گەلی کێلاش لە پاکستان

11:10 - 2023-12-10
دووتوێ
129 جار خوێندراوەتەوە

گەلی کێلاش بچووکترین نەتەوەی ناو پاکستانن و ژمارەیان 6000 کەس دەبێ و لەناو شاخەکانی باکووری وڵاتەکە دەژین و سەربە ئایینی « دێساو» ن، ئاینەکەیان لە ئاینی ئیسلامەوە نزیکە، کلتور و دابونەریتیان لە پاکستانیەکان جیایە و لە مێژوویەکی زۆر کۆنەوە لەو ناوچەیە دەژین، وا مەزەندە دەکرێت بنەچەیان بگەڕێتەوە بۆ ئەکسەندەری مەقدۆنی کاتێک ئەو سوپایە بەو ناوچەیەدا رەتبووە گروپێک ونبوون و بەناچاری لەوێ ماونەتەوە و کردویانە بە مەنزڵگەی خۆیان،  خۆشیان دەڵێن نەخێر بنەچەمان بۆ گەلی تسیام دەگەڕێتەوە و بەڕەچەڵەک تایلەندین، بەهەرحاڵ ئەوان لە هەموو شتێکدا لە خەڵکی وڵاتەکەیان جیاوازن زمان و روخسار و کلتور و خەسڵەتەکانیان تایبەتە بەخۆیان، هاوشێوەی گەلانی ئەوروپی پێستیان سپی و قژیان زەرد و چاویان شینە، جلی فۆلکلۆری خۆیان لەبەردەکەن و خاوەن هونەری رەسەنی خۆشیانن، زمانی کێلاشی تێکەڵەیەکە لە هیندی و فارسی و زاراوەی خۆیان.

بەفرو بەستەڵەکە
ئەو ناوچەیەی ئەو گەلە تێیدا دەژی سروشتێکی دڵڕفێنی هەیەو پڕە لە دارو درەخت و بێستان و کانیاو و رووبار دەکەوێتە بەرزاییەکانی باکوور، بەفری زۆر لێ دەبارێ و جاری وا هەیە بۆ ماوەی شەش مانگ خەڵکەکە رێگەی هاتوچۆی ناوچەکانی تریان لێ دەگیرێ و هەر بەو هۆیەشەوەیە لە گەلان و کۆمەڵگەی تر دابڕاون و حکومەتیش کەم دەستی یارمەتی و ئاوەدانکردنەوەی بۆ ببات، چونکە ناوچەیەکی دێرینە و پەرستگا و زۆربەی خانووەکانی بوونەتە موڵکی کەلەپوری جیهانی و تۆمارکراون.
گەلێکی ئازادن
ئەندامانی گەلی کێلاش ئازادی تەواوی خۆیان هەیە بەتایبەتی ژنان مافیان لە پیاوانیش زیاترە، بۆیە لەناو وڵاتەکەیان بە ژنانی سەربەست ناسراون و لەناو خێزاندا بڕیار بەدەستن، مافی تەڵاقدانی مێردەکانیان هەیە، لەدوای مردنی مێردەکانیان بە بڕیاری خۆیان شوودەکەنەوە و خێزانی تر پێکدەهێنن، پیاوەکانیان تەنها بڕیاری ژنەکانیان جێبەجێ دەکەن و بۆیان نیە لە قسەیان دەربچن، هەموو تاکێکی کۆمەڵ خۆشگوزەرانن و دڵیان خۆشە، زۆر پێدەکەنن، قسەخۆش و نوکتەباز و رووخۆشن، هەمیشە کاری هاوبەش دەکەن و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا زۆر پتەوە.
جلی ئاڵ و واڵا دەپۆشن
کێلاشیەکان جلی رەسەنی خۆیان هەیە کە چەند پارچەیەکە و رەنگاوڕەنگە، کاتێک یەکێکی بیانی بچێتە ناویان یەکسەر بە جلەکانی رادیارە بێگانەیە، بەهۆی ئەوەی لە ناوچەیەکی سارد دەژین جلەکانیان لە خوری و پەمو دروست دەکەن و درومانسازی خۆیان هەیە، زۆر شانازی بە جلی فۆلکۆری خۆیانەوە دەکەن.

فێستیڤاڵی هەمەجۆر
لەناو ئەم گەلەدا هەر لەکۆنەوە ساڵانە ژمارەیەک فێستیڤاڵی فۆلکلۆری دەکرێت، بۆ هەر وەرزە بۆنەیەکی تایبەت بەخۆیان هەیە، لە بەناوبانگترینیان فێستیڤاڵی یاری گۆڵفە، لە زستاناندا چەند تیپێک رێکدەخەن و پێشبڕکێیەکی بۆ سازدەکەن، تیمی براوە گوڵباران دەکرێ و دۆڕاویش دەبێت چەند سەر مانگایەک بۆ ئاواییەکەیان بکڕێت، ئینجا سەریان دەبڕن و هەموو خەڵکەکە بەیەکەوە نان دەخۆن و دواتریش ئاهەنگ و گۆرانی و هەڵپەڕکێ سازدەکەن، فێستیڤاڵی جلوبەرگیشیان هەیە و لەمەدا ژن و پیاو منداڵ و پیر هەموویان جلی رەنگاوڕەنگ دەپۆشن و دەیکەنە کەرنەڤاڵی جلی کەلەپوریی خۆیان. 

سەرچاوە: Qantara.de

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان