ئاکار نەجم
سینه‌مای سویدی وه‌ك زۆرێك له وڵاتانی رۆژئاوا خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری به‌توانایه، گه‌لێك فیلمی سه‌ركه‌وتوویان هه‌یه، یه‌كێك له‌و ئه‌كته‌رانه، هێلێنا ماتسۆنه، كه له چه‌ندین فیلمی ئه‌مریكی و سویدیدا رۆڵی بینیوه، ئه‌م خانمه‌ی سینه‌مای سویدی وه‌ك زۆرێك له ئه‌كته‌رانی ئه‌وروپا بۆ پیشه‌سازی فیلم سنووری وڵاته‌كه‌ی بڕیوه، چه‌ند ساڵێك له له‌نده‌ن هونه‌ری نواندنی خوێندووه و پاشان رووی له ئه‌مریكا كردووه. له‌وێ ده‌ستی به كاری نواندن كردووه و له چه‌ند فیلمێكدا رۆڵی بینیوه.
هێلێنا ماتسۆن ئه‌كته‌رێكی سویدی-ئه‌مریكی ساڵی 1984 له ستۆكهۆڵم له‌دایكبووه. له مێردمنداڵییه‌وه ده‌ستی به كاری نواندن كردووه، له ساڵی 2005 رووی له دنیا هونه‌ری نواندن كردووه. له شانۆنامه و میوزیكاڵ و كۆنسێرته‌كاندا به‌شداری كردووه. له قوتابخانه‌ی ناوه‌ندیی سه‌ره‌وه‌ی سۆدرا لاتینی له شاری سۆده‌رماڵم خوێندنی نواندنی ته‌واو كردووه. له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا رووی له له‌نده‌ن كرد بۆ ئه‌وه‌ی بچێته قوتابخانه‌ی شانۆ. له ته‌مه‌نی 19 ساڵیدا بۆ كاری هونه‌ری زنجیره درامایه‌ك رووی له هۆڵیوود كرد.
دوای چوونی بۆ ئه‌مریكا و كاركردن له سینه‌مای ئه‌مریكیدا له‌وێ مایه‌وه، توانی وه‌ك هاووڵاتییه‌كی ئه‌مریكی درێژه به ژیان و كاری هونه‌ری خۆی بدات. له چه‌ندین زنجیره دراما و چه‌ندین فیلمی دیاردا رۆڵی گێڕاوه. یه‌كێك له‌و فیلمانه‌ی رۆڵی تێدا بینیوه، فیلمی من و تۆیه. فیلمێكی درامییه له ساڵی 2008 به‌رهه‌مهێنراوه، له ده‌رهێنانی رۆلاند جۆفێیه. فیلمه‌كه وه‌شانێكی خه‌یاڵی رووداوه راسته‌قینه‌كان نیشان ده‌دات. له‌م فیلمه‌دا میشا بارتۆن، ئه‌نتۆن یێلچین، چارلی كرید-مایڵز، هێلێنا ماتسۆن، ئه‌لێكسانده‌ر كالوژسكی، برۆنسۆن پینچۆت و شانتێل ڤانسانتن به‌شدارن.
فیلمه‌كه باس له كچێكی هه‌رزه‌كار ده‌كات به ناوی لانا، له شارۆچكه‌یه‌كی روسیاوه ده‌چێته مۆسكۆ، به ته‌واوی ئاگاداری ئه‌وه نییه كه ناسینی كچه هاوڕێیه‌كی ئینته‌رنێت به‌ناوی جانی، له ئه‌نجامدا زنجیره‌یه‌ك سه‌رگه‌رمی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت. فیلمه‌كه باس له جانی ساوه‌ر ده‌كات، كه هه‌رزه‌كارێكی ئه‌مریكییه، به‌هۆی كاره‌كه‌ی باوكییه‌وه ناچاره له مۆسكۆ بژی. جانی له رێگه‌ی خۆشه‌ویستی قووڵی بۆ مۆسیقا و ئینته‌رنێت هه‌وڵده‌دات له ژیانی ته‌نیایی خۆی له مۆسكۆ رزگاری بێت. جانی و لانا ستاركۆڤا له سایتێكی هه‌وادارانی گرووپی پۆپ-باند یه‌كتر ده‌بینن.
یه‌كێكی دیكه له‌و فیلمانه‌ی هێلێنا رۆڵی تێدا بینیوه، فیلمی جێگره‌وه‌كانه، فیلمێكی ئه‌كشنی زانستی خه‌یاڵی ئه‌مریكییه و له ساڵی 2009 به‌رهه‌مهێنراوه، له‌سه‌ر بنه‌مای زنجیره كتێبی كۆمیكی جێگره‌وه‌كان، فیلمه‌كه ده‌رهێنانی جۆناسان مۆستۆنه. چه‌مكی سه‌ره‌كی فیلمه‌كه سه‌نته‌ری كوشتنی نهێنی خوێندكارێكی كۆلێژه، په‌یوه‌ندی به‌و پیاوه‌وه هه‌یه كه یارمه‌تی دروستكردنی دیارده‌یه‌كی جێگره‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای به‌رزی داوه رێگه به خه‌ڵك ده‌دات رۆبۆتی مرۆڤ هاوشێوه‌ی كۆنترۆڵكراو له دووره‌وه بكڕن و له رێگه‌یه‌وه كارلێك له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگادا ده‌كه‌ن. ئه‌م رۆبۆته گونجاو و سه‌رنجڕاكێش و له دووره‌وه كۆنترۆڵ ده‌كرێن له كۆتاییدا رۆڵی ژیانی خۆیان ده‌گرنه ئه‌ستۆ، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات مرۆڤه‌كان له ئاسووده‌یی و سه‌لامه‌تی ماڵه‌كانی خۆیانه‌وه به جێگره‌وه ژیان ئه‌زموون بكه‌ن. هێلینا و چه‌ند ئه‌كته‌رێك له‌م فیلمه‌دا رۆڵ ده‌گێڕن.