆ یەکێتی.
باسمان لەو غەدرەش کرد کە لە سلێمانی و فڕۆکەخانەی شارەکە دەکرێت
خاتوو فریال لەقسەکانیدا بۆ کوردستانی نوێ وتی: بەبیری ئامادەبووانم هێنایەوە کە ئێمە وەک یەکێتی هەر لە سەرەتاوە دوای روخانی سەدام، جێ پەنجەمان دیاربووە لە نووسینەوەی دەستووردا کە مافی پێکهاتە نەتەوەییەکانی عیراقی تێدا پارێزراوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەومەرجەی وەکو خۆی جێبەجێبکرێت.
هەرئێمەش بووین دیموکراسیی تەوافوقیمان چەسپاند و ئەو هەوڵەمان پەکخست کە هەبوو بۆ سەپاندنی رای زۆرینە.
هەر لە وتەکەمدا باسی هەڕەشەکانی داعشم کرد، هاوپەیمانان رۆڵی گەورەیان هەبووە لە هاوکاریی کردنماندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، کەچی بە درۆن لە هێزی هاوپەیمانان دەدرێت بەو بیانووەی گوایە پاڵپشتی ئیسرائیلن.
سەبارەت بە ئاستی ناوخۆی حزب وتم: ئێمە حزبێکین کۆنگرەی پێنجەمی خۆمان لە سێپتەمبەری ساڵی پاردا بەستووە. تیایدا رێژەی 25 % ی بەشداریی ژنان لە پەیڕەوی ناوخۆی حزبدا چەسپێنراوە کە خواستی ئێمە لەم رێژەیەش زیاترە.
خوشبەختانە ژنان توانیویانە بە باشی لەناو یەکێتیدا رۆڵیان هەبێت، هەروەها لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و ئۆرگانەکانی حزب و رێکخراوەکانیشیدا بەهەمان شێوە. دوا قسەشمان لە کۆڕبەندەکەدا داواکردنی ئەوەبوو بایەخ بە رێکخراوە مەدەنییەکان و ژنان و گەنجان بدرێت.
پێشنیازیشمان بۆ کردن کۆڕبەندی داهاتوویان لە سلێمانی بێت.
لە پەڕاوێزی کۆڕبەندەکەدا وەفدەکەی یەکێتی چاوی بە ژمارەیەک رێکخراو و کەسایەتی، عەرەبی و ئەوروپی کەوت، لەوانە پارتی سوسیال دیموکراتەکانی ئوردن، هۆڵەندا، تونس، جەزائیر، میسر و چەن وڵاتی دیکە.
لە پاشاندا لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی پێشووی سوید ئاننا لیندا دانیشتنێکمان کرد و سەبارەت بە دۆخی سیاسی و مەسەلەی هەڵبژاردن و ئامادەیی یەکێتی و زۆرێک لە حزبەکان بۆ هەڵبژاردن و بەشداریی نەکردنی یەک لایەن لەناو هەمووپارتە سیاسییەکانی کوردستاندا گفتوگۆمان کرد.