كەشتییەكەی سیسیۆس

گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

09:32 - 2024-05-02
ئەدەب و هونەر
595 جار خوێندراوەتەوە


ئاوات ئەحمەد سوڵتان

(1)


سەرەتایەك
هەوڵدەدەم بەخێرایی پێناسەیەك بۆ فەلسەفە بكەم؛ ئەو پێناسەیەش لە دوو رووەوە دەخەمەروو:
سەرەتا لە رووی زاراوەسازییەوە (ئێتیمۆلۆجی)؛ كە یاریدەدەرمانە بۆ ئەوەی بزانین وشەكە 'فەلسەفە' لە زەمینەی رەسەنی خۆیدا چ مانایەكی هەبووە؛ رەگوڕیشەكانی چین و چۆن بووە بەم وشەیەی ئێستا دەیزانین. پاشانیش دەچمە ناو ئەكادیمیاوە و لەوێوە دەڕوانمە وشەكە، ئەمیشیان یارمەتیمان دەدات تا بزانین لە رۆژگاری ئەمڕۆدا وشەی فەلسەفە چ مانایەكی هەیە. هەروەها خوێندنی فەلسەفە لە ئەكادیمیای مۆدێرندا چ مانایەكی هەیە.
با دەستپێبكەین، سەرەتا پێناسە ئێتیمۆلۆجییەكە. با جارێ پێناسەی خۆی بكەم:
یانی ئێتیمۆلۆجی جۆرە كۆڵینكارییەكە، ئاركیۆلۆجیای زمانە، تێیدا بەدوای بەڵگەو نیشانە و شوێنەواری وشەكاندا دەگەڕێین. ئێستا! كە سەیری وشەی 'فەلسەفە' دەكەین، دەبینین لە ئەسڵدا لە دوو وشە دروستكراوە: خۆشەویستی (فیلییا)+ دانایی(سۆفییا) یانی بەخێرایی بڕوانین وشەكە مانای 'خۆشویستنی داناییە'. هەر خۆی زۆرجاریش سۆكرات بە 'خاتوو فەلسەفە' بانگی دەكرد. وەك وتم ئەمە مانا ئێتیمۆلۆجییەكەیەتی. بەڵام پرسیارەكە ئەمەیە: ئەم وشەیە بۆچی دروستكراوە؟ چی روویدا تا یۆنانەكان پێویستییان بەوە هەبێت وشەیەكی نوێ دابهێنن؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە ئەمەیە: بۆ ئەوەی وەسفی چالاكییەكی نوێ بكەن، شتێك كە تازە هاتۆتە ئاراوە. بەڵام هێشتا ئەمەش وردنییە، چونكە نزیكەی دووسەدە بەر لەدەركەوتنی وشەكە، مومارەسە فەلسەفییەكان هەبوون. 
دەتوانین هەنگاوێكی تریش بچینە پێشەوە و زیاتر لە وشەكە ورد ببینەوە. با سەیری بڕگەی یەكەمی وشەكە بكەین(فیلیا)، وتم مانای خۆشەویستی یان خۆشویستن دەگەیەنێت! شتێكی خۆشت پێ بڵێم: یۆنانەكان لەسەدەی شەشەمی پێش ساڵی سفرەوە فەیلەسوف و فەلسەفەیان هەبووە، بەڵام دووسەدە دواتر واتە لەسەدەی چوارەمدا وشەی فەلەسەفە بەكارهاتووە. ئەی چییان هەبووە؟ وشەی 'سۆفییا' كارەكەی دەكرد. كێشەی ئێمە لەگەڵ وشەی 'فیلییا'دایە؛ كە ئەگەر زیاتر بگەڕێینەوە بۆ دواوە دەبینین پەیوەندییەكی ئەوتۆی بەخۆشەویستییەوە نییە. بۆ نموونە لەسەدەی حەوتەم و زووتری پێش ساڵی سفردا، بەواتای لایەنگیریی، دڵسۆزیی، تاكەكان بۆ شارەكانیان بەكاردەهات. ئەمە بۆ تاكەكانی ئەو سەردەمە زۆر گرنگ بوو، كەس بێ شارەكەی خۆی نەیدەتوانی شوناسێكی هەبێت؛ مرۆڤ دەبوو سەر بە یەكێك لە خێڵەكان بێت بۆ ئەوەی وەك هاوشاریی بناسرێت. هەربۆیە زۆرجار دەبینین كە ناوی كەسێكی یۆنانی دەهێنرێت، یەكسەر بەدوایدا ناوی شارەكەشی دەهێنرێت.
یۆنان وڵاتێكی رووتەن بوو، نەیدەتوانی بژێویی بۆ هەمووان پەیدابكات، بۆیە پێوەستبوونی تاك بە خێڵ و خێڵ بەشارەوە زۆر گرنگ بوو؛ بەجۆرێك لە یەكتریی جیانەدەكرانەوە. بۆیە نەدەكرا مانای خۆشەویستییەكی سۆزیی بدەن بە وشەی 'فیلییا'، بەڵكو زیاتر پێویستییەك بوو نەك ئارەزوویەك بۆ پابەندبوون بە بابەتی گوێڕایەڵییەكەوە، كە ئەوسا هۆز / شار بوو، بۆ ئێمەش دانایی (سۆفییا)یە. بەڵام ئەگەر زیاتر ورد ببینەوە، سۆفییا / دانایی مانای چی دەگەیەنێت؟
ئەم وشەیە بە راستی تەژم و تەماوییە. تێگەیشتیش لە ماناكەی لە سەدەی شەشەمی پێش سفردا، زەحمەتە، چونكە زیاتر پەیوەندیی بە زرنگیی و شارەزایی و دەستڕەنگینییەكەوە هەبوو كە ئەوانیتر پێی سەرسام دەبوو؛ بەڵام لەگەڵ فەلسەفەدا پەیوەندیی بەجۆرە زانینێكی تایبەت و دەگمەنەوە هەیە: هەقیقەت. 
پێناسەیەكی دیكە: فەلسەفە هەوڵدانە بۆ زانینی هەقیقەت.
زانین! بەڵێ، لێرەدا بە مانای ئاستێكی بڵندتر لە را (لەڕاستیدا زۆر بڵندتر). یانی! من رام وایە ماست سپییە، شتێكە و من دەزانم ماست سپییە شتێكی دیكەیە. واتە زانین لەبەرامبەری (را) دا مانای هەقیقەت دەگەیەنێت. مەبەستم چیە؟ دەمەوێت بڵێم وشەی (سۆفییا) لێرەدا مانای ئەوە دەگەیەنێت كە بزانین شتەكان بە راستی چۆنن، نەك وابزانین چۆنن، یاخود بەڕای خەڵكانی تر چۆنن. واتە كەسی دانا دەزانێت كە هەقیقەتی شتەكان چین! بەڵام ئایا فەیلەسوف دانایە؟ كەمێكی دیكە وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەمەوە.
یانی! مرۆڤەكان هەموویان دەتوانن رایان هەبێت؛ رایەكانیش قابیلی ئەوەن راست بن یان هەڵە. واتە را بە ئاسانی پەیدا دەكرێت، زیاتر لە هەستەكانەوە سەرچاوە دەگرێت. كەسێك یان گرووپێك و بگرە سەرلەبەری كۆمەڵگا دەتوانن رایان هەبێت؛ زۆرجاریش وادەزانن رایەكەیان زانینە. وەك ئەوەی رۆژێك لە رۆژان هەمووان رایان وابوو زەوی تەختە، پێشیان وابوو ئەوە هەقیقەتە، نەك را، ئەوان دەیانزانی كە زەوی تەختە! دوایی دەركەوت كە هەڵە بوون. ئەمەش باشە، هەركاتێك دەركەوت زانینێك هەڵەیە، چیتر ئەوە زانین نییە، بەڵكو دادەبەزێتە خوارەوە بۆ ئاستی را. بۆچی؟ چونكە وەك لەسەرەوە وتم زانین هەمیشە هاومانای هەقیقەتە، یاخود بەردەوام هەوڵدەدرێت زانین هاوتای هەقیقەت بكرێت؛ یاخود لەوانەیە بڵێین زانین بریتییە لە تێگەیشتنی تەواوەتی.
رایەكان زۆرن، بەڵام زانینەكان كەم، رایەكان بە ئاسانی پەیدا دەكرێن چونكە پەیوەندییان بە هەستەكانەوە هەیە، بەڵام زانینەكان بە زەحمەت بەدەستدەهێنرێن، چونكە پڕۆسەیەكی ئەقڵیین. ژمارەیەكی زۆری مرۆڤەكان دەتوانن رایان هەبێت، بەڵام ژمارەیەكی كەم لەو رایانە قابیلی ئەوەن پەرەیان پێبدرێت و بەڕێبخرێن بەرەو زانین. ئەم قسەیەتان بیستووە: ئەوەی دەزانێت دانایە! ئێستا كاتی ئەوەیە گفتوگۆی ئەوە بكەین كە ئایا فەیلەسوف دانایە، یان چی!
رۆژێكیان فیساگۆراس میوانی پادشایەك دەبێت و بەخێرهاتنی لێدەكەن: 'بەخێربێیت جەنابی دانا (سۆفۆی).' ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت 'تەنها خوا دانایە، من حەزم لە داناییە، دۆستی داناییم. من سۆفۆی نیم، بەڵكو فیلییاسۆفییام.' واتە من دانا نیم، بەڵكو حەزم لەداناییە، دۆستی داناییم. واو! ئەمە یەكەمین بەكارهێنانی وشەكەیە لەمێژوودا. هەرلەوێشەوە پێمان دەڵێت فەیلەسوف كەسێكە حەزی لەداناییە، بەدوایدا دەگەڕێت، بەڵام لافی ئەوە لێنادات كە هەیەتی. هەر لێرەشەوە دەتوانین لەوە تێبگەین كە بۆچی سۆكرات بەردەوام دووبارەی دەكردەوە ئەو 'هیچ نازانێت.' ئەی كێ دەزانێت؟ واتە كێ بوێریی ئەوە دەكات بڵێت من دانام؟ بێگومان، ئەوە سۆفیستە! لەشوێنی خۆیدا دەربارەی دەدوێم و دەری دەخەم كە راست ناكات.

