ئا: فەرید دڵشاد
لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی ساڵی 2023 تائێستا ئینتەرنێتی چین خێراترینە لە جیهاندا و خێرایی گواستنەوەی زانیارییەكان 1.2 تێرابایتە لە چركەیەكدا، ئەم خێراییەش زۆر لەو خێرایی ئینتەرنێتانە زیاترە كە لە وڵاتانی جیهان بەردەستن، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی چین لە پێشەنگی وڵاتانی جیهانە لەڕووی ژێرخانی ئینتەرنێتەوە.
تۆڕێكی زۆر خێرا
چین یەكەم تۆڕی گەورەی جیهانی بۆ نەوەی داهاتووی ئینتەرنێتی خێرا بەگەڕخستووە، زیاترە لە 3000 كیلۆمەتر ریشاڵ و دەتوانێت 152 فیلمی 4K لەماوەی كەمتر لە چركەیەكدا بگوازێتەوە، هەروەها تەواوی كتێبخانەی تۆڕی جیهانی نێتفلێكس لە ماوەی كەمتر لە نیو سەعاتدا بگوازێتەوە، ئەم تۆڕە لە مانگی تەمموزی رابردوو چالاك کرا و چەند هەفتەیەك لەمەوبەر بە فەرمی دەستیپێكرد و تۆڕەكە بە هاوبەشی زانكۆكانی سینگوا، هواوی و سیرێنت دانراوە و چین دڵنیایی داوە لە تۆڕەكە بەشێوەیەكی متمانەپێكراو كاربكات.
لە سەرووی پێشبینییەكانەوەیە
هەرەچەندە پێشبیینی دەكرا پیشەسازی ئینتەرنێتی زۆر خێرا لە ساڵی 2025 بگاتە خێرایی گواستنەوەی یەك تێرابایت لە چركەیەكدا، بەڵام چین لەو بوارەدا موعجیزەی خوڵقاند بەتایبەت لە ئێستادا زۆربەی تۆڕە سەرەكییەكانی ئینتەرنێت لە جیهاندا خێراییەكەی 100 گێگابایتە لە چركەیەكدا و بەم دواییانەش لە ئەمریكا خێراییەكەی گەیشتە 400 گێگابایت لە چركەیەكدا، هەرچەندە چین خۆی بانگەشەی ئەوە ناكات كە خێراترین خێرایی گواستنەوەی داتاكانی هەیە، چونكە ریكۆردی خێراترین گواستنەوەی داتاكان لە ژاپۆنە كە 300 تێرابایتە لەچركەیەكدا.
دەستكەوتێكی گەورەیە
تۆڕی سەرەكی نەوەی داهاتووی ئینتەرنێتی خێرا دەستكەوتێكی تەكنیكی گەورەی دە ساڵەیە بۆ چین لە پڕۆژەی نیشتمانی بۆ ژێرخانی تەكنەلۆژیای ئینتەرنێتی داهاتوو ناسراو بە (FITI) لەو وڵاتەدا، بە نوێترین وەشانی تۆڕی پەروەردە و توێژینەوەی چین دادەنرێت ) وجیانگ پینگ سەرۆكی پڕۆژەی (FITI)لە ئەكادیمیای ئەندازیاری چینی سەركەوتنی پڕۆژەكەی راگەیاند و وتی» دابینكردنی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو پێویستە بۆ گرنتی بنیاتنانی خێراترین ئینتەرنێت لە داهاتوودا» هاوکات (وانگ لی) جێگری سەرۆكی كۆمپانیای هواوی دەڵێت «تۆڕەكە توانای گواستنەوەی هاوتای 150 فیلمی کوالێتی بەرز هەیە لە چركەیەكدا» هەروەها (شو مینگوی) لە زانكۆی سینگوا تۆڕەكەی بەراورد كرد بە خێراترین هێڵی شەمەندۆفێر و دەڵێت» تۆڕەكە تێچووی كەمترە و بەڕێوەبردنی ئاسانترە».
بۆچی ئەم خێراییە زۆرە؟
ئەم تۆڕە رۆڵێكی گرنگ دەگێرێت لە بواری پەروەردەكردن و توێژینەوەی نیشتمانیدا، هەروەها خواستێكی زۆر لەسەر گواستنەوەی خێرای زانیارییەكان لە پڕۆگرامەكانی ئۆتۆمبێلی كارەباییدا هەیە، لەگەڵ كەمكردنەوەی پشتبەستنی چین بە تۆڕەكانی ئەمریكا و ژاپۆن، هەروەها هەموو ئەو ئامێرانەی لەم سیستەمەدا بەكارهێنراون دروستكراوی ناوخۆی وڵاتەكەن ئەمەش پێشكەوتنی راوتەر و سویچ و پەیوەندییەكان پیشاندەدات
سەرچاوە: الشرق الاوسط