مناڵ و كۆنترۆڵ

11:39 - 2023-12-17
دووتوێ
382 جار خوێندراوەتەوە

مناڵ و كۆنترۆڵ


مناڵ وەكو نەمام وایە، راستە دەبێت نەمام چاودێری بكرێت و ئاو بدرێت، بۆ ئەوەی باڵا بكات و گەورە بێت، بەڵام هەرچییەك بكەیت نەمام هەر لەناو سروشتدایە و ناتوانیت لەسەرما و گەرمای سروشت بپارێرێزت، بۆیە دەبێت سەرما و گەرمای بەربكەوێت ئینجا گەورە دەبێت. دایكان و باوكانیش ناتوانن مناڵەكانیان لەناو شووشەدا گەورە بكەن، بۆیە دەبێت لێگەڕێن مناڵەكانیان بە شێوەیەكی سروشتی گەورە بن.
ئەگەر دایكان و باوكان مناڵەكانیان لە ژێر كۆنترۆڵی خۆیان دەربێنن و ئازادیان بكەن، دەرگای ژیانیان بەڕوودا دەكەنەوە. گەورەترین قوربانی كە دایك و باوك بۆ مناڵەكەیان بیدەن ئەوەیە، هەتیوی بخەن پێش ئەوەی بە واقیعی هەتیو بكەوێت.
 ئەمە زۆر گرنگە، چونكە بەم شێوەیە ئامادەی دەكەن بۆ ئەوەی بچێتە ناو جیهانەوە. دایكێك دەستی مناڵەكەی دەگرێت و دەیبات بەملاو بەولادا، هەتا دەستی دەگرێت هیچ قوربانییەكی نەداوە، كاتێك دەستی بەردەدات دڵی دایكەكە لە ژێر پێی مناڵەكەیدا لێدەدات، نەبا بكەوێت، نەبا قاچ و رانە بچووكەكانی بریندار بن، دایك و باوك دەپرسن دەبێ چی بكەن بۆ ئەوەی مناڵەكەیان نائومێد نەبێت، وەڵام ئەوەیە ناتوانن هیچ شتێك بكەن، مناڵەكەیان لە جێگایەكی ژیاندا نائومێد دەبێت، دڵی دەشكێت، عاشق دەبێت، تەنیا گرنگ ئەوەیە بزانین هەر هەموومان بە مناڵانیشەوە بەر دیوار دەكەوین، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئایا دوای ئەوەی بەر دیوار دەكەوین چۆن دەتوانین لەسەر پێی خۆمان بوەستینەوە؟ ئەوەی كارەكتەری مرۆڤ دروست دەكات ئەوە نییە بەر دیوار نەكەوێت، جیهان پڕە لە دیوار، هەرچەندە وریای خۆشی بێت بەر دیوار دەكەوێت، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا ئێمە مناڵەكانمان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی كاتێك بەر دیوار دەكەون بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستنەوە؟ چۆن دەتوانین ئامادەیان بكەین؟ بە ئازادكردنیان بۆ ئەوەی خۆیان رووبەڕووی ژیان ببنەوە و خۆیان شتەكان ئەزموون بكەن.

هێلین محەمەد

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان