سازدانی: نه‌رمین عوسمان محه‌مه‌د
دانا ره‌ئووف یه‌كێكه له‌و شانۆكارانه‌ی هه‌م خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می شانۆییه و هه‌م وه‌ك ره‌خنه‌گر و شاره‌زای بواره‌كه ساڵانێكه وتار و بابه‌تی ره‌خنه‌یی له‌باره‌ی شانۆ و شانۆی كوردییه‌وه ده‌نووسێ. له‌م دیداره‌دا سه‌باره‌ت به شانۆگه‌ری لێكترازان، ده‌دوێت و كه ده‌قێكی شانۆیی ئه‌م شانۆكاره‌یه، له‌باره‌ی چۆنێتی كاره‌كانییه‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانمانی داوه‌ته‌وه.
2-2 و كۆتایی
*ئایا ئه‌و ده‌قه‌ی له‌سه‌ر شانۆ بینیمان ره‌شنووسێك بوو كه له سه‌ره‌تادا نووسراوه یان ده‌سكاری كراوه؟
-ده‌قه‌كه له‌كاتی پڕۆڤه‌كردندا گۆڕانكاری زۆری به‌سه‌ردا هاتووه. له‌و رووه‌وه‌ی من خۆم نووسه‌ری ده‌قه‌كه بووم، ئاسانتر بوو بۆ من گۆڕانكاری تیا بكه‌م. وه‌ك نووسه‌ری ده‌قه‌كه ئاگاداری كونوكه‌له‌به‌ری تێكسته‌كه‌م و ده‌مزانی چی لاببرێت و چیش زیاد بكرێ و له كوێدا و بۆچی؟ پێش هه‌موو شتێك ده‌قه‌كه زۆر له‌وه گه‌وره‌تره، كه ئێمه نمایشمان كرد؛ گه‌ر وه‌ك خۆی نمایشمان بكردایه ده‌گه‌یشته نزیكه‌ی چوار سه‌عات و ئه‌مه‌یش بۆ بینه‌ر و بارودۆخی ئه‌مڕۆمان ناگونجێت. له‌وه ده‌چێت بینه‌ری ئه‌مڕۆ له یه‌ك سه‌عات زیاتر نه‌توانێت به دیار سه‌یركردنی نمایشێكه‌وه دا‌نیشێت، به‌تایبه‌تیش گه‌ر نمایشه‌كه كۆمێدی نه‌بێ، یان بارگاوی نه‌كرابێت به ره‌وشی سیاسی ئه‌مڕۆ و جنێودان نه‌بێت به ده‌سه‌ڵات. له‌كاتی پڕۆڤه‌كردندا و به‌پێی پێویست، هه‌ندێك له دیمه‌نه‌كان لابراون، هه‌ندێك دیمه‌ن پاش و پێش خراون و له رووی دراماتۆرگییه‌وه كاری تیاكراوه.
*له وه‌ڵامه‌كانتدا ده‌ڵێیت "لێكترازان" ده‌قێكی پۆستمۆدێرنیزمه، ئایا ئه‌م جۆره ده‌قه له لای ئێمه نوێ نییه؟ ئایا بینه‌ر و شانۆكاری ئێمه به‌م جۆره ده‌قه ئاشنان؟
-به‌ڵێ، زۆر نوێیه، ئه‌مه‌یش كێشه‌ی زۆری بۆ دروستكردین. به‌ڵام ئێمه نابێت ئه‌وه‌مان له بیر بچێت، كه واقیعی ژیانی مرۆڤی هاوچه‌رخ یان به‌واتایه‌كی تر مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه پۆستمۆدێرنیزمه، كه به بڕوای من، ئێمه‌یش به‌شێكین لێی، شان به‌شانی گلوبالیزم و گۆڕانكارییه خێراكانی تری جیهان، رووبه‌ڕووی جۆرێكی جیاوازی فۆرمه‌كانی هونه‌ر و شانۆ بۆته‌وه. شانۆیش، به‌هه‌مان شێوه هه‌نگاوی خێرای ناوه؛ له (ئه‌ڤانتگه‌رته‌وه) بۆ (پۆستمۆدانیزم) و له‌وێشه‌وه بۆ فۆرم و شێوازه‌كانی تری شانۆ. شانۆی پۆستمۆدێرنیزم یه‌كێك له بنه‌ما گرنگه‌كانی داب و نه‌ریته قووڵ و دێرینه‌كه‌ی شانۆی تێك شكاندووه؛ بۆ نموونه، له رێگای وه‌همه‌وه راستییه‌كانمان سه‌باره‌ت به واقیع و ره‌وشی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه بۆ به‌رجه‌سته ده‌كرا، به‌ته‌واوی له ره‌وته پۆستمۆدێرنیزمه‌كاندا نه‌ماوه. كاره‌كته‌ره‌كان له "لێكترازان"دا، گه‌ر "لێكترازان" به نموونه بهێنینه‌وه، یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن، هه‌ر لێره‌یشه‌وه نواندن ته‌كنیكیێكی تر له‌خۆده‌گرێت؛ كه تا ئاستێك به شانۆی كوردی نامۆیه: نه "ستانیسلاڤسكی"یه و نه "برێشت"، به‌ڵكو شتێكه له‌به‌ینی هه‌ردووكیاندا. ئه‌كته‌ر به‌ته‌واوی ناچێته ناو رۆڵه‌كه‌یه‌وه و ون بێت، به‌ڵكو هه‌وڵمداوه وا له ئه‌كته‌ره‌كان بكه‌م به‌وپه‌ڕی ساكارییه‌وه به‌رجه‌سته‌ی رۆڵه‌كانییان، له‌لایه‌ك و ناوه‌وه‌ی خۆیان له‌لایه‌كی تره‌وه بكه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه ئاساییه، هه‌ندێك له بینه‌ران، یاوه‌خود شانۆكار و ره‌خنه‌گره‌كانی ئێمه له‌م نمایشه نه‌گه‌ن.
*زه‌حمه‌ت تێگه‌یشتنی شانۆكاران و ره‌خنه‌گرانی ئێمه له‌و فۆرمه قووڵ و ساكاره‌ی ئێوه له "لێكترازان"دا پێشكه‌شتان كرد، دووچاری ره‌خنه‌ی ناته‌ندروستی نه‌كردیته‌وه؟
-وابزانم وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م له پرسیاری پێشوودا داوه‌ته‌وه.
*كاركردن له نێو ده‌قی "لێكترازان"دا له رووی دراماتۆرگییه‌وه به ده‌ستكاریكردنی هه‌ندێك له دیمه‌نه‌كان زیان به ده‌قه‌كه ناگه‌یه‌نێت وه‌كو ئه‌وه‌ی، كه ده‌قه‌كه چاپكرا خوێنه‌ر له نێوان خوێندنه‌وه و نمایشكردنی ده‌قه‌كه‌دا سه‌ری لێ تێك بچێت؟
-به بڕوای من نه‌خێر. پڕۆسه‌ی نووسینی ده‌قێك زۆر جیاوازه له پڕۆسه‌ی نمایشی ئه‌و ده‌قه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ. هه‌موو ده‌رهێنه‌رێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، بێگومان ده‌شبێ وه‌ها بێت، وه‌ك كه‌سێكی ده‌رهێنه‌ر خوێندنه‌وه‌ی خۆی بۆ ئه‌و ده‌قه هه‌بێت، كه كاری له‌سه‌ر ده‌كات. له‌وانه‌یه ئه‌م پرس و گفتوگۆیه سه‌باره‌ت به نمایشی "لێكترازان" جیاواز بێت، له‌و رووه‌وه‌ی من خۆم، كه نووسه‌ری ده‌قه‌كه‌م، هه‌ر خۆیشم ده‌رمهێناوه. پڕۆسه‌ی كاره‌كه، رۆژانی پڕۆڤه و ئه‌و به‌ركه‌وتنه به‌رده‌وامه‌ی رۆژانه له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌كاندا هه‌مبوو، چه‌ندین ئاڕاسته‌ی تری لای من، وه‌ك ده‌رهێنه‌ری كاره‌كه دروستكرد. بۆ نموونه لابردنی چه‌ند دیمه‌نێك و پاش و پێشخستنی هه‌ندێك له دیمه‌نه‌كانی تر. ده‌قه‌كه وه‌ك پارتیتورێكی ئه‌و نماشه‌یه، كه كردمان. ئه‌مه‌یش له رووی دراماتۆرگییه‌وه كارێكی دروسته بۆ هه‌موو نمایشێك. دواتر، كه ده‌قه ئۆرگیناڵییه‌كه چاپكرا، ئه‌وه له ئاینده‌دا چۆن نووسراوه ئاوا ده‌چێته به‌ر ده‌ست ده‌رهێنه‌رێكی تر، كه بیه‌وێ كاری تیا بكات، هاوكات ئه‌و خوێنه‌ره‌یشی ده‌قه‌كه ده‌خوێنێته‌وه، له‌وانه‌یه نمایشه‌كه‌ی هه‌ر نه‌بینیبێت، خۆ گه‌ر نمایشه‌كه‌یشی بینیبێت، ئه‌وه ده‌زانێت ئێمه به چ شێوه‌یه‌ك كارمان تیا كردووه.
*به دیدی تۆ وه‌كو شانۆكارێكی به ئه‌زموون و پڕ زانست بۆچی ئێمه نووسه‌ری ده‌قی شانۆییمان كه‌مه؟ بێجگه له‌و خه‌ڵاته ساڵانه‌یه‌ی تۆ چی بكه‌ین تاوه‌كو نووسه‌ری ده‌قی شانۆییمان زۆر بێت؟
-نه‌بوونی نووسه‌ری ده‌قی شانۆیی لای ئێمه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زۆر هۆكار، له پێش هه‌موویانه‌وه، ئه‌وه‌یه، كه هونه‌ری شانۆ نه لای ئێمه دروست بووه و نه لای ئێمه‌یش گه‌شه‌ی كردووه. دوای ئه‌وه، به رای من نووسینی ده‌قی شانۆیی، سه‌ختترین ژانره‌كانی نووسینه و پێویستی به فێربوون و ته‌كنیك و هه‌روه‌ها شارستانییه‌تێكیشه، كه هونه‌ری شانۆ بتوانێت تیا گه‌شه بكات و به ئازادی كاری خۆی بكات. لای ئێمه چه‌ند ده‌قێكی شانۆیی نووسراون، لێره و له‌وێ هه‌ندێك له نووسه‌ره‌كانمان، یان شانۆكاره‌كان ده‌قی شانۆییان نووسییوه، به‌ڵام به‌رده‌وامییان پێ نه‌داوه و له ده‌قێكی شانۆیی یان چه‌ند ده‌قێكی كه‌م زیاتر هیچ شتێكی تریان به‌رهه‌م نه‌هێناوه. ئه‌وه‌ی راستی بێ، ئێمه ئه‌و كه‌لتوره‌مان نییه و ئه‌مه‌یش، وه‌ك لای سه‌ره‌وه ئاماژه‌م بۆ كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هونه‌ری شانۆ لای ئێمه هێنده دێرین نییه و هێشتا نه‌یتوانییوه شوناسی خۆی به‌ده‌ستبهێنێ و ره‌گی خۆی دابكوتێت. له وڵاتانی پێشكه‌وتوو، له‌و وڵاتانه‌ی شانۆ هه‌یه، گرنگی زۆر ده‌درێت به ده‌قی شانۆیی نوێ و خۆماڵی. له ئه‌وروپا، شانۆ گه‌وره‌كان و ته‌نانه‌ت شانۆ بچووكه‌كانیش، هه‌میشه به دوای ده‌قی تازه‌دا ده‌گه‌ڕێن. شانۆكان زیاتر ئاماده‌ی نمایشكردنی ده‌قی تازه و خۆماڵین و پاداشتی زۆر باشیشیان بۆ ته‌رخانكراوه. شانۆنامه‌نووسه‌كان له شانۆكاندا داده‌مه‌زرێنن تا په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆیان به شانۆكان و ده‌رهێنه‌ره‌كانه‌وه هه‌بێت بۆ زیاتر به‌رهه‌مهێنانی ده‌قی تازه‌ی شانۆیی. ئێمه ئه‌مانه هیچیمان نییه، ته‌نیا شتێك وه‌ك هه‌نگاوێكی گرنگ ئه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ی ده‌نووسرێت پشتگوێ نه‌خرێت و بخرێته سه‌ر شانۆ. ئه‌و خه‌ڵاته‌ی ئێمه‌یش داماناوه، رێگایه‌كی گرنگ و پێویسته بۆ زیاتر گرنگیدان به‌م بواره و هاندانی كه‌سانێك، كه ئه‌و توانا و سه‌لیقه‌یه‌یان تیادایه، بنووسن. خه‌ڵاتی دانا ره‌ئووف دوو ساڵه دامه‌زراوه و به‌م دوو ساڵه دوو ده‌قی شانۆیی نوێی له دووتوێی دوو كتێبدا بڵاو كردۆته‌وه و به‌رده‌وامیش ده‌بین.
*ئایا مه‌رجه‌كانی خه‌ڵاتی دانا ره‌ئووف بۆ ساڵی 2024 هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ ساڵانی دیكه‌دا ده‌بێت؟
-نه‌خێر، ئه‌و مه‌رجانه زۆر گرنگن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌رده‌وام بین و هاوكات رێگایه‌كیش بۆ نووسینی ده‌قی شانۆیی نوێ بكه‌ینه‌وه و هانی ئه‌و كه‌سانه‌یش بده‌ین، كه ده‌توانن و ده‌یانه‌وێت بنووسن. یه‌كێك له گرنگترین مه‌رجه‌كانیش ئه‌وه‌یه، ده‌قه‌كه له‌وه‌وبه‌ر بڵاو نه‌كرابێته‌وه و نمایش نه‌كرابێت.
*دوای "لێكترازان" به‌رهه‌می داهاتووی دانا ره‌ئووف چی ده‌بێت؟
-سه‌ره‌تا چاپ كردنی ده‌قی "لێكترازان" ده‌بێت، به شێوه ئۆرگیناڵییه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها چه‌ند كتێبێكی ترم هه‌ن، كه ئاماده‌ن بۆ چاپ. ئه‌م به‌رهه‌مانه ساڵی داهاتوو چاپ و بڵاوده‌كرێنه‌وه. هاوكات خه‌ریكی نووسینی ده‌قێكی تازه‌یشم، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی ساڵی داهاتوویش، یان ساڵی 2025 ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ كوردستان و یه‌كێك له ده‌قه‌كانی ترم ده‌خه‌مه سه‌ر شانۆ.