فێستیڤاڵی شەڕە پرتەقاڵ

11:29 - 2023-12-17
دووتوێ
155 جار خوێندراوەتەوە

دەگێڕنەوە لە سەدەی دوانزیەم لە ناوچەی « ئێڤێرا»ی ئیتالیا پادشایەکی زۆردار و خوینڕێژ هەبووە، لە تەمەنی پیریەوە حەزی لە کچێکی گەنجی خزمەتکاری خۆی کردووە و داوای کردووە شوی پێبکات، کچەش نەیوێراوە قسەکەی رەت بکاتەوە نەبادا زەبرێکی لێ بدات، بەڵام پەیمانی داوە ئەو مەرامەی بەدی نەهێنێت، شەوێکیان کاتێک پادشا دەچێتە ژووری نوستن، خۆی لێ مەڵاس دەداو دەچێتە سەری بە شمشێرێک سەری دەبڕێت و خۆی لە دەستی رزگار دەکات، کە هەواڵی کوژرانی ئەو زاڵمە بڵاودەبێتەوە و جاڕی کۆتایی زوڵم و زۆرداری لێ دەدرێت، خەڵکی ئاوایی ئاهەنگ دەگێڕن، بەو پێیەی لەو سەردەمە ئەو ناوە درەختی پرتەقاڵی زۆری لێ بووە و بەرهەمێکی باشی هەبووە، دەچن هەرچی پرتەقاڵی درەختەکان هەیە لێی دەکەنەوە و دەیبەن و دەیگرنە کۆشک و باڵەخانەی پادشا، پەنجەرەکانی دەشکێنن، دارودەستەی کۆشکیش کە حەشاماتی خەڵک دەبینن رادەکەن و جەماوەر کۆشک ئازاد دەکات، لەوکاتەوە ئەو یادە بە شەڕە پرتەقاڵ دەکرێتەوە و بۆتە فێستیڤاڵێکی هەمەڕەنگ و جوان.

وەرزی پێگەیشتنی پرتەقاڵە
ئەو فێستیڤاڵە هەموو ساڵێک لە وەرزی پێگەیشتینی پرتەقاڵ و لەزستاندا بەڕێوە دەچێت، سێ رۆژ دەخایەنێت و هەزاران کەس بەشدار دەبن، ژمارەیەک گروپ لە کوڕان و کچان دروست دەکەن و پێشتر دەبێت خۆیان ناونوس بکەن و گرێبەست لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان مۆر بکەن کە هیچ کەلوپەلێک لە پرتەقاڵەکانیان نەبەستن یان گازی سڕکەری پێدانەکەن و خەڵکی ئازار بدەن، 4 بۆ 5  هەزار بەشدار دەچنە ناو شەڕە پرتەقاڵ و دەیان دادوەر و چاودێر ئامادە دەبن بۆ هاوکاریکردن و رێنمایی و رێگرتن لە پێشێلکارییەکان، زیاتر لە 100 هەزار بینەریش ئامادە دەبن، بەشداربووەکان تا پێیان بکرێت پرتەقاڵ لەگەڵ خۆیان دەبەن و هەریەکەشیان هاوکارێکی هەیە بۆ داگرتنەوە و پڕ چەککردنی، هەیە عارەبانەیەک پرتەقاڵ لەگەڵ خۆی دەبات و شاگردەکانی هاوکاری دەکەن، بۆئەوەی ئازاریان پێ نەگات جلی ئەستور لەبەر دەکەن و پێڵاوی قەبەو دڕ لەپێ دەکەن، کڵاو یان خودە دەکەنە سەریان، تا پرتەقاڵەکانیش نەرم و گەنیوتر بن ئەوەندە کاری خۆیان دەکەن، چونکە بەسەر نەیارەکانیاندا دەپڵیقێنەوە.

ئەو سێ رۆژە پشووە
 یاریکەر یان بەشدار بە هەموو هێزو توانایەوە پرتەقاڵ دەگرێتە گروپی بەرامبەرو ئەوانەی زۆردەکەون یان دەپێکرێن یان توانایان نامێنێت ئەوانە دۆڕاون و ئەوانەش کە تاکۆتایی سێ رۆژەکە بەرگەی شەڕە پرتەقاڵ دەگرن و بەجۆش و خرۆشەوە بەردەوام دەبن و خاڵی زۆر تۆماردەکەن ئەوان براوەن، ئەو فێستیڤاڵە بۆتە نەریتێکی باو بۆ رەتکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆرداری.
ئەو سێ رۆژە لەسەر یەک دەبێتە کەرنەڤاڵێکی خۆش و لەکۆتا رۆژیشدا ئاهەنگ و سەما دەکەن و خواردنی خۆش دەخۆن، لەو رۆژانەدا لەو شارە خەڵکی خۆیان بۆئەو فێستیڤاڵە تەرخان دەکەن و کراوەتە پشووی فەرمی، شارەکەش لە نزیک تۆرینۆیە و ژمارەی هاوڵاتیانی 25 هەزار کەسە، لە فێستیڤاڵی لەمساڵیشدا  165 کەس بەهۆی شەڕە پرتەقاڵەوە بریندار بوون و گەیەنرانە نەخۆشخانە.

سەرچاوە: Italien.de

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان