احسان عباسلو
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
وشه‌ی (setting) له زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی خۆرئاوادا به مانای كات (time) و شوێن (place) دێت له چیرۆكدا. به‌داخه‌وه زۆر كه‌س ئه‌م وشه‌یه‌یان به هه‌ڵه به دیمه‌ن یان گرته (scene) لێكداته‌وه. سه‌باره‌ت به كات باسه‌كه‌ی فراوانه و له كاتێكی گونجاو‌دا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام سه‌باره‌ت به شوێن له چیرۆكدا، با سه‌ره‌تا له‌وه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین كه له نێوان دیمه‌ن یان گرته و شوێندا جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه و نابێت ئه‌م دوانه به یه‌ك شت بزانین. شوێن زاراوه‌یه‌كی گشتگیرتره له دیمه‌ن و دیمه‌ن ده‌توانێت به‌شێكی ناوه‌ندی بێت له شوێن كه كاره‌كه له‌وێدا ده‌كرێت، هه‌ڵبه‌ته ورده‌كارییه‌كه‌ی بۆ چیرۆك زۆر گرنگه. خودی وشه‌ی دیمه‌نیش له ئه‌سڵدا دوو زاراوه‌ی جیاوازه كه یه‌كێكیان (scene) و ئه‌وی تریان (stage) واته ئه‌و شوێنه‌ی نمایشی له‌سه‌ر ده‌كرێت.
به‌هه‌رحاڵ بابگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی خۆمان كه شوێنه. شوێنی چیرۆك له وڵات و شاره‌وه بگره هه‌تا بینای تایبه‌ت و ته‌نانه‌ت به‌شێكی تایبه‌تی بینایه‌كیش ده‌گرێته‌وه، ده‌كرێت جۆراو جۆر و جیاواز بێت. رۆڵی "شوێن" له چیرۆكدا ته‌نیا په‌یوه‌ندی به ده‌وروبه‌ره‌وه نییه. رۆڵی شوێن ده‌توانێت له كاره‌كته‌ر، ناوه‌ڕۆك، فه‌زا و زمانیشدا ره‌نگبداته‌وه. هه‌ستی به‌قوه‌تی شوێن یارمه‌تی خوێنه‌ر ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی باز بدات بۆ دنیایه‌كی دیكه، ئیتر ئه‌و دنیایه له رابردوودا بێت یان له داهاتوودا. بۆ هه‌ڵبژاردنی شوێن به‌باشی له چیرۆكدا به‌وردی سه‌رنجی ئه‌م خاڵانه بده:
یه‌كه‌م/ خۆت له‌و شوێنه‌دا نقوم بكه كه مه‌به‌ستته:
پێش ئه‌وه‌ی بتوانیت هه‌ستی شوێن له‌سه‌ر كاغه‌ز دروست بكه‌یت، ده‌بێت خۆت له‌و دنیایه‌دا نقوم بكه‌یت كه ده‌ینووسیت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌لات زیندوو بێته‌وه. رێگاكانی ئه‌م ئیشه بریتییه له خوێندنه‌وه‌ی به‌رفراوان، لێكۆڵینه‌وه، سه‌فه‌ر، یاده‌وه‌ری، بینین و خه‌یاڵ. له‌باره‌ی شوێنه‌وه ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه بكه‌یت. ناكرێت بڕیار له شوێنێك بده‌یت له چیرۆكدا و یه‌كسه‌ر به عه‌مه‌لی بیكه‌یت. لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌وانه‌یه رێنماییت بكه‌ن بۆ ئه‌رشیف و كتێبخانه‌كان، له كتێب و نه‌خشه و یاده‌وه‌ریی رۆژانه بكۆڵه‌ره‌وه، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بگه‌ڕێ، سه‌ردانی گۆڕستان و مۆزه‌خانه‌كان بكه، له شه‌قام و كه‌ناره‌كان پیاسه بكه. ئه‌گه‌ر كاتت نییه به‌لای كه‌مه‌وه به دوای ئه‌و سه‌رچاوانه بگه‌ڕێ كه ئه‌زموونی راسته‌وخۆی كه‌سانی تر ده‌گرنه خۆیان وه‌كو: فیلم، وێنه، به‌رهه‌می هونه‌ری، مێژووی زاره‌كی، رۆژنامه، بیره‌وه‌ری. سه‌باره‌ت به ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی خۆت لێكۆڵینه‌وه بكه. بۆ دۆزینه‌وه‌ی روونكردنه‌وه‌ی روون و واقیعی سه‌باره‌ت به ده‌وروبه‌ر، ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه بكه‌یت. ئه‌گه‌ر خه‌ریكی نووسینی چیرۆك یان رۆمانێكی مێژووییت كه به‌درێژایی ماوه‌ی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی عیراق-ئێران رووده‌دات، ئه‌و كتێبانه بخوێنه‌ره‌وه كه باسی بارودۆخی شاره‌كان ده‌كه‌ن له‌و ساڵانه‌دا. ئه‌مه یارمه‌تیت ده‌دات به‌وردی باسی رووداوه‌كانی ئه‌و رۆژانه بكه‌یت. بۆ ده‌ستكه‌وتنی وێنه‌ی باش و ده‌گمه‌ن له گۆگڵ بگه‌ڕێ. ئه‌گه‌ر بۆت كرا، سه‌ردانی شوێنه‌كه بكه و له‌و ناوه پیاسه بكه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی هه‌ست به شوێنه‌كه بكه‌یت. جاك له‌نده‌ن پێش نووسینی رۆمانی (The of the Wild-بانگی ئاژه‌ڵی كێوی) یه‌ك ساڵی له" یوكان" به‌سه‌ر برد. هه‌روا له خۆته‌وه بڕیار مه‌ده بۆ نموونه فڵان شوێن، ئه‌و شوێنه‌یه كه مه‌به‌ستمه. ده‌بێت ئاگات له ورده‌كاریی شوێنی ده‌قه‌كه‌ت بێت. له‌وانه‌یه شتێكی تێدا بێت و كه تۆ ئاگات لێی نییه و زۆر به كه‌ڵكی ده‌قه‌كه‌ت دێت.
دووه‌م/ ئاشنای هه‌ستی شوێن به:
له خۆت بپرسه: "بوون له‌و شوێنه چ هه‌ستێك ده‌به‌خشێت؟" پاشان بپرسه: "كاره‌كته‌ره‌كانی من له‌م شوێنه چ هه‌ستێكیان هه‌یه؟" پرسیاری دووه‌م زۆر گرنگه. كه‌متر له‌وه ورد ده‌بینه‌وه كه ده‌بێت شوێن بۆ كاره‌كته‌ریش گرنگ بێت. هه‌ندێك ته‌سه‌ور ده‌كه‌ن ده‌بێت شوێن دابینكه‌ری هه‌ستی فه‌زا بێت بۆ وه‌رگر و به‌س. له كاتێكدا كاره‌كته‌ری چیرۆك له‌و شوێنه‌دا ده‌ژی. كه‌واته شوێنیش بۆ دروستكردنی هه‌ست و فه‌زای چیرۆك به ئاراسته‌ی خستنه‌ژێر كاریگه‌ری وه‌رگر گرنگه و بۆ خودی كاره‌كته‌ره‌كانی چیرۆكیش گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی به مامه‌ڵه‌ی گونجاو له‌گه‌ڵیدا كاردانه‌وه‌ی پێویستیان هه‌بێت. بێگومان ده‌بێت خاسیه‌ته سۆزدارییه‌كانی شوێن بناسیت. شوێن ده‌توانێت هه‌ستی نۆستالجیای خۆی هه‌بێت. ئه‌و ناوچانه‌ی شه‌ڕیان تێداكراوه بۆ ئه‌وانه‌ی له‌و قۆناغه‌دا به‌شداری شه‌ڕیان كردووه جۆرێك هه‌ستی نۆستالجیای هه‌یه. ئه‌و وه‌رگرانه‌ی قۆناغی جه‌نگیان دیوه و به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر خۆیان خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه بن كه شه‌ڕی تێداكراوه به بیستنی ناوی ئه‌و ناوچانه به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی یاده‌وه‌ریی تاڵ و شیرینی ئه‌و رۆژانه‌یان دێته‌وه‌یاد.
سێیه‌م/ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شوێن بزانه:
شوێن ته‌نیا جێگایه‌ك نییه ببینرێت. به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی نووسه‌ران زیاتر به پێی وه‌سفی چاو بایه‌خ به شوێن ده‌ده‌ن. به‌ڵام له‌وانه‌یه هه‌ندێ هه‌ستیتر به‌هه‌مان راده و له‌وانه‌یه زیاتر توانای راكێشانی هه‌ستی خوێنه‌ریان هه‌بێت بۆ ئه‌و شوێنه. جگه‌له بینین، ده‌نگ و بۆنی شوێنیش ده‌شێت گرنگ بێت. شوێن جیا له‌وه‌ی كه ده‌كرێت ئاسایی یان تایبه‌ت بێته به‌رچاو، ده‌كرێت بۆنی ناخۆش بێت یان ده‌نگێكی تایبه‌تی هه‌بێت. جاریوایه ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندی له نێوان ده‌نگ و شوێنیش‌دا هه‌یه و ده‌نگ ده‌توانێت هه‌ستی شوێنێكی تایبه‌ت بگه‌یه‌نێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه شوێن ده‌توانێت ده‌نگێكی تایبه‌ت بخاته مێشكه‌وه، بۆ نموونه ده‌نگی قورئان خوێندن له مزگه‌وتدا.
چواره‌م/ ورده‌كارییه‌كانی شوێن زۆر گرنگن:
له جیاتی وه‌سفی گشتی شوێنێك ورده‌كارییه تایبه‌ته‌كانی ئه‌و شوێنه هه‌ڵبژێره. له‌وانه‌یه خوێنه‌ر ئه‌وه بخوێنێته‌وه كۆمه‌ڵێ باڵنده له‌و شوێنه‌دا هه‌ن، به‌ڵام كاتێك ئاماژه بۆ باڵنده‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌كه‌یت هه‌ستێكی زیاتری سه‌باره‌ت به‌و شوێنه له‌لا دروست ده‌بێت. هه‌ندێ ئاژه‌ڵ و دیارده تایبه‌تن به جێگایه‌كی دیاریكراو به باسكردنیان ئه‌و وه‌رگره‌ی ئاشنای ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌یه هه‌ستی ئه‌و شوێنه‌ی لا دروست ده‌بێت. هه‌ندێك ورده‌كاری تایبه‌تن و به جێگایه‌كی تایبه‌ته‌وه گرێدراون. بێگومان ده‌بێت سه‌رنجی ئه‌وه بده‌یت.
پێنجه‌م/ نموونه‌كانی شێوازی قسه‌كردنی شوێن زۆر كاریگه‌رن:
نموونه‌كانی شێوازی قسه‌كردن و شێوه‌زاری ناوچه‌یه‌ك نوێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌ن. له‌گه‌ڵ شێوه‌زاری هه‌ر ناوچه‌یه‌كدا نه‌ستت ئاوێته‌ی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌بێت و ده‌شێت خوێنه‌ریش بباته‌وه بۆ ئه‌و ناوچه‌یه. شوێن ده‌توانێت زۆر شت له چیرۆكه‌كه‌تدا سنووردار بكات و بیشیگۆڕێت. شوێن ده‌توانێت ره‌گه‌زه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌كو زمان و جلوبه‌رگ و ته‌نانه‌ت شێوازی باركردن و گواستنه‌وه‌ش له چیرۆكه‌كه‌دا وه‌كو ئه‌رشیف تۆمار بكات.
شه‌شه‌م/ شوێن ده‌توانێت ببێته گرێی خودی چیرۆكه‌كه:
گرنگی شوێن له چیرۆكدا به‌ڕاده‌یه‌كه هه‌ندێ جار گرێی سه‌ره‌كی یان یه‌كێك له گرێكانی چیرۆكه‌كه ده‌توانێت خودی شوێنه‌كه بێت. "هه‌زارلۆغانه‌ی دیدالیوس" شوێنێكه كه زیندانه‌كه خودی خۆیه‌تی و گرێی ژیانیشی له هه‌مان شوێندایه، یان په‌یوه‌ندی گردی سیزیف له‌گه‌ڵ كاردانه‌وه‌ی ئه‌ودا. جاریوایه هه‌ڵاتن له شوێنێك بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكی چیرۆكه‌كه‌یه و شوێن بۆ چیرۆكه‌كه رۆڵی چاره‌نووسسازی هه‌یه.
حه‌وته‌م/ ده‌كرێت شوێن خواستراو بێت:
به‌خشینی هه‌ستی ته‌نگی یان فراوانی به‌شوێنێك، یه‌كێكه له رێگه‌كانی خستنه‌ڕووی هه‌ستی چیرۆكه‌كه بۆ خوێنه‌ر. ته‌نگی شوێنێك ده‌كرێت گوزارشت له قورسی ژیان بكات و خوازه‌یه‌ك بێت بۆ ته‌نگی ژیانی كاره‌كته‌ر. جاریوایه شوێن ته‌واو ناكۆكه له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت و ته‌نانه‌ت ئه‌و جۆره شوێنه باشتر ناوه‌ڕۆك پیشان ده‌دات. بۆ نموونه له فیلمی "Birdman of Alcaraz-باڵنده‌بازی ئه‌لكاتراز"دا به‌ندكراوێك له زیندانی ئه‌لكاتراز باڵنده‌بازی ده‌كات، ئه‌و زیندانه‌ی ساڵانێك به زیندانێكی ترسناك ناسرابوو، ئازادبوون لێی كاریكرده نه‌بوو. شوێنی زیندانه‌كه مانایه‌كی زیاتری به‌و باڵنده‌بازییه به‌خشیوه، چونكه مانای ئازادی و قه‌فه‌ز ده‌كه‌ونه ته‌نیشت یه‌كه‌وه.
هه‌شته‌م/ روانینی تۆ مانای شوێن دروست ده‌كات:
شێوازی ته‌ماشاكردنی تۆ بۆ شوێنێك ده‌توانێت هه‌ستێكی تایبه‌ت به‌نیسبه‌ت ئه‌و شوێنه‌وه دروست بكات. گردێك له‌به‌رچاو بگره، ئه‌م گرده ده‌توانێت هه‌م هه‌وراز و هه‌م نشێوی هه‌بێت. ئێستا ده‌بێت بزانیت تۆ ده‌ته‌وێت كام له‌م دوو سیفه‌ته له چیرۆكه‌كه‌تدا به‌كاربهێنیت و كامیان به‌كه‌ڵكی چیرۆكه‌كه‌ت دێن. ئه‌گه‌ر بڕیاره چیرۆكه‌كه‌ت هه‌ستی سه‌ختی و ناخۆشی له دڵ و ده‌ماخی وه‌رگردا به‌جێ بهێڵێت، ده‌توانیت ئاماژه بۆ هه‌ورازی گرده‌كه بكه‌یت: "گردێك هه‌بوو كه هه‌ورازێكی سه‌ختی هه‌بوو..." یان ئه‌گه‌ر بۆ چیرۆكه‌كه‌ت پێویستت به ئاسانی و حه‌وانه‌وه هه‌یه، ئاماژه بۆ نشێوی گرده‌كه بكه: "گردێك هه‌بوو نشێوێكی له‌باری هه‌بوو ..." له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا ره‌سمی یه‌ك گردت كردووه و هیچیان هه‌ڵه نییه، به‌ڵام به‌پێی پێویستی چیرۆكه‌كه ده‌بێت سه‌یری شوێن بكه‌یت.
نۆیه‌م/ شوێن، وا ده‌كات چیرۆكه‌كه باوه‌ڕی پێبكرێت:
رێگایه‌كی باوه‌ڕپێكردنی چیرۆك ئه‌وه‌یه ئه‌و فێلانه به‌كاربهێنیت كه له حه‌قیقه‌ت نزیكی ده‌كاته‌وه. یه‌كێك له‌و فێلانه به‌كارهێنانی ناوی واقیعی و حه‌قیقییه له چیرۆكی خه‌یاڵیدا. ئه‌و ناوانه ده‌توانن له ناوی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه بگره هه‌تا ناوی شه‌قام و شوێن و هه‌رچییه‌ك بن كه له واقیعدا هه‌ن. بۆ نموونه چیرۆكه‌كه‌ت له تاران و مه‌یدانی ئینقلاب رووده‌دات. به‌كارهێنانی ناوی ئه‌و دوو شوێنه وه‌كو شوێنی چیرۆكه‌كه‌ت ده‌یكات به واقیعی و ئه‌م خاڵه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر له‌خۆیه‌وه له باوه‌ڕكردن به چیرۆكه‌كه‌ت نزیك بێته‌وه.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، هه‌ر شوێنێك خاسیه‌ت و چه‌مكی خۆی هه‌یه، بۆیه گوزارشت له مانایه‌كی تایبه‌ت ده‌كات. تۆ ده‌بێت بڕیار بده‌یت ئایا ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی تۆ واقیعییه یان خه‌یاڵی، چ شتێك به شێوه‌یه‌كی سروشتی له‌و شوێنه‌دا هه‌یه و به كه‌ڵكی چیرۆكه‌كه‌ت دێت. چی تیا نییه و پێویسته بۆی بهێنرێت. ئه‌مانه ئه‌و خاڵانه بوون كه سه‌باره‌ت به شوێن ده‌بێت له‌به‌رچاویان بگریت. هه‌ڵبه‌ته شته‌كان زۆر له‌مانه زیاترن به‌ڵام لێره‌دا ئه‌وه‌نده به‌سه.
سه‌رچاوه: www.naghdedastan.ir