داستان به‌رزان
مۆلێر یان شكسپیر؟
مۆلێر ئه‌و شانۆنامه‌نووسه فه‌ره‌نسییه‌یه كه به‌رهه‌مه‌كانی بۆ نمایشی كۆمیدیا نووسیوون، به‌ڵام كۆمیدیایه‌كی پایه به‌رزی وه‌ها كه پله‌ی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و فه‌لسه‌فییان هیچیان له شانۆنامه تراژیدییه‌كانی شانۆنامه‌نووسی به‌ریتانی شكسپیر كه‌مترنییه، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك كۆمه‌ڵگادا بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی نمایش ئامانجه‌كان خێراتر بپێكن ره‌نگه كاره‌كانی مۆلێر كاریگه‌رتربن.
مۆلێر هاوشێوه‌ی شكسپیر به‌و كۆمیدیایانه‌ی نووسیوونی و بۆ خۆیشی وه‌ك ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر رۆڵی له نمایشكردنیاندا هه‌بووه، توانیوویه‌تی پێگه‌یه‌كی تایبه‌ت به خۆی شێواز و ته‌كنیكی نووسینی تێكستی شانۆییدا ده‌سته‌به‌ر بكات و داهێنانه‌كانی بوونه‌ته بنه‌مایه‌كی به‌هێز له چۆنێتی نووسینی شانۆی كۆمیدیدا، به جۆرێك كاره‌كانی تاوه‌كو ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام له‌سه‌ر شانۆكانی وڵاتانی جیهان نمایش ده‌كرێن و ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كان بۆ خوێندنی شانۆ كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گرن، توێژه‌رانی پسپۆڕ لێكدانه‌وه‌ی نوێیان بۆ ده‌كه‌ن.
شانۆییه‌كانی مۆلێر هاوشێوه‌ی هه‌ر داهێنه‌رێكی تری دنیای شانۆ چوونه‌ته ناو كه‌لتوره جیاوازه‌كان و به زمانه جیاوازه‌كانی جیهان نمایش ده‌كرێن، وه‌ك چۆن به‌رهه‌مه‌كانی شكسپیر هه‌میشه زیندوون و بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كیین بۆ نووسینی شانۆنامه و له‌گه‌ڵ هه‌ر سه‌رده‌مێكدا ده‌توانن په‌یوه‌ندی كاریگه‌ر ببه‌ستن. ئه‌وه‌ش وا ده‌كات هه‌ر یه‌كێك له‌و داهێنه‌رانه چیتر مرۆڤی جوگرافیا بچووكه‌كان نه‌بن و په‌لبهاون بۆ كه‌سانێك كه جیهان خۆی به خاوه‌نیان بزانێت. ئه‌وه‌ی له نێوان مۆلێر و شكسپیردا جیاوازه ئه‌وه‌یه كه هه‌ریه‌كه‌یان به شێوازێكی تێكستی شانۆیی ناسراون، كه (تراژیدیا و كۆمیدیا)یه. له‌و سۆنگه‌یه‌وه مۆلێر و شكسپیر ده‌بنه دوو دیوی هه‌مان دراو كه هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌ویتریان ته‌واو ده‌كات، واته مۆلێر دیوه كۆمیكه‌كه‌ی شكسپیره و شكسپیریش وه‌ك دیوه تراژیكه‌كه زیاتر خۆی نمایش ده‌كات، ئه‌گه‌رچی له‌ته‌ك نووسینی كۆمیدیادا چه‌ند به‌رهه‌مێكی كۆمیدیاشی نووسیوه، به‌ڵام دواجار وه‌ك تراژیدیانووس ده‌كه‌وێته‌وه.
تراژیدیا یان كۆمیدیا؟
تراژیدیا و كۆمیدیا ئه‌و دوو چه‌شنه‌ن له شانۆنامه كه بوونه‌ته بنچینه و بنه‌مای به‌رچاوی شانۆ و مێژووی شانۆنامه‌ی جیهانی به‌گشتی له‌سه‌ر ئه‌و دوو ته‌رزه پۆلێن ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرنگه هێما بۆ ئه‌وه بكه‌ین كه له ئه‌نجامی ئاوێته‌بوونی تراژیدیا و كۆمیدیا جۆرێكی دیكه‌ی شانۆنامه دێته ئاراوه كه به (تراژ/كۆمیك) ناسراوه. واته ئه‌و شێوه شانۆنامه‌یه‌ی كه له یه‌ككاتدا هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌ر دوو چه‌مكی (تراژیدایا و كۆمیدیا)یه و بینه‌ران له به‌رامبه‌رییدا ده‌كرێت ساتێك به‌ر دیمه‌ن و دیالۆگ و رووداوی كۆمیك بكه‌وێت و ساتێكی دیكه هه‌ست به ئازار و نیگه‌رانییه قووڵه‌كانی تراژیدیا بكات، كه ئه‌مه‌ش به وردبوونه‌وه له كاره‌كانی هه‌ریه‌ك له‌م دوو داهێنه‌ره‌دا ده‌ركی پێده‌كرێت و كه‌م نین ئه‌و دیمه‌ن و دیالۆگ و ساته‌وه‌ختانه‌ی له شانۆنامه‌كانی شكسپیردا پێكه‌نین درست ده‌كه‌ن و له‌لای مۆلێریش به‌هه‌مان شێوه كه ته‌زووی ناخۆشی و نیگه‌رانی به دڵدا ده‌هێنن. كه‌واته له جیهانی هه‌ردووكیاندا گریان و پێكه‌نین پێكه‌وه و له یه‌ك ده‌مدا گوتاری شانۆنامه‌كه به وه‌رگر ده‌گه‌ێنن.
مۆلێر و شكسپیر له خاڵیكدا زیاتر به یه‌ك ده‌گه‌ن، ئه‌ویش دیدی هه‌ر كامێكیانه بۆ ژیان وه‌ك تراژیدیا، له‌و باره‌یه‌وه خوێندنه‌وه‌ی تراژیدیاكانی شكسپیر به روونی نیشانده‌ری ئه‌و دۆخه تاریك و پڕ له ترس و ئازاره ده‌خه‌نه‌ڕوو كه مرۆڤ به جۆری جیاواز ئه‌زموونی ده‌كات، هه‌رچی مۆلێریشه له كۆتاییه‌كانی ژیانیدا له زاری خۆیه‌وه دانی پێداده‌نێت كه ژیان تراژیدیایه. بۆیه ئه‌گه‌ر بپرسین مانای هه‌ریه‌ك له چه‌مكه‌كانی (تراژیدیا و كۆمیدی) له چییه‌وه هاتوون؟ ده‌كرێت له وه‌ڵامێكی ساده و به‌رده‌ستدا ئاماژه بۆ ژیانی مرۆڤ بكه‌ین، كه به‌سه‌ر (پێكه‌نین/ گریان، ژان/ شادی، خۆشی/ ناخۆشی)دا به‌ش ده‌بێت و ته‌نیا مرۆڤێك نییه سه‌رجه‌می ژیانی له ناو یه‌كێكیاندا به‌سه‌ربه‌رێت. به‌ڵكو ژیان یارییه‌كی به‌رده‌وامه له‌و نێوانه‌دا (خۆشی و ناخۆشی/ ناخۆشی و خۆشی) به‌ڵام بێگومان له مرۆڤێك بۆ مرۆڤێكی دیكه ئاست و رێژه‌كان ده‌گۆڕدرێت. ته‌نانه‌ت ئاسان نییه هه‌روا به دۆخێك یان جۆره ژیانێك بڵێین: خۆش یان ناخۆش، چونكه هه‌ستی خۆشی یان ناخۆشی و هۆكاره‌كانی هه‌ر كامیان له كه‌سێك بۆ كه‌سێكی تر جیاوازه و مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی تۆ وه‌ك خۆشی و باشی ته‌ماشای ده‌كه‌یت، بۆ هه‌ر مرۆڤێكی دیكه وه‌هابێت، ته‌نیا ره‌نگه شێوه گشتییه‌كانی هه‌ر كامیان وه‌ربگرین، كه له ئاكامدا له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ هه‌ژمار ده‌كرێت و چ خۆشی و چ ناخۆشی خه‌ریكی به‌ڕێكردنی رۆژه‌كانی ته‌مه‌نی مرۆڤن.