 


كەس بێ شارەكەی خۆی نەیدەتوانی شوناسێكی هەبێت؛ مرۆڤ دەبوو سەر بە یەكێك لە خێڵەكان بێت بۆ ئەوەی وەك هاوشاریی بناسرێت

وشەكە وردە وردە بڵاوبۆوە و سەدەیەك دواتر ئەفلاتون هات و پێی راگەیاندین سۆكراتی مامۆستای یەكەمین كەسە بەخۆی وتبێت فەیلەسوف. سۆكرات بەناو ئاگۆرا (بازاڕی ئەسینا)دا دەگەڕا و خەڵكی بەگیردەهێنا و پرسیاری لێدەكردن، دەیویست دانایی بۆ خۆی بدۆزێتەوە، دەیویست بزانێت. هەروەها دەیویست یاریدەی ئەوانیتریش بدات تا بزانن، هەربۆیە بەخۆی دەووت 'پیشەی من مامانییە، رێك وەكو دایكم، بەڵام من هەوڵدەدەم هزرەكان، بیرۆكەكان، لەسەری مرۆڤەكان بهێمە دەرەوە." 
لێرەوە زاراوەی فەلسەفە و فەیلەسوف چەسپان و بوون بە یەكێك لەسیما بنەڕەتییەكانی شارستانێتی خۆراوا. فەلسەفە لە پێناسە كلاسیكییەكەیدا بەگەڕان بەدوای داناییدا، حەزكردن لەدانایی وەسفدەكرێت. لێرەدا دەمەوێت قسەیەكی دیكەش بكەم: وتم تاكەكان بێ شارەكان بوونیان نەبوو! ئێستا ئەمەشی بۆ زیاد دەكەم: شارەكان بێ فەلسەفە ناتوانن شارستانێتی بنیات بنێن. لەپاڵ ئەسینادا، سەیری شاری سپارتاش بكە؛ ئایا لەوێ شارستانێتییەك هەبوو؟
دەمەوێت بڵێم وشەی فەلسەفە وەكو خۆی بەناو هەموو زمانەكانی دنیادا بڵاو بۆتەوە، بەشێوەیەك لەشێوەكان هەموو زمانەكان هەرهەمان زاراوەی بۆ بەكاردەهێنن؛ كەچی لەم ساڵانەی دواییدا، لای خۆمان كەسێك پەیدا ببوو، دەیویست وشەكە رەتبكاتەوە و دەیوت دەبێت وشەی 'داناییزانی' بەكاربهێنین. لەبەرامبەری ئەمجۆرە هەڵوێستانەدا، جگە لەبزەیەكی تەنك،پێویست ناكات هیچی دیكە بكەین.
با لێرەدا رابوەستم و جاری داهاتوو پێناسەكەی تریان دەخەمەڕوو، واتە لەناو ئەكادیمیادا سەیری وشەكە دەكەم كە چالاكییەكانی دابەش دەبن بۆ هونەرەكان و زانستەكان، هەوڵدەدەم روونیبكەمەوە ئایا فەلسەفە زانستە، یان هونەرە یاخود هەردووكیانە، یان لەوانەیە هیچیان نەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان