شیرین. ك
لاپتۆپه‌كه‌م كردۆته‌وه هه‌ڵه‌بڕیی وه‌ڵامه‌كانی دوایین چاوپێكه‌وتنێكم ده‌كه‌م. هزرم كۆكردۆته‌وه له‌سه‌ر وشه و پیته‌كان تا شتێكم به‌سه‌را تێنه‌په‌ڕێ یان زۆرترین شتم به‌سه‌را تێنه‌په‌ڕێت، هه‌رچه‌نده هه‌ر تێشده‌په‌ڕێت!!
ماڵه‌كه‌م كشوماته، به‌حاڵ ده‌نگی ده‌ره‌وه ده‌گاته گوێم، به‌ڵام بایی ئه‌وه‌نده نییه سه‌رنجم راكێشێ یان خه‌یاڵه‌كانم په‌رت بكات، وشه‌كانی بابه‌ته‌كه‌م یادگاره خۆش و ناخۆشه‌كان به‌خه‌به‌ر دێنن، ساتێك بزه ده‌مگرێ و ساتێك فرمێسك به‌ری بیناكانم ده‌گرن. له چركه‌یه‌كدا هه‌ست ده‌كه‌م بێده‌نگییه‌كه‌ی ده‌وروبه‌رم شڵه‌قاوه، ورده ورده كشوماتییه‌كه‌ی چوارده‌ورم درز ده‌بات و لێوه‌ی قسه و پێكه‌نین و ئینجا هاوار و قریشكه‌ی خۆشی به روونی ده‌گاته گوێم، بۆ چركه‌یه‌ك گوێ قوڵاغ ده‌بم شه‌قه‌یه‌ك، هاوارێك و ئینجا پێكه‌نین، تێده‌گه‌م شتێك به‌ر یه‌كێك له په‌نجه‌ره یان ده‌رگا شووشه‌كه كه‌وتووه، هه‌رچه‌نده چاوم لێیان نییه، به‌ڵام به ئاشكرا ده‌زانم ئه‌وه كۆمه‌ڵێك مناڵن و له باخچه‌كه‌ی به‌رده‌م شوقه‌كه‌مدا تۆپتۆپێن ده‌كه‌ن، بزه‌یه‌ك ده‌مگرێ (موهیمترین تۆپ ناتوانێت ئه‌و شووشانه بشكێنێن.).
ده‌نگیان، هاوار و پێكه‌نین و قیژه‌یان به روونی ده‌گاته گوێم، حه‌زێك ده‌مگرێ هه‌ستم و بچم ته‌ماشایان بكه‌م، ده‌مه‌وێ وێنای مناڵه‌كان بكه‌م له هزرمدا، روخساریان، ته‌مه‌نیان، جلوبه‌رگه‌كانیان، به‌ڵام شنه‌بای یادگارییه‌كان وێنه‌كان به‌ره‌و زه‌مه‌نێكی دوور، زۆر دوور ده‌بات ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی كه:
(له ژووره‌كه‌ی خۆم داده‌نیشتم و به جۆرێكی وا له‌گه‌ڵ وانه‌كانمدا گه‌رم ده‌بووم، جیهانی ده‌وروپشتم بیرده‌چۆوه. ته‌نانه‌ت په‌نجه‌ره گه‌وره‌كه‌ی ژووره‌كه‌م نه‌ده‌دی، ئه‌و جاده و كۆڵانه‌ی لێوه‌ی دیار بوون سه‌رنجیان رانه‌ده‌كێشام، ده‌نگه ده‌نگ و قاوقیژی مناڵه چه‌قاوه‌سووه‌كانیش له‌بیری وانه‌كانم رزگاری نه‌ده‌كردم، به‌ڵام جارجار ده‌نگێكی زیقاوڵه‌ی ناخۆش له‌و خه‌وه‌ی راده‌چڵه‌كانم، قورساییه‌ك ده‌هات به‌سه‌رما و به‌شێك له‌وانه‌كانمی بیر ده‌بردمه‌وه، ئه‌و ده‌نگه به جۆرێك رقی هه‌ڵده‌ستاندم به‌ده‌ستم بوایه خاوه‌نه‌كه‌یم بكوشتایه و ده‌نگم لێی ببڕیایه، كه له‌پڕ هاواری ده‌كرد:
-ئاوی نه‌باته... تـه... تـه...
ئه‌و چه‌ند هاواری بكردایه، من ئه‌وه‌نده‌ی تر قسه‌م پێده‌وت و له‌به‌رخۆمه‌وه ده‌م بۆڵاند، هه‌روا له جێی خۆشمه‌وه بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسم سه‌یرێكی شه‌قامه‌كه بكه‌م و ئه‌و مناڵه ده‌نگ ناسازه به‌دی بكه‌م، تا بزانم سه‌رو سه‌كوتیشی وه‌كو ده‌نگه‌كه‌ی ناله‌باره یان نا، به‌ڵام تاقه‌تم نه‌بوو هه‌ڵسم، به‌لای خۆمه‌وه هه‌ڵسانه‌كه‌م بێ سوود ده‌دی، چونكه گه‌ڕانێكی باشی ده‌ویست تا له‌ناو ئه‌و هه‌موو منداڵانه‌دا بیدۆزمه‌وه كه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه كردبوویان به رۆژی خۆیان، له‌به‌رئه‌وه به ناچاریی په‌نجه‌م ده‌ئاخنییه گوێم و به هه‌زارحاڵ و ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر له‌بیر خۆمم ده‌برده‌وه).
شه‌قه‌یه‌كی تری تۆپه‌كه‌یان كه به‌ر شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌كه كه‌وت هێنامییه‌وه ئێستا، ئه‌مجاره حه‌زه‌كه‌م زاڵ بوو بۆ ئه‌وه‌ی بڕۆم ته‌ماشایه‌كیان بكه‌م، هه‌ر وه‌كو به‌بینینیان وێنه ته‌ڵخه‌كه‌ی یاده‌وه‌ریم روونتر ببینم، وه‌كو ئه‌وه‌ی به ته‌ماشاكردنیان له په‌نجه‌ره‌كه‌ی ئێستامه‌وه په‌نجه‌ره‌كه‌ی ئه‌وسا و دیمه‌نه‌كانی باشتر ببینم، لاپتۆپه‌كه‌م داخست، ویستم هه‌ستم كه دركم كرد ده‌نگه ده‌نگه‌كان گۆڕاون و قیژه و هاوار و ده‌نگی تۆپ نایه‌ت، گوێ قوڵاغ بووم ده‌نگی پیاوێك كه به یه‌ك تۆن قسه‌ی ده‌كرد، ئیتر كشوماتییه‌كه گه‌ڕایه‌وه، به‌په‌له هه‌ستام به‌ره‌و هۆڵه‌كه چووم، له‌وێوه بۆ باڵكۆنه‌كه، كۆمه‌ڵێك مناڵ له باخچه‌كه‌وه به‌ره‌و رێڕه‌وه‌كان ده‌چوونه ده‌رێ و پیاوێكیش كه به‌رگی سكوریتی له‌به‌ردا بوو له دوایانه‌وه ده‌ڕۆشت، روخساری كه‌سیانم نه‌دی، هه‌رچه‌نده له‌م جێگه‌یه‌ی خۆمه‌وه ئه‌گه‌ر رووشیان له من بوایه چاوم بڕی نه‌ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و ئێواره‌یه‌ی كه (ده‌ستم خستبووه گیرفانی رۆبه‌كه‌م و به چاوی بێ ئیشی و كات به‌سه‌ربردن له‌سه‌ربانه‌كه‌مانه‌وه سه‌یری شه‌قامه‌كه‌ی به‌رده‌مم ده‌كرد، شه‌قامه‌كه ورده ورده بێده‌نگ ده‌بوو، زۆربه‌ی مناڵان به‌ره‌و ماڵی خۆیان ده‌كشان، تاك و ته‌را مابوونه‌وه، یه‌كێ له مناڵه‌كان له‌سه‌ر شۆسته‌كه گرمۆڵه ببوو، له‌وه ده‌چوو سه‌رمای بێ، هه‌رچه‌نده زۆر ساردیش نه‌بوو، ئێسك سووك و خنجیلانه، پێست سپی و كاكۆڵ زه‌رد، ئه‌ندام باریك و لاوازبوو، شه‌رواڵێكی ره‌شی كورت و چاكه‌تێكی بیجامه‌ی زلی له‌به‌ردابوو كه دوانی وه‌ك خۆی پێوه ده‌چوو، له‌وه ده‌چوو هی كه‌سێكی له خۆی گه‌وره‌تربێ، له‌م سه‌رنج و بیركردنه‌وانه‌دا بووم ده‌نگه‌كه رایچڵه‌كاندمه‌وه:
-ئاوی نه‌باته... تـه... تـه...
به‌ڵام ئه‌مجاره ده‌نگه‌كه ناسك بوو، زیقاوڵه نه‌بوو وه‌كو ئه‌وه‌ی پێشتر، ئه‌و مناڵه ئێسك سووكه بوو ئه‌و هاواره‌ی ده‌كرد، سینییه‌كی فافۆنی كۆنی له ته‌نیشت خۆیه‌وه دانابوو، دیاربوو سینییه‌كه زۆر له پێش بوونی خۆیه‌وه كڕدرابوو، هه‌ندێك كاغه‌زی لوول دراوی باریكی له‌سه‌ر ریز كردبوو له خۆی ده‌كرد له باریكیدا...
-ئاسۆ... دایكم ده‌ڵێ ئێواره‌یه دره‌نگه... بابێته‌وه.
ئێواره داهاتووه، مناڵه‌كانی ئه‌م ستییه وا زوو ناڕۆنه‌وه تا دره‌نگانی شه‌و له‌م باخچه و یاریگایه‌دا یاری و تۆپتۆپێن ده‌كه‌ن، به سكۆته‌ره‌كانیان به‌سه‌ر رێڕه‌وه كاشییه‌كانی نێوان باخچه‌كاندا دێن و ده‌چن، به‌ڵام چوونه ناو ئه‌و باخچانه‌ی به‌رده‌م شوقه‌كان قه‌ده‌غه‌یه نه‌خوازه بۆ تۆپتۆپێن. بۆیه هه‌ر له دووره‌وه ده‌یانبینم و به‌حاڵ ده‌نگیان ده‌گاته گوێم، هیچ یاده‌وه‌رییه‌كیشم بۆ جێناهێڵن!
*نووسینی نێوان كه‌وانه‌كان له چیرۆكی ئاوی نه‌بات-ه‌وه وه‌رگیراوه، كه یه‌كێكه له چیرۆكه‌كانی كۆمه‌ڵه چیرۆكی (پێش ئه‌وه‌ی تاریك دابێ).