داهێنه‌ره‌كان خۆیان ده‌زانن داهێنه‌رن؟
دانتی نووسه‌ری (كۆمیدیای ئیلاهی) یه‌كێك له كتێبه مه‌زنه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی، له بڕیه‌كی كۆمیدیاكه‌یدا ده‌نووسێت: سوێند به‌م كۆمیدیایه، كه سه‌رده‌مه‌كان ده‌بڕێت...
ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی دانتی نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه كه له كاتی نووسینی كتێبه‌كه‌یدا به‌رله هه‌ركه‌س خۆی زانیوویه‌تی كه به‌و كتێبه‌ی داهێنانێكی گه‌وره ده‌كات، ئه‌مه‌ش هه‌روا ئاسان نییه، به‌ڵكو وابه‌سته‌یه به هۆشیاری گه‌وره‌ی دانتییه‌وه كه به‌ئاگایه له‌به‌رامبه‌ر خۆی و جیهاندا و به‌ئاگاییه‌وه ده‌ستی داوه‌ته كرده‌ی داهێنان، ئه‌مه كه‌موزۆر پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دیده فرۆیدییه‌یه كه پێیوایه: داهێنان كرده‌یه‌كی نائاگایانه‌یه و مرۆڤ له‌نائاگاییه‌وه ده‌كه‌وێته ناو داهێنانه‌وه.
هاوشێوه‌ی هه‌مان نموونه‌ی دانتی شكسپیر له شانۆنامه‌ی یۆلیۆس قه‌یسه‌ردا و له دیمه‌نه‌دا كه گروپی كوده‌تاچییه‌كان خه‌ریكن قه‌یسه‌ر ده‌كوژن و هه‌ریه‌ك خه‌نجه‌ری خۆی لێده‌وه‌شێنێت، یه‌كێك له كاره‌كته‌ره‌كان ده‌ڵێت: ئاخۆم ئه‌م دیمه‌نه له چه‌ند جێگای دیكه‌ی ئه‌م جیهانه و به چه‌ند زمانی دیكه دووباره ببێته‌وه؟
ئه‌مه‌ش هێزی داهێنه‌رانه‌ی شكسپیر ده‌رده‌خات و جۆرێك له دڵنیایی به‌رامبه‌ر كاره‌كه‌ی، كه ده‌توانێت كیشوه‌ره‌كان ببرێت و زمانه‌كانی دیكه‌ش جاری دیكه هه‌مان كاری ئه‌و نمایش بكه‌نه‌وه...
ئه‌م هه‌ستكردنه به دڵنیایی له‌وه‌ی داهێنانت كردووه له دنیای كوردیدا لای شاعیری كورد شێركۆ بێكه‌س دووباره بۆته‌وه، كاتێك سه‌باره‌ت به دیوانه شیعری ده‌ربه‌ندی په‌پووله ده‌ڵێت: ده‌مزانی له نه‌خشه‌ی شیعری كوردییدا ناوێكی دیارم، به‌ڵام ده‌مویست ئه‌مجاره شتێك بكه‌م، كه‌سیتر نه‌یكردبێت، ئه‌وه‌بوو له فڕۆكه‌دا بۆ ئه‌مریكا ده‌چووم بۆ لای دایكم ده‌ستم به نووسینی ره‌شنووسی ده‌قی واڵای (ده‌ربه‌ندی په‌پووله)كرد.
ئه‌نجام
ئه‌م نووسینه هه‌وڵێكی سه‌ره‌تاییه بۆ به‌راودێكی ساده له نێوان دوان له شانۆنامه‌نووسه گرنگ و كاریگه‌ره‌كانی جیهانی شانۆ، كه زیاتر مه‌به‌ستێتی له‌سه‌ر به‌های كۆمیدیا بوه‌ستێت، وه‌ك هونه‌رێكی پایه‌به‌رز، هه‌ڵبه‌ت به‌وپێیه‌ی زۆرجار كه‌سانێك به‌ئاسانی به‌های هونه‌ری كۆمیدیا كه‌م ده‌كه‌نه‌وه، به‌بێ ئاگاداری له‌و كاریگه‌رییه به‌هێزه‌ی ئه‌م هونه‌ره له‌سه‌ر بینه‌رانی ده‌كات، له رووی فیكری و دونیابینییه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری ئه‌و پێگه به‌رزه بێت كه ئه‌م هونه‌ره له كۆنه‌وه بۆ خۆی دیارییكردووه.