هەندێ پیشە لە کۆیە بەرەوە نەمان دەچێت

11:16 - 2023-12-10
دووتوێ
233 جار خوێندراوەتەوە
#گوزەری کورتاندرووان لە کۆیە

راپۆرتی: هاوژین عەبدولواحید

هەر لە کۆنەوە کۆمەڵێک پیشە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە وەک پیشەی دارتاشی، ئاسنگەری، کورتاندروو، پینەدۆزی و پێڵاو دروستکردن..هتد کە بەشێکیان لەناوچوون یاخود  بەرەو لەناوچوون دەچن.
پیشەی کورتاندروو پیشەیەکی زۆر کۆنی بازاڕی قەیسەری شارۆچکەی کۆیەیە کە ساڵانی زوو ژمارەیەکی بەرچاو پیشەوەر لەناو بازاڕەکە هەبوون، هەرچەندە ئێستا ئەم پیشەوەرانە کەمبوونەتەوە، بەڵام بەشێکیان تا ئەمڕۆش لەسەر ئەم کارەیان بەردەوامن.
لەباب و باپیرانەوە ئەم کارەم بۆ بەجێماوە
ئاراس عەزیز پیشەوەرێکی کۆنی شارەکەیە و لە سەرەتای ساڵی 1980 دەستی بەم کارە کردووە و لەسەر دەستی باوکی فێری ئەم کارە بووە و دەڵێت: هەر پیشەیەک و بۆ کاتی خۆی بەهای تایبەتی خۆی هەیە جاران گوێدرێژ و ئەسپ و ماین رۆڵی گرنگیان هەبووە بۆ گواستنەوە و راپەڕاندنی کاروباری رۆژانە شوێن و رۆڵی سەیارەیان گێڕاوە، بێگومان گوێدرێژ و هێستر و بارگیر و ئەسپ پێویستیان بە کەرەستەی وەک کورتان، سەرپارڵو، تەنگە کەژ، گوریس، زین ، لغاو، جڵەو هەیە لە کۆیە لەلایەن کورتاندرووەکانەوە ئەم کەرەستانە دروستکراون. 
لەناو بازاڕی کۆیە گوزەرێک هەیە بەناوی گوزەری کورتاندرووان باسدەکرێت لە ساڵانی شەست و حەفتاکان جمەی هاتووە بۆ کڕینی کورتان سەرەی بۆ گیراوە بۆ کورتان کڕین لە حاجی ئۆمەران و دۆڵی رواندز و خۆشناوەتی و رانیە و قەڵادزێوە هاتوونەتە کۆیە کورتان و زینی کۆیە ناوبانگی باشی هەبووە.

پیشەکە بەرەو لەناوچوون دەچێت
ساڵانی زوو وەستای زۆرمان هەبووە خەریکی ئەم پیشەیە بوون وەک
 وەستا  عەزیز ـ حەمەد ئەمین ـ حوسەین ـ رەشید ـ سەڵاح ـ جەلال ـ کەریم ـ رزگار ـ بەکرـ رەئوف ـ عوسمان ...هتد.
بەڵام ئێستا تەنها دوو وەستا ماوین ئەو پیشەیە بکەین رۆژ بە رۆژ پیشەکە بەرەو کزبوون دەچێت ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێکە یەکێک لەوانە ئەوەیە ئێستا لە گوندەکان لەبری بەکارهێنانی ئاژەڵ بۆ راپەراندنی ئیشەکانیان ماتۆڕ یان سەیارە بەکاردێنن، یاخود کورتانی دەرەکی لە ئێرانەوە بەڕێژەیەکی زۆر هاوردەی هەرێم دەکرێت.

چەند جۆرێک کورتان هەیە
سێ جۆر کورتانمان هەیە وەک ( کورتانی کۆیە، کورتانی عەجەم، کورتانی شێخانی)
کە هەر لە کۆنەوە کورتانی کۆیە ناوبانگی باشی هەبووە ئەوەش لەبەر گرنگیپێدانی باشی وەستاکان بووە بەو کارە و کەرەستەی باشیان بەکارهێناوە، چونکە لە دروستکردنەکەی ئەزموونێکی باشیان هەبووە.
کەرەسەکانیش بریتی بوون لە بەڕە یان جاجم، گوریس، دەرزی و سوژن، (جەگەن) جۆرە گیایەکی تایبەتە بەو کارە لە زۆنگاوەکان دەڕوێت، مەقەست.
دروستکردنی کورتان خولیاو سەلیقەی خۆی دەوێت لە یەکەم هەنگاوی دروستکردنی کورتان، بەپێی پانی پشتی ئاژەڵەکە بە مەقەستێک لباد یان پارچە مافور یان جانم دەبڕی، چەن لبادێک لەسەر یەک دادەنرێت و بەرگی بۆ دەدووری پاشان بە سوژن چواردەوری دەدووری پاشان پووشی تێدەکەیت تاڕاست دەبێت، چەند هەنگاوێکی تریشی دەوێت تا بەجوانی ئامادە دەبێت، لە کورتان شێوازی دروستکردنەکەشی جیاوازە بەپێی جۆرەکانی، لە ئێستاشدا خەڵکێکی زۆر سەردانمان دەکەن لە گوندەکانی کۆیە و دەوروبەرییەوە دێن بۆ کڕینی کورتان.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان