کەسی رەفتار کەشخە کێیە؟

09:39 - 2023-12-24
دووتوێ
165 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی




پارەت زۆرە و جلوبەرگی کەشخە و گرانبەها لەبەردەکەیت، ئۆتۆمبێلی نوێ و دوا مۆدێلت پێیە، دەچیتە شوێن و یانەکانی تەنیا توێژە های کلاس و بەرزەکانی لێیە، بەڵام هەموو ئەوانە وات لێدەکات کەسێکی رەفتار کەشخە و بەرز بیت، ئەوەی عەرەب پێیدەڵێت کەسێکی «راقی» بیت؟ بێگومان نەخێر.
رەنگە نەزانیت پلەو پایەو پارە واتلێناکات کەسێکی رەفتار کەشخە بیت، ئەوە شتێکە پەیوەندی بە کەسێتی و پەروەردەی کەسەکەوە هەیە، دەکرێت ئەو کارگوزارە هەژارەی پیسییەکانی تۆ پاکدەکاتەوە زۆر رەفتاری کەشخەتر بێت لە تۆ، دەکرێت لە رووکاری دەرەوەدا زۆر سەرنجڕاکێش و کەشخە بیت، بەڵام لە رەفتاردا زۆر بازاڕیی بیت، چونکە کەشخەیی پەیوەندی بەوەوە نییە چەندت لە بانکدا هەیە و لەسەر مۆدێل دەڕۆیت و چ جۆرە خشڵێکت پێوەیە، بەڵکو ئەوە گرنگە رەفتارت بایی چەند لە ئاستێکی بەرز و کەشخەدایە.

رەسەنایەتی
کەسی رەفتار کەشخە ئەو کەسە نییە دوای مۆدێلی باو دەکەوێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوەیە لەگەڵ خودە رەسەن و راستەقینەکەی خۆیدا راستگۆیە، گوێ بە گۆڕینی کارەکتەری خۆی نادات تەنیا لەبەر رازیکردنی چواردەورەکەی.

نەرمونیانی
بنەمایەکی دیکە بۆ کەسێکی رەفتار جوان و کەشخە ئەوەیە چۆن چۆنی مامەڵەی کەسانی چواردەوری دەکات و رێزیان لێدەگرێت گرنگ نییە ئەو کەسە شۆفێرە یان کارمەندێکی سادەیە لە رێستۆرانێکدا یان کارگوزارێکە..هتد دەبینین خۆبەزلزانینی نییە و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆیان دەردەبڕێت، واتا هەستی سەرکەوتن و وەهمی خۆبەزلزانینی نییە.

گوێگرێکی باشە
زۆرن ئەو کەسانەی حەزیان بەقسەکردنە و حەز دەکەن گوێیان لە دەنگی خۆیان بێت، بەڵام کەسی کەشخە ئەو کەسەیە دەزانێت کەی گوێدەگرێت و گوێگرێکی باشە بۆ چواردەورەکەی و کاتی پێویستیان دەداتێ، هەوڵی پێبڕینی قسەی بەرامبەر نادات یان وایانلێبکات هەستبکەن قسەکانیان گرنگ نییە و ئاماژەی بێزاریی دەرببڕێت وەک تەماشاکردنی مۆبایل کاتێک کەسێک قسەی بۆ دەکات، هاوکات بەڕێزەوە گوێ دەگرێت تەنانەت ئەگەر هاوڕاشیان نەبێت و واناکات بەرامبەر هەستبکات شایەنی ئەوە نییە کاتی پێبدات.
متمانە بەخۆبوون
کەسی متمانە بەخۆبوو و رەفتار کەشخە درک بە بەها و تواناکانی خۆی دەکات، کاتێک سەرنجی لەسەر کار یان وەزیفەیەکە گومان لەخۆی ناکات و بە متمانەوە دەیکات و پابەند دەبێت بە ئامانجەکانییەوە، هەروەها رەخنە و رای ئەوانی دیکە بە سنگ فراوانییەوە وەردەگرێت، چونکە بە فاکتەرێکی دیکەی دادەنێ بۆ سەرکەوتن.

وردیی
پابەندبوون بە کات و مەوعیدەکانەوە سیفەتێکی دیکەیە بۆ کەسێکی رەفتار کەشخە، چونکە ئەوە نیشانەی ئەوەیە رێز لە کەسانی دیکە و کاتیان دەگرێت کاتێک وزەی خۆی بەکاردێنێت بۆ پابەند بوون بەکاتەوە و کەسی رەفتار کەشخە رێزی کاتی خۆی دەگرێت و کاتی کەسانی دیکەش بەفیڕۆنادات.

پارێزگاریکردن لە تایبەتمەندی کەسیی
کەسی رەفتار کەشخە ئەو کەسەیە وردەکاری ژیانی تایبەتی خۆی بڵاوناکاتەوە و بە هەموو کەسی ناڵێت، بەتایبەت لەم سەردەمەدا وایلێهاتووە کەشخەیی ئەوەیە ژیانی خۆت نماییش بکەیت و هەموو کەس بزانێت چی دەکەیت و چی دەخۆیت و بۆ کوێ دەچیت، نماییشی گەشت و سەفەرەکانت بکەیت، بەڵام بە پێچەوانەوە کەسی رەفتار کەشخە ژیانی تایبەتی خۆی بۆ خۆی هەڵدەگرێت و نایەوێت هەمیشە لە بازنەی رووناکی و بەرچاودا بێت بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی.
کەواتە ئێستا گرنگ نییە چەندت هەیە و بایی چەند جوان و سەرنجڕاکێشی یان چ پۆست و پلەیەکت هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کەسێکی رەفتار کەشخەیت؟

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان