فێستیڤاڵی مەیمون لە تایلاند

09:42 - 2023-12-24
دووتوێ
158 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

 

لەشاری «لابۆری» وڵاتی تایلاند هەموو ساڵێک فێستیڤاڵێکی ناوخۆیی گەورە بۆ پەیداکردنی رزق و هاتنی خێرو بەرەکەت و بوژانەوەی بازاڕ و کرانەوەی بەخت سازدەکرێت و ناویان لێناوە Monkey Buffet Festival ، هەرچەندە جەژنی مەیمون و رۆژی کامەرانیان لەو وڵاتە بۆ 2000 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتە، بەڵام ئەو فێستیڤاڵە لەساڵی 1989 ەوە بۆ یەکەمینجار لەلایەن پیاوێکی دەوڵەمەندی شارەکە رێکخرا بە مەبەستی قەرەباڵغکردنی شارەکە و هێنانی میوان بۆ جوڵاندنەوەی بازاڕ، دواتر بەهۆی سەرکەوتن و هاتنەدی ئامانجەکە بووە بۆنەیەکی فەرمی و ئیدارەی شارەکە هەموو ساڵێک سازی دەکات.

سفرەی مەیمون

ئەم فێستیڤاڵە تایبەتە بە خواردن دانان بۆ مەیمون چونکە لەو شارەدا هەزاران لەو گیاندارە لەسەر درەخت و کۆڵان و شەقام و گەڕەکەکان هەیە، ئەوان خەریکی خواردن پەیداکردنن و گەشتیارانیش بەدیمەنی ئەو مەیمونانە دڵخۆش دەبن و وێنەیان لەگەڵ دەگرن، جا بیرۆکەکەیان لەوەوە هاتووە لە هەموو شوێنێکی ناو شارەکە سفرەیان بۆ رادەخەن و زیاتر لە 4 تۆن خۆراکی وەک سەوزە و میوەی جۆراوجۆر بۆ ئەو مەیمونانە دادەنێن، لەو رۆژەدا خەڵکی دێنە دیار دیمەنی سفرە و خواردنی ئەو مەیمونانە و بەدەم گۆرانی مۆسیقا و سەماوە کاتێکی خۆش بەسەردەبەن.
مەیمونی پیرۆز
هەر لەدێر زەمانەوە مەیمون لای تایلاندیەکان پیرۆز بووە، کاتی خۆی خواوەندێکیان هەبووە بەناوی» راما» گوایە  ئەژدێهایەک ویستویەتی هاوسەری خواوەندەکە بکوژێت و لەو دەمەدا مەیمونێک فریای دەکەوێ لەدەستی دەردەهێنێ و ژنەکەی دەرباز دەکات، لەو کاتەوە مەیمون وەک گیانلەبەرێکی بەستەزمان و ئاشتیخواز و گوێڕایەڵ و موبارەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئێستاش خەڵکی تایلاند و دەوروبەری وایدەبینن مەیمون بەختی باشی لەگەڵدایە و خۆشی و شادی دەبەخشێتە مرۆڤ، بۆیە هەرگیز ئازاریان نادەن، لەم فێستیڤاڵەشدا زۆربەی ئامادەبوان جگە لە گەشتیارەکان نەبێت کەوڵی مەیمون لەبەردەکەن و خۆیان وەک ئەو گیاندارە دەنوێنن، بگرە زۆرجار رەفتاری مەیمونیش دەکەن، گەشتیاران لە کافتریا و چێشتخانە و قاوەخانە و سەر شەقام و بازاڕ دەبنە هاوڕێی ئەو گیانلەبەرانە و خواردنیان پێشکەش دەکەن، ئەو رۆژە مەیمونەکان ئازادن لەوەی هەرچیەک بکەن و جەژنێکی سەرتاسەری مەیمونەکانە.

ئاژەڵی بەرهەمهێن
بەهۆی ئەوەی ئەو شارە کۆنترین پەرستگای هیندۆسی لێیە و تەمەنی 1000 ساڵ دەبێت جگەلە ئاوهەوا سازگارەکەی و دیمەنی جوانی سروشتەکەی ساڵانە دەیان هەزار گەشتیار روو لەو شارە دەکەن و ئەوروپیەکان هەوڵ دەدەن لە وەرزی پایز لەوێ ئامادەبن بەتایبەتیش لەکاتی فێستیڤاڵەکە، لەو شارە سێ چوار هەزار مەیمون دەبینن و یارییان لەگەڵ دەکەن، بەمجۆرە تایلاندییەکان توانیویانە مەیمون بکەنە کەرتێکی گەشتیاری گرنگ و جگەلە بوژاندنەوەی ژینگە و پاراستنی سروشت، بەهۆیەوە ساڵانە سەدان هەزار دۆلار سەرمایە بۆ وڵاتەکەیان دابین دەکەن.

سەرچاوە: Thailand Spezialisten


#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان