سۆشیال میدیا و رۆڵی لە زیادکردنی ئاگایی تەندروستیدا

11:26 - 2023-12-17
دووتوێ
207 جار خوێندراوەتەوە

ژیار حسێن


سۆشیال میدیا یاخود «میدیای کارلێکی، میدیای تۆڕ و میدیای ژمارەیی» کە هەریەکەیان وەک ناوەکانی میدیای نوێ دەشێ بۆ وتن شیاو بن، روویەکی تری کرانەوە و  گەشەسەندنەکانی تەکنەلۆجیا و ئێستای ژیانی زۆرینەی هاووڵاتیانە، لە هەر کوێیەک هەبن پاوانی کردووە و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەوە. 

 میدیای نوێ
هەروەک زانرەوە میدیای «نووسراو، بینرا و بیستراو» جۆرە سەرەکی و باوەکانی بواری رۆژنامەگەرین، بەڵام ئێستای بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیا، بواری میدیای دابەشکرد بۆ دوو بەشی سەرەکی، کە بەشێکیان لە «گۆڤار، رۆژنامە و میدیای کاغەزیی و کەناڵە تەلەفزیۆنی و رادیۆکان» دا خۆیان دەبینیەوە، ئەوی تریان لە مۆبایلە زیرەکەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆیان بەرجەستە دەکەن.
لە ژیانی ئەمڕۆدا میدیای نوێ شۆڕشێكی گەورەی زانیاری بەرپاکردووە كە بێ هەستکردن، زۆرینەی تاكەكانی كۆمەڵگەی پێوە سەرقاڵن و هزریانی تەنیوە، سەرەڕای ئەوەش خۆی خزاندۆتە نێو دەستی هەموومان و بەجۆرێکە لەڕێگەی مۆبایلە زیرەكەكان و بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، هاوکات سوود وەرگرتن لێی لە بڵاوكردنەوەی وێنە و هەواڵ و ڤیدیۆ و سەرجەم ئەو بابەتانەی دەمانەوێت لە تۆڕەكان بڵاویبكەینەوە، سنورەکانی کایەی رۆژنامەنووسیشی گۆڕیوە.
بەدەر لەوەش پەرەسەندنی چەندان پڕۆگرامی جیاواز و جۆربەجۆر توانایان هەیە شێوازەكانی مۆنتاژی ڤیدیۆیی تێیاندا بەرجەستە ببێت و تەنانەت بە ئاسانیش دەتوانین پەخشی بكەین و لەڕێگەیەوە خەڵکی بینەری ببن، ئەوەشی وای کردووە میدیای نوێ لەڕێگەی سپۆنسەرییەوە لە سۆشیاڵ میدیا و پلاتفۆڕمە جیاوازەکانیەوە بە ئامانجی زیادکردنی پانتایی بینەر ببێتە بژاردەی زۆرینە.

هۆشیاری تەندروستی
وەک هەر بوارێکی دیکە تەندروستیش بێبەش نەبووە لە میدیای نوێ، هەبوونی چەندان ئەکاونت و پەیج گەواهیدەری ئەو راستییەن، پێش پەیدابوونی میدیای تۆڕ دەبوایە لاپەڕەی رۆژنامەکانمان هەڵبدابایەوە بۆ خوێندنەوەی بابەتێکی تەندروستی، بەڵام ئێستا بە نووسینی ناوی نەخۆشییەک زانیاری ورد دەخوێنیتەوە چەندان کەسی پسپۆڕ لەبارەیەوە دواوە، پرسیارەکە ئەوەیە «ئایا میدیای نوێ رۆڵی هەبووە لە گەشەکردنی هۆشیاری تەندروستی تاکەکان؟»  ئەم پرسە دوو وەڵام هەڵدەگرێت کە بریتین لە : 
* بەهۆی ئەوەی لە میدیای کارلێکیدا گەیاندنی زانیارییەکان خێرایە و گەیشتن بە سەرچاوەی زانیارییەکان ئاسانترە، کەواتە راست بەکارهێنانی دەکرێت بتگەیەنێت بە ئاستێکی باشی هۆشیاری تەندروستی بەنموونە «سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هەموو تاکێک زانیاری وردی هەبوو لەسەر چۆنیەتی گواستنەوەی نەخۆشییەکە، بگرە ئەگەر زیاتریش بڵێین ببووە تاکە سەرچاوەی سەرەکی زانیاریی بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لەڕێگەیەوە هۆشیاری وەرگرتنی پێکوتەی کۆرۆنایان پێ بدرێ» .
* دروستبوونی کۆمەڵێک پەیج و ئەکاونت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا زۆرکات زانیاری هەڵە و میزاجی و دوور لە بنەمای لۆژیکی دادەبەزێنن دوورن لە هەر سەرچاوەیەکی زانستی راست و دروست ئەمەش وادەکات خوێنەر تووشی بێزاریی بکات و ترس و دڵەڕاوکێی بەردەوامی بۆ دروستبکات.

گرنگی خۆی هەیە
کەواتە بۆمان دەردەکەوێت میدیای نوێ گرنگی و تایبەتی خۆی هەیە لە گەیاندنی زانیاریدا و کەمترین ماندووبوونی دەوێت بۆ دەستخستنی زانیاری، بەتایبەت لە بواری تەندروستیدا شۆڕشێکی هۆشیاری گرنگ بەرپا دەکات، بەڵام پێویستی بە یاسایەکە بۆ رێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی وەک چۆن یاسایەکی تایبەتمەند هەیە بە یاسای رۆژنامەگەری میدیایی، بەدڵنیاییەوە ئەم یاسایەش سوودێکی ئەوتۆ لەخۆی دەگرێت و رێگر دەبێت لە بڵاوکردنەوەی زانیاری بێ سەرچاوە و بێ ناوەڕۆک و بێ بنەما، ئەوکات دەکرێ بڵێین رۆڵیان لە هۆشیاریی و ئاگایی تەندروستیدا زیاتر دەبێ.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان