هێڤی، زۆر گرنگە ژن کاری خۆی هەبێت

11:41 - 2023-12-17
دووتوێ
408 جار خوێندراوەتەوە

چاوپێکەوتنی: هاوژین عەبدولواحید
لە هەموو کات و سەردەمێکدا ژنان رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە کۆمەڵگەدا زۆرێکیان جێ پەنجەیان دیاربووە و لە هەموو سێکتەرەکانی ژیاندا لە کارەکانیاندا بەهرە و توانای سەرنجڕاکێشیان هەبووە، هاوکات هەوڵی خۆبەرەوپێشبردنیان داوە.

بەهرەکانم منیان تا ئێرە هێنا
هێڤی عوسمان دانیشتووی قەزای کۆیەیە و بە شیرینییەکانی سەرنجی کڕیارەکانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، هێڤی دەرچووی کۆلێژە بەهۆی دەستنەکەوتنی کار لە پسپۆڕیەکەی خۆی بیری لەوە کردۆتەوە ببێت بە خاوەن کاری خۆی.
لەبارەی سەرەتای دەست بەکاربوونەکەییەوە وتی: چەند ساڵێکە لە کۆلێژ دەرچووم و بیرم لەوە کردەوە خۆم خەریک بکەم بە کارێکەوە هەم سوودی مادی هەبێت بۆم هەم سوودی مەعنەوی کە لەدەستبەتاڵی رزگارم ببێت سەرەتا بە شیرینییە ئاسانەکان دەستمپێکرد و شیرینیم دروست دەکرد و دامدەنا لە مارکێتەکان فرۆشێکی باشی هەبوو پاشان ویستم لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرهەرهەمەکانم ساغ بکەمەوە دوو ساڵ بە ئۆنلاین کارم کرد، لەڕێگەی سناپ و ئینستاگرامەوە سوپاس بۆخوا مشتەری باشم هەبوو تەنانەت تا ئەو رادەیەی زۆرجار لەماڵەوە بە تەنها پێڕانەدەگەیشتم پێویستم بەهاوکاری کەسی تر هەبوو، هەربۆیه بڕیارمدا دوکانێکی شیرینی بکەمەوە.

پاڵپشتیی خێزان زۆر گرنگە 
خێزان قەڵغانێکی زۆر گرنگە پاڵپشتیەکانیان وزەت پێدەخشێت و وادەکات نەوەستیت و ماندوو نەبیت و بەردەوام بیت من زۆر دڵخۆشم بە پاڵپشتیی خێزانەکەم هانیان داوم بۆ کارەکەم ئەمە وایکردووە من هەنگاوی باشتر بنێم بۆ کارەکەم، بەربەست و رێگریی و شکاندن هەبووە، بەڵام پێویستە زاڵبیت بەسەر هەموویاندا، چونکە کارکردنی ژن لە دەرەوەی ماڵ کەمێک خۆڕاگریی دەوێت.

شیرینی هەمە چەشن ئامادە دەکەم
ئەو شیرینیانەی ئامادەیان دەکەم زۆرن، بەڵام زیاتر کولیچەیە، چونکە خواستێکی باشی لەسەرە و پڕفرۆشترینە هاوکات هەموو جۆرە کێکێک دروستدەکەین کێکی سادە و کونجی و شەکرلەمە کێکی ئاهەنگی لەدایکبوون، کێکی دەرچوون و خەنەبەندان و بۆنەو ئاهەنگەکان، هەروەها پیتزا و بۆرەکمان هەیە لەگەڵ بەپێی خواستی هاووڵاتیان کەلانە و ناسکەنان و نانی هەورامی دروستدەکەین. 

ببنە خاوەن کاری خۆیان
زۆر گرنگە ژن لە رۆژگاری ئەمڕۆدا کاری خۆی هەبێت، چونکە شان بەشانی پیاوان خانمان دەتوانن ببنە خاوەن کاری خۆیان بۆ دەستکەوتنی داهاتی خۆیان و دابینکردنی پێداویستیەکانیان جا بەپێی ئەو بەهرەیەی هەیانە، هەروەها زۆر گرنگە بەهرەکانی خۆیان بدۆزنەوە و پەرەی پێبدەن و نەترسن و هەنگاو بۆ بەدیهێنانیان بنێن.
من خۆم هەلی کارم بۆ سێ ژنی دیکە دابینکردووە لە دوکانەکەم و نزیکەی 10 سەعات کاردەکەین خەڵک زۆر شیرینییەکانیان بەدڵە هەم لەڕووی تام هەم لەڕووی نرخیشەوە ئەمەش دڵخۆشمدەکات وادەکات زیاتر گرنگی بەکارەکەم بدەم و بەردەوام بم.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان