دەتەوێت ئاسوودە بیت؟

11:04 - 2023-12-10
دووتوێ
206 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

ژیان بە ئاسوودەیی بۆ زۆر کەس کارێکی ئاسان نییە، چونکە بۆ ئەوە پێویستت بە هەندێ گۆڕانکاری لە شێوەی بیرکردنەوەتدا هەیە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر بڕیاردانە لەگەڵ یەکەم هەنگاوی دەستپێکردنی ئەو گۆڕانکارییانە جگە لە بەردەوامی و کردنی بە ستایلی ژیان، هاوکات زۆر گۆڕانکاری هەیە وادەکات ئاسوودە بیت و تەندروستی دەروونی و جەستەییت باشتر بێت و ژیانێکی باشتر بۆ خۆت فەراهەم بکەیت.

 بڵێ نەخێر
بۆ ئەو مەبەستە دەبێت پێش هەموو شتێک بزانیت بڵێی نەخێر، بەو مانایەی زۆر لەخۆت نەکەیت و باری جەستەیی و دەروونی زیاد لە توانای خۆت هەڵنەگریت و لە کاتی پێویستدا بتوانیت بڵێی ناتوانم و نەخێر و ناکرێت ئەو کارە بکەم، دەبینین لە ژیانی رۆژانەماندا رۆژەکەمان پڕە لە کار و ئیلتیزاماتی کۆمەڵایەتی و خێزانی، بەشێوەیەک هەست بە ماندوێتی دەکەین و زۆرجار واهەستدەکەین رەنگە لە خاڵێکدا هەرەس بێنین و بڕوخێین، بۆیە پێش ئەوەی بگەیتە ئەو خاڵە و تێکبشکێیت وەک مرۆڤێک هەنگاوێک وەرە دواوە و بڵێ نەخێر و لەو حاڵەتانەدا داوای یارمەتی لە هاوسەر یان خێزانەکەت بکە کە چیتر ناتوانم و نەخێر ناکرێت هەموو ئەرک و فشارەکان بە تەنیا لەسەر من بێت، کاتێکیش ئەرکێکی نوێت بۆ دروست دەبێت لە خۆت بپرسە ئایا دەتوانم و دەکرێت بچێتە لیستی کارە گرنگەکانی رۆژانەمەوە یاخود نەخێر دەبێت کەسێکی تر بیکات یان زۆر بە سادەیی ببوورە ناتوانم ئەو ئەرکە لە ئەستۆبگرم.

گفتوگۆی نێگەتیڤ 
یەکێکی دیکە لەو شتانەی لە ژیاندا وامانلێدەکات نا ئاسوودە بین گفتوگۆی نێگەتیڤە لەگەڵ خودی خۆماندا، بە دەنگی ناوەکیی یان دەنگی بەرز سەرزەنشتی خۆمان دەکەین و لە خۆمان تووڕە دەبین یان لە هەر شتێکی ناخ یان شێوەی دەرەوەمان ناڕازین وشەی خراپ و ناخۆش بەخۆمان دەڵێین، ئەوەش وامان لێدەکات بێزار و خەمبار بین، ئەوەی پێویستە بیکەین ئەوەیە لەگەڵ خودی خۆماندا ئاشت بینەوە و نەرمونیان بین، کاتێکیش لە خۆمان تووڕەدەبین بیرلەوە بکەینەوە بۆچی تووڕەین و لە خۆمان ناڕازین؟ ئەگەر ئەوە لە دەسەڵاتی خۆماندایە دەتوانین چیبکەین بۆ گۆڕانکاری ئەگەر نا بەوەی هەیە خۆمان پێ قبووڵ بێت و تا دەتوانین خۆمان خۆشبوێت، چونکە تا خۆتت خۆشنەوێت ناتوانیت کەست خۆشبوێت، دواجار ناتوانیت شتێک پێشکەش بکەیت کە نیتە.
یەکێکی دیکە لەو فاکتەرانەی وا دەکات لە پەیوەندییەکانماندا ئاسوودە نەبین و ژیانمان تێکبچێت بوونی پەیوەندی ژەهراوییە لە ژیانماندا بە تایبەتی هاوڕێ و کەسی ژەهراوی، بۆیە ئەگەر ژیانێکی ئاسوودەت دەوێت تا دەتوانیت لە کەسە نێگەتیڤ و ژەهراوییەکان دووربکەوەرەوە، لەبیرت بێت ژیان زۆر لەوە کورتترە بەو جۆرە کەسانەوە بەسەری بەریت.

رازیکردنی هەموو کەس
کاتێک کەسانێک لە ژیانتدا دەبن بێهوودەت دەکەن حەزدەکەیت تۆش وەکو ئەوان نەبیت و تا ئەوپەڕی دەڕۆیت بۆئەوەی هەموو کەس لێت رازی بن، بەڵام هەندێکجار ئەوە وادەکات زۆر ماندوو بیت و هیچ کات هەست بە ئاسوودەیی نەکەیت لەترسی ئەوەی کەسانێک هەبن لێت ناڕازی بن، بەو شێوەیە فشارێکی زۆر دەکەوێتە سەر جەستە و دەروونت و ماندووت دەکات، ئەوەی لەم ژیانەدا دەکرێت فێربین ئەوەیە هیچ کەس ناتوانێت هەموو کەسێک رازیبکات و خۆشەویستی و رەزامەندی هەموان بۆ خۆی بەدەستبێنێت، چونکە هەندێ مرۆڤ هەیە بێ هیچ هۆیەک لە ژیاندا لێمان ناڕازین و رقیان لێمانە لەبەر هیچ شتێک نا تەنیا لەبەرئەوەی ئاسوودەین یاخود بۆئەوەی ئاسوودە نەبین، بۆیە دەبێت ئەوەی گرنگە لەلامان لە پلەی یەکەمی ژیانماندا دایبنێین و ئەوانی دیکە پشتگوێ بخەین. 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان