کەرکوک شادەمارى پێگەى کوردستانیبوونە

12:19 - 2023-12-06
دووتوێ
326 جار خوێندراوەتەوە

پێشڕەو مەلاوەیسی

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووى کورد بدەینەوە، نەیارەکانى کورد لەسەر هەموو مافێکى نەتەوەیى سازشیانکردووە، بەڵام  کەرکوک ئەو شارە کوردستانییە بووە کە نەک وەک خاک و بەشێک لە خاکى کوردستان نەیانبینیوە، بگرە هەوڵى تەواویشیان داوە کوردە رەسەنەکەى بە شێوەى راگواستن و گۆڕینى ناسنامەى نەتەوەیى بکەنە کەمینە، بۆیە لە سەرەتاى  شۆڕشى نوێى گەلەکەمانەوە لە هیچ دۆخێکدا سازشى لەسەر بستێک خاک و مافى خەڵکەکەى نەکردووە، بڕواشى بە پێکەوەژیانى سەرجەم نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکان بووە، بەڵام لە چوارچێوەى کەرکوکى کوردستانیدا.
ئێستا کورد لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکاندا وەک گەلێکى زوڵملێکرا و خاک داگیرکراو دەیەوێت لە رێگەى دەستوور و بە شێوەیەکى دیموکراسییانە لە چوارچێوەی هەڵبژاردندا کوردستانیبوونى کەرکوک و ئەو سنوورانە بەدەستبهێنێتەوە و بە یار و نەیار بڵێت کەرکوک خاکى کوردستانە و پێویستە لەڕووی ئیداریشەوە کوردێک بەرپرسی بەڕێوەبردنی بێت. 
بۆیە لە دواى شانزە ساڵ لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان وابڕیارە لە 18/12ى ئەمساڵ  دووەم هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنێکی نوێ بکرێت، باشترین دەرفەتە لەبەردەم  گەلی کورددا، تا کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بگەڕێنێتەوە باوەشى هەرێمى کوردستان، ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە بۆ پارێزگاکانى ترى عیراق ئاسایی بێت، ئەوا بۆ کەرکوک و کورد چارەنووسسازە و سەلماندنى خاوەندارێتی خاکەکەشە و سەندنەوەى مافە بۆ خاوەن ماف، هەر ئەوەندەش نا، بگرە بۆ پێگەى هەرێمى کوردستانیش گێڕانەوەى سەنگە چ لەسەر ئاستى ناوخۆیى عیراق و چ لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى. دەکرێ لەو روانگەیەوە بڵێین کەرکوک شادەمارى پێگەى خاک و خەڵکی کوردستانە بە گشتى، دەنگدان بە لیستە کوردستانییەکان و کاندیدە کوردەکان هیچى کەمتر نییە لەو پێشمەرگەیەی لە سەنگەردا گیانى خۆى فیداى خاک و گەلەکەى کردووە و دەکات، بە تایبەتی دەنگدان بە لیستى ١٤٢ى هاوپەیمانى کەرکوک هێز و ئیرادەمانە و کاندیدەکانى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان، چونکە یەکێتی تەنها حزبى کوردستانە کە لە هیچ بارودۆخێکدا خاک و خەڵکى کەرکوکى بە جێنەهێشتووە و رادەستى قەدەرى نەکردوون، باشترین و نزیکترینیان، ڕووداوەکانى ساڵی  2017یە، کە یەکێتى توانى بە سیاسەتێکى سەردەمیانە و دنیابینى راستەقینەى نەتەوەییەوە کەرکوک و خەڵکە ماندوونەناسەکەى بپارێزێ لە ماڵوێرانى، بەوەش یەکێتى توانى بە سیاسەتێکى حەکیمانە رێگە لەو ئەجنێندا خراپانە بگرێت کە بۆ شارەکە ئامادەکرابوو، هەروەها خەڵکەکەشى بە جێنەهێشت و بۆوە بە هیوا بۆ بێهیواکانى ئەو شارە.
ئێستا، روو دەکەمە خەڵکە تێکۆشەر و ستەمدیدە و خۆڕاگرەکەى کەرکوک و دەڵێم: ئێوە خۆتان لە هەموو کەس باشتر تێدەگەن ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا کورد شکست بهێنیت، ژیان بە چ ئاراستەیەک دەگۆڕێ و دەگوزەرێت، بۆیە باش دەزانم ئەو رۆژە دەکەنە کەرنەڤاڵى سەرکەوتن و هەمووتان بە جلى کوردییەوە دەچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان سەوزپۆشی دەکەن و تاجى سەرکەوتن دەخەنە سەر سەرى  قەڵا و ئاڵاى پیرۆزى کوردستانیش بۆ جارێکى دى رادەستى پەیکەرى پێشمەرگە دەکەنەوە، ئەو سەرکەوتنەشتان دەکەنە ملوانە و دەیکەنە گەردنى دایکى شەهیدان و رۆحى شەهیدانیش شادەکەن، کە دڵنیاشم وادەکەن، لیستى ١٤٢ى هاوپەیمانیى کەرکوک هێز و ئیرادەمانە بۆ ئێستاى کەرکوک و داهاتووەکەی گرنگە و ئەو لیستەیە کە کاندیدەکانى هەڵقوڵاوى ناو ئێش و ئازارەکانى کەرکوکن و خەمخۆرى راستەقینەى شارەکە و خەڵکەکەشى دەبن، هەربۆیە دەبینین بەشێک لە لایەنگرانی حزبەکانى تریش بە چاوی کوردایەتییەوە دێنە پاڵ ئەو لیستە و یەکێتی وەک فریادڕەس و حزبى ئاڵاهەڵگری سەرڕاستی کوردستانیبوونی کەرکوک لە رابردوو و ئێستا و ئایندەى کەرکوک دەبینن.
لەمێژیشە سەرۆک مام جەلال وتوویەتى «کلیلى چارەسەرکردنى مەسەلەى کورد کەرکوکە و فەقەت کەرکوکە و هەر کەرکوکیش دەبێت».

بابەتە پەیوەندیدارەکان