یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كارنامەی لیست و هاوپەیمانییەكانیدا جەختی لە خزمەتی هاووڵاتیان بە گشتی و ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتی كردووەتەوە، بۆ ئەوەش داوا لە هەموولایەك دەكات كە بەشداریی كارایان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هەبێت، تا بە دەنگەكانیان گۆڕانكاریی ئیداری بخوڵقێنن.
هەلێكی زێڕین لەبەردەستدایە
شاهۆ رۆژبەیانی كاندیدی ژمارە ٢٤ لە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە ژمارە ١٤٢ بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاندووە: «لەم كاتەدا هەلێكی زێڕینمان لەبەردەستدایە و دەتوانین لە رێگای هەڵبژاردنەوە دەسەڵات بەدەست بهێنینەوە، بۆیە پێویستە هەموومان بچینە سەر سندوقەكانی دەنگدان تا دووبارە بتوانین دەنگی كورد دلێر بكەین و ئیدارەیەكی باشی خزمەتگوزار دروست بكەین كە خەڵكی شیاو لە ناو ئەنجومەنی پارێزگادا هەبێت و كەسێكی رەسەنی شارەكەش بكەینە پارێزگاری كەركوك». وتیشی: «ئێمە لە قۆناغێكی مێژوویی و چارەنووسسازداین، لە ساڵی 2005ەوە كەركوك بێبەش بووە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لە رابردووشدا هاووڵاتیانی ئێمە بەرگریكاربوون و دڵنیاشین لەم قۆناغەشدا هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە سەردەخەن و ئێمەش زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان دەكەین».
بەگوڕوتینەوە بەرەو بنكەكانی دەنگدان بچن
بە بەشداریی زۆرترین دەنگدەری كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان و متمانەدان بە كاندیدانی یەكێتی، كورد لەو ناوچانە چارەنووسی خۆی دیاری دەكات.
سەعدییە عەلی سەعید كاندیدی ژمارە ٢٨ لە لیستی یەکێتی ژمارە ١٢٠ لە دیالە، لە لێدوانێكیدا بۆ PUKMEDIA دەڵێت: «داوا لە خەڵكی پارێزگای دیالە و قەزای خانەقین دەكەین بەشداریی دەنگدان بكەن و بەگوڕوتینەوە بەرەو بنكەكانی دەنگدان بچن و چارەنووسی خۆیان بەدەستی خۆیان دیاری بكەن». وتیشی: «لەدەستچوونی یەك دەنگ لەم هەڵبژاردنەدا زیان بە هاووڵاتیانی كورد دەگەیەنێت لە ناوچە جێناكۆكەكاندا، هەركاتێكیش لیستەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان متمانەی هاووڵاتیانی بەدەستهێنا بە بەرنامەیەكی تۆكمەوە لە ئەنجومەنی پارێزگا كاری جدی بۆ كورد و سەرجەم پێكهاتەكان دەكەین».
رۆژی هەڵبژاردن رۆژێكی چارەنووسسازە
كاندیدانی یەكێتی داوا لە هاووڵاتیانی نەینەوا دەكەن رۆژی هەڵبژاردن بكەنە ئاهەنگ و بەشداریی كارایان هەبێت لەسەر سندوقەكانی دەنگدان، چونكە رۆژی هەڵبژاردن رۆژێكی چارەنووسسازە بۆ پرسی كورد.
لەیلا رێكانی كاندیدی ژمارە ٢ لە هاوپەیمانیی خەڵكی نەینەوا ژمارە ١٣٤ لە لێدوانێكیدا بۆ PUKMEDIA داوا لە هاووڵاتیان دەكات رۆژی 18/12 بكەنە رۆژی ئاهەنگێكی جەماوەری و بەشدارییەكی كارایان هەبێت لە هەڵبژاردن و دەنگ بە كاندیدانی هاوپەیمانیی خەڵكی نەینەوا بدەن. تەئكیددەكاتەوە كە »رۆژی هەڵبژاردن رۆژێكی چارەنووسسازە بۆ خەڵكی نەینەوا، بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە یەكێتی و هاوپەیمانییەكانی لە ناوچە جێناكۆكەكان بۆ خزمەتی هاووڵاتیان تێدەكۆشن، بۆیە داوادەكەین بەگوڕوتینەوە بەرەو سندوقەكانی دەگدان بڕۆن و كەسی گونجاو هەڵبژێرن».
PUKMEDIA