ناسنامەی خۆت لەدەست مەدە

11:23 - 2023-12-17
دووتوێ
170 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی


هەندێکجار ئەوەندە لە پەیوەندی سۆزداری یان هاوسەریدا قووڵ دەبینەوە بەجۆرێک هەستدەکەین وردە وردە ناسنامەی تایبەت بە خۆمان کاڵ دەبێتەوە، تا وایلێدێت رۆژێک دێت خۆمان ناناسینەوە، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی بیری باو بەجۆرێکە وا دەزانین کاتێک یەکێکمان خۆشدەوێت دەبێت لە هەموو شتێکدا هاوبەشی بین و بەشداری ژیانی بکەین تا وایلێدێت هیچ جۆرە ئازادییەکی کەسیی یان پێناسەیەکی تایبەت بەخۆمان نامێنێت، ئەوەش وادەکات ژیانی خۆمان و ئەوی دیکەش تێکبچێت و وا هەستبکەین لە پەیوەندییەکداین ناتوانین تێیدا بە ئازادی هەناسە بدەین.

پەیوەندی تەندروست
پەیوەندی تەندروست بەشداریکردنە لە ئاستێکی دیاریکراودا واتا دەکرێت هاوبەشی ژیانی یەک بن، بەڵام ناکرێت لە هەموو شتێکدا هاوبەش بن و ببن بە کۆپی یەکتر، هەروەها ناکرێت بەردەوام داوا لە هاوبەشی ژیانت بکەیت لە هەموو ژیانتدا بەشدار بێت و بەو داواکاریانە بیخنکێنیت، لەبەرئەوەی دوو کەسی کۆپی یەک لە پەیوەندییەکدا ئەنجامێکی زۆر کرچوکاڵ و بێ تامی لێدەردەچێت، لەبەرامبەردا ئەو پەیوەندییەی تێیدا دوو مرۆڤ لە هەندێ حەزو ئارەزوودا یەک دەگرن یان لەبەر یەک دەیکەن و لەوانی دیکەدا هەندێک لە پانتایی و ئازادی دەدەن بە یەکتر سەرکەوتووتر دەبێت، واتا ئەو چالاکی و خولیایانەی بەجیا حەزی پێدەکەن لەگەڵ هاوڕێ یان ئەندامانی خێزاندا بیکەن مەرج نییە ئەوی دیکە تێیدا بەشدار بێت یان ناچار بێت تێیدا بەشدار بێت، چونکە ئەو جۆرە لە پەیوەندی سەرکەوتووترە هاوکات هیچ لایەک تێیدا هەست ناکات ئەوی دی ناسنامەی سڕیوەتەوە.
هەندێ تایبەتمەندی لە ژیانی هاوسەریدا هەیە دەکرێت بەهۆیەوە پارێزگاری لە ناسنامەی کەسیی خۆت بکەیت لەوانە:

کاتی من 
هەمیشە لە رۆژەکەدا کات و شوێنی تایبەت بەخۆت هەبێت تێیدا ئەو کار یان چالاکییانە بکە کە خۆت چێژیان لێدەبینیت و حەز دەکەیت بە تەنیا بیکەیت، بۆ نموونە بەتەنیا کتێبێک دەخوێنیتەوە یان وەرزش دەکەیت یان کەمێک بۆ ئارامکردنەوەی مێشکت پیاسەیەک دەکەیت..هتد دەتوانیت ئەوە ناو بنێیت «کاتی من».

سەربەخۆیی دارایی
سەربەخۆیی دارایی فاکتەرێکی گرنگە بۆ پاراستنی ناسنامەی کەسیمان و ئەوە هەڵەیە دوو هاوسەر لە هەموو خەرجییەکانی ژیانی خۆیان و ماڵ و خێزاندا داهاتیان یەک بێت، چونکە هەمیشە مرۆڤ ئارەزووی ئەوە دەکات داهاتێک هەبێت تەنیا بۆ خۆی بێت و بۆ خودی خۆی خەرجی بکات بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک بە وتەی ئەوەی پارەمان یەکە، چونکە کاتێک پارەت یەک بوو هەستدەکەیت بەستراویتەتەوە و لەڕووی داراییەوە هیچ جۆرە بڕیارێک بە دەست تۆ نییە و هەست بە سڕینەوەی ناسنامەت دەکەیت، دەکرێت داهاتێک هەبێت بە هاوبەشی بۆ خەرجییەکانی ماڵ دایبنێن، بەڵام داهاتێکیش هەبێت تەنیا خۆت لێی بەرپرس بیت. 

سنوورە کۆمەڵایەتییەکان
دروستکردنی سنووری کۆمەڵایەتی کارێکی باشە لەنێوان هاوسەراندا هەبێت بەو پێیەی مەرج نییە هەردووکیان لە هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا پێکەوە بەشدار بن، دەکرێت بەشێک لە ئازادی بدەن بە یەکتر بۆ بڕیاردان لەبارەیەوە، واتە ئەگەر بانگهێشت نەکرایت بۆ نانخواردنی ئێوارە یان نیوەڕۆ، یان دەرەوە لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی هاوسەرەکەت بە هەڕەشە وەریمەگرە دەکرێت ئەوە جۆرێک بێت لە پانتایی ئازادی بیدەن بە یەک بۆ پارێزگاریکردن لە ناسنامەی خۆتان.

سنووری بڕیاردان
زۆرجار دەبینین هاوسەران لە هەندێ وردەکارییدا تەدەخول دەکەن و هیچ ئازادییەک بۆ بەرامبەر ناهێڵنەوە تا دواجار لەو پەیوەندییەدا ناسنامەیان بە تەواوەتی دەسڕنەوە، راستە بڕیاردان وەک دوو هاوسەر گرنگە، بەڵام رێزگرتن لە بڕیاری یەکتر لە هەندێ مەسەلەدا زۆر پێویستە، رەنگە بڕیارەکە پەیوەندی بە پیشەوە هەبێت یان پەیوەندی بە تەندروستی و جەستەی خۆتەوە هەبێت، دەکرێت رای بەرامبەر وەربگیریت، بەڵام دوا بڕیاری لای خۆت بێت بۆ نموونە بڕیاری وەرگرتنی وەزیفەیەک یان بڕیاری ئەوە دەدەیت خۆت لاواز بکەیت یان رەنگی قژت بگۆڕیت..هتد، دواجار پەیوەندی سەرکەوتوو یەکگرتن و هاوبەشییە لە هەندێ خاڵدا و ئازادییە لە هەندێکی دیکەدا.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان