مەترسیی خەمۆکیی لای هەرزەکار

11:28 - 2023-12-17
دووتوێ
204 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان

خەمۆکی هەرزەکاران یەکێکە لەو کێشانەی لە سەردەمی ئەمڕۆدا بەشێوەیەکی مەترسیدار لە هەرزەکاراندا زیادیکردووە، بەجۆرێک دەردەکەوێت کاتێک هەرزەکارەکە هەستی پێزانینی و متمانە بە خودی خۆی زۆر کەمدەبێتەوە، بێگومان جگە لە گەشەسەندنی کۆمەڵگە و ئەو ژیانە خێرایەی ئێستای تاکەکانی کۆمەڵگە هەندێ هۆکاری دیکە هەیە وا دەکەن هەرزەکار تووشی خەمۆکی بێت و ئەگەر زوو پێی نەزانرێت و چارەسەر نەکرێت ئەنجامی مەترسیداری دەبێت، بۆیە لێرەدا هەندێ ئامۆژگاری دەخەینەڕوو بۆ دایکان و باوکان بۆئەوەی بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرزەکارەکەیاندا بکەن تا لەو دۆخە خەمۆکەی تێیکەوتووە دەریبێنن.

نیشانەکانی
-هەستکردن بە بێزاریی و بێ میزاجیی و ئەوەش یەکێکە لە نیشانە دیارەکانی خەمۆکی لای هەرزەکار کە بەبێ هۆ بێتاقەت و بێزار و خەمبارە، جگە لەوەی هەستی بێ متمانەیی و بێ نرخیی لای زیاد دەکات بەبێ ئەوەی هۆیەکی دیاریکراو بۆ ئەوە هەبێت، بەجۆرێک ناتوانێت لەو خەمۆکی و خەمبارییە بێتە دەرەوە.
-یەکێکی دیکە لە نیشانەکانی خەمۆکی هەرزەکار گریان و خەمباری زۆرە بەتایبەت هەرزەکاری کچ هەستەکانی تێکەڵ دەبێت و ناتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات و بێ هیچ هۆیەکی دیاریکراو دەستدەکات بە گریان.
 -هەستکردن بە بێهوودەیی یەکێکی ترە لە نیشانەکانی خەمۆکی هەرزەکار تەنانەت لەکاتی بوونی رووداو یان هۆکارەکانی دڵخۆشیدا بێهوودەیە و وا هەستدەکات ژیانی بەرەو باشتر ناگۆڕێت و ژیان ئەوەی حەزی لێیەتی لێیدەستێنێت، تەنانەت هەندێکجار ئەوە وادەکات هەرزەکار گرنگی بەروخساری دەرەوە و پاکوخاوێنی خۆی نەدات.
-نەبوونی متمانە بەخود رەنگە یەکێک بێت لە دیارترین نیشانەکانی خەمۆکی لای هەرزەکار و کاتێک هەست بە بێ نرخیی و بێ متمانەیی دەکات و لە شێوەی دەرەوەی یان کارەکانی خۆی رازی نییە و لە هەموو کارێکدا هەست بەشکست دەکات.

ئامۆژگاری بۆ دایکان و باوکان
*کار بکە بۆ پاڵپشتیکردن و دیاریکردنی ئەو تایبەتمەندییانەی منداڵە هەرزەکارەکەت لە خۆیدا پێزانینی بۆ هەیە، چونکە رەنگە ئەوە کلیلی باشکردنی میزاجە خەمۆکەکەی بێت، واتا باسکردنی خەسڵتە باش و جوانەکانی لەبەرچاوی خۆی.
* فێری بکە سیفاتە باش و سەرکەوتووەکان لە کەسێتیدا دیاری بکات لەڕێگەی هاندان و پاڵپشتیکردن و گەشەپێدانی دیدگای پۆزەتیڤ بۆ خودی خۆی.
*وازبێنن لە رەخنەگرتنی بەردەوام لە منداڵەکانتان کە خەمۆکییان هەیە، دەبێت بزانن ئەوان بەرامبەر کۆمێنتە نێگەتیڤەکانتان زۆر هەستیارن و وایانلێدەکات ئەوەندەی تر بەشێوەیەکی نێگەتیڤ لەخۆیان بڕوانن.
*پەنا بردنە بەر چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە حاڵەتی تەشەنەکردنی خەمۆکی منداڵە هەرزەکارەکەت یان ئەگەر هەستت کرد بەهیچ شێوەیەک بەرەو باشتر ناڕوات و ناتوانێت بە تەنیا لەو خەمۆکییە بێتە دەرەوە.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان