چ تەمەنێک لە پەروەردەکردنی منداڵدا قورسترینە؟

09:44 - 2023-12-24
دووتوێ
203 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان



سەبارەت بە هەرکەسێک پەروەردەی منداڵ دەکات، دەزانێت دایکایەتی یان باوکایەتی ئەرکێکی ئاسان نییە، بەتایبەتی لە قۆناغە هەستیارەکانی تەمەندا لەگەڵ کۆتایی قۆناغی منداڵیی و دەستپێکردنی قۆناغی هەرزەکارییدا بەردەوام دەبێت تا ئەو کچ یان کوڕە گەورە دەبێت.
هاوکات زۆرێک لە دایکان و باوکان لەسەر ئەوە کۆکن تەمەنی نێوان (6-9) ساڵ بوارێکی بۆ حەوانەوەی دایک و باوک تێدایە، چونکە تێیدا هێشتا منداڵ نەرمونیانە و حەزی بۆ سەربەخۆیی و بەرهەڵستی و شۆڕش گەشەی نەکردووە، وەک قۆناغی هەرزەکاریی ماندووکەر کە لە تەمەنی 12 ساڵەوە دەستپێدەکات تا 18 ساڵ.
بۆیە پرسیارە گرنگەکە لای دایک و باوکە نوێیەکان ئەوەیە چ تەمەنێک لە پەروەردەکردندا قورسترینە و باشترین رێگە بۆ پەروەردەیەکی باش کامەیە؟

تەمەنی هەشت ساڵ

سروشتییە ئەگەر ئەم تەمەنە بۆ دایک و باوک قورس بێت، چونکە منداڵ بەشێوەیەکی فەرمی گەورە دەبێت و قۆناغی منداڵیی بەجێدێڵێت، لەم تەمەنەدا دەستدەکات بە بنیادنانی کەسێتی و سەربەخۆیی خۆی، هاوکات جەستەی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانی تێدا روودەدات شانبەشانی دەستپێکردنی قۆناغی هەرزەکاریی.
لە راپرسییەکدا سایتی  Parents بۆ پەروەردە و دایکایەتی و باوکایەتی ساڵی 2020 کردویانە تێیدا نزیکەی دوو هەزار دایک و باوک لەسەر ئەوە کۆک بوون کە تەمەنی هەشت ساڵی لە پەروەردەدا قورسترینە.  

قورسییەکانی پەروەردەکردنی منداڵی هەشت ساڵ
رەنگە ئەنجامەکان شۆکهێنەر بن، بەڵام ئەگەر منداڵێکی هەشت ساڵانت هەیە دەبێت بزانیت هەندێک هۆکار هەیە وادەکەن ئەو تەمەنە بۆ باوان قورس بێت.
بۆ نموونە منداڵ لەم تەمەنەدا دەکرێت ئینکار بێت و لە هەموو شتێکدا بیەوێت رای خۆی بسەