ئاشناکردنی منداڵ بە بەهرەکانی

11:06 - 2023-12-10
دووتوێ
271 جار خوێندراوەتەوە

چرۆ رەشید


 باخچەی منداڵان ناوەندێکی  کۆمەڵایەتی و پەروەردەییە پلان و پرۆگرامی تایبەت بەخۆی بۆ داڕێژراوە بۆ گەشەپێدانی کەسایەتی منداڵ لە هەموو روویەکەوە لەگەڵ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی و فێربوونی ئەزموون و بەها کۆمەڵایەتیی و کارامەییەکان لەڕێگەی چالاکییە جۆراوجۆرەکان لەو رێگەیەشەوە دۆزینەوە و پەیبردن بە بەهرەو توانا و ئاڕاستەکانیان.

بواری بۆ بڕەخسێنن
بەشێک لەو پێداویستییانەی منداڵ دابین دەکات کە خێزانیش دەتوانێت دابینی بکات لەگەڵ چەندانی تر کە خێزان ناتوانێت بۆی دەستەبەر بکات، پەروەردەکردنی منداڵی بەهرەمەند پێویستی بە ئامراز و هۆکار و پێداویستی زۆر نییە تەنها پێویستی بەوەیە بوار بڕەخسێنرێت بۆ منداڵان بەبێ هیچ ترس و نیگەرانییەک جیهانی دەرەوەی بناسێت و بیدۆزێتەوە، سەرەتا پێویسته دایبابان بۆئەوەی منداڵێک بەرهەمبێنن کە داهێنەر و بەتوانا بێت پێویستە متمانە ببەخشن بە منداڵ بەبێ شکاندن و ترساندنی لە هەنگاوەکانی و بەردەوام ئاگادارکردنەوەی، چونکە لەگەڵ دەستپێکی هەر کارێک بیەوێت بیکات راستەوخۆ ئاگادارکردنەوەکانی دایباب و خێزانەکەی لێکدەداتەوە لەهەموو ئەو کارانەی دەیکات دەترسێت تا وای لێدێت توانای ئەزمون کردن و تاقیکردنەوەی نامێنێت و کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر هزری منداڵ دروست دەبێت، چونکە لە سەرنەکەوتن و سەرزەنشتکردن دەترسێت، بۆیە پێویسته دایبابان گرنگی ئەم بابەتە لەبەرچاوبگرن بۆئەوەی منداڵ لە داهاتوودا ترسی هیچ کارێکی نەبێت لە هەمانکاتدا پێویستە دایبابان حەزی خۆیان بەسەر منداڵدا نەسەپێنن نابێت کارێک یان چالاکییەک کە دایبابان خۆیان حەزیان لێیەتی و ئارەزووی دەکەن بەسەر منداڵدا بیسەپێنن، چونکە مەرج نییە منداڵ ئەو جۆرە چالاکییەی لا پەسەند بێت و پێی ئاسوودە بێت بەم شێوازی هەڵسوکەوتە مەترسی لەسەر تەندروستی دەروونیی منداڵ دروست دەبێت.
دەتوانین لە پەرەپێدانی بەهرەی منداڵدا کاریگەربین و پێویستە دەرفەتی بۆ بڕەخسێنین بۆ دۆزینەوەی بەهرە شاراوە و جیاوازەکانی، ئەمەش وا پێویست دەکات لە تەمەنێکی بچووکدا منداڵ بەزمانە نوێیەکان و میوزیک و گۆرانی و وێنەکێشان و وەرزش و چالاکییە هەمە جۆرەکانی دی ئاشنابکرێت و هەموو بوارەکان تاقیبکاتەوە، دواتر پەرە بەو چالاکییە بدرێت کە ئارەزووی دەکات بەمە دەتوانین یارمەتی بدەین بۆ پەرەپێدان بە بەهرەکەی .

لە چ ئاستێکدایە
لەسەر مامۆستایانی باخچە پێویستە بزانن منداڵ لە چ ئاستێکدایەو لە چ بوارێکدا بەهرەمەندە، چونکە هەندێک لە منداڵان لە تەمەنێکی بچووکەوە و وەک بۆماوەیی بەهرەمەندن ئا لێرەدا مامۆستا دەتوانێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە، ئەو منداڵانە بەشداری پێبکات لە چالاکییە جۆراوجۆرەکاندا بە لەبەرچاوگرتنی منداڵانی تریش کە پێویستە فەرامۆش نەکرێن، چونکە لەوانەیە هەندێکیان بەهرەکانیان لەو تەمەنەدا دەرنەکەوتبێت، بۆیە بەپێی پێویست باشترە ئەمانیش لە هەندێ بابەت و چالاکیدا بەشداری پێبکرێن، چونکە وەک زانراوە هەموو منداڵێک زیاتر لە چوار بەهرەی تێدایە، بەڵام گرنگ دۆزینەوەیانە، لەبەرئەوەی منداڵ بەگشتی بەهرەکانی ناناسێت، بۆیە پێویستە دەرفەتیان پێ بدەین بۆ پەرەپێدانی بەهرە و تواناکانیان لەو بوارەدا کەخۆیان ئارەزووی دەکەن لەگەڵ یارمەتیدانیان بۆ بەهێزکردن و متمانە بەخۆبوون و پێویستیشە ستایش بکرێن سەبارەت بە هەرکارێک دەیکەن، بەمەرجێک ستایشکردنەکە سنورداربێت و زیادەڕۆیی تێدانەکرێت دەنا کاریگەری نێگەیڤی دەبێت لەسەر بەهرە و لێهاتووییان، زۆرباشتر دەبێت ستایشکردنەکە دەستنیشانبکرێت تەنها بۆ ئەو کارەی دەیکات هاوکات ستایشکردن دەکرێت پاداشتی لەگەڵدا بێت بۆئەوەی زیاتر هانی بدەین تا بتوانێت پەرە بە بەهرەو لێهاتوویی بدات بۆیە پێویستە ئامانجمان هەبێت بۆ پەرەپێدانی بەهرە و لێهاتوویی منداڵەکانمان ئەرکی هەموانیشە بۆ دەستنیشانکردنی بەهرە و توانا و لێهاتوویی منداڵان و هاندانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان