درێژترین وڵاتی دنیا

11:18 - 2023-12-10
دووتوێ
349 جار خوێندراوەتەوە

ئا: مانۆ دڵشاد


كۆمارێكی سەربەخۆ كەوتووەتە باشووری رۆژئاوای كیشوەری ئەمریكای باشوور، ئەم كۆمارە  لە باكوورەوە بۆ باشوور درێژ دەبێتەوە، كۆماریی چیللی پێدەوترێت، كە درێژییەكەی 4828 كیلۆمەترە و بەدرێژایی  وڵاتەكە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆقیانوسی ئارام بە وڵاتێكی درێژكۆلەی كەناراوی هەژمار دەكرێت.
رووبەری چیللی زیاترە لە 626 كیلۆمەتر چوارگۆشە، لە باكوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ پیرۆ، لە رۆژهەڵاتەوە لەگەڵ بۆلیڤیا و ئەرجەنتین، لە رۆژئاواشەوە هاوسنوورە لەگەڵ زەریای هێمن زەوییەكی هەمە چەشنی هەیە و بەشی زۆری زەوییەكانی رۆژئاوای كیشوەری ئەمریكای باشوور پێكدەهێنێت.

ئارامترین و پێشەکەوتووترین
چیللی یەكێكە لە پێشكەوتووترین و ئارامترین ناوچەکانی ئەمریكای باشوور، بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و ئابووری، داهاتی تاك و كەمیی گەندەڵی لە ریزبەندی پێشەوە كیشوەرەكەیە، هاوكات لەرووی سیاسی و دیموكراسییەوە لە دۆخێكی باشدایە و یەكێكە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان.
چیللی بە دیمەنە سەرسوڕهێنەرەكانی بەناوبانگە، وەك دۆڵی مانگ لە بیابانی ئەتاكاما، دەریاچەی تۆریس لە پاتاگۆنیا، گەرووی ماگێلان و دوورگەكانی جەژنی ئیستەر، هەروەها یەكێكە لە گرنگترین وڵاتەكانی بەرهەمهێنانی شەراب لە جیهاندا، چونکە بەناوبانگە بە باخەكانی ترێ  لە دۆڵی مایپۆ و دۆڵی كازابلانكا.

ئیسپانی زمانی رەسمییە
ژمارەی دانیشوانی چیللی زیاترە لە 20 ملیۆن كەس، دانیشتوانی رەسەنی چیللی لەنەتەوەی هیندیە سوورەکانن، بەڵام دوای شاڵاوی ئیسپانیەكان و لەشكركێشیان بۆ ناوچەكە لەگەڵ دانیشتوانەكەی تێكەڵ بوون، هەربۆیە ئێستا زمانی رەسمیی وڵاتەكە ئیسپانییە.
بیزۆ دراوی رەسمیی چیللییە، سانتیاگۆ پایتەختەكەیەتی كە گەورەترین شاری وڵاتەكەیە و  بە ناوەندی ئابووری و رۆشنبیری ناوی دەركردووە ئەم وڵاتەیە شوێنێكی زۆر باشە بۆ ئەوانەی ئارەزووی وەرزشی دەرەوە دەكەن، چونكە دەتوانرێت شاخەوانی و مەلەكردن و پاسكیلسواری و چالاكییەكانی دیكەی تێدا بكرێت.

سەرچاوە: ammonnews

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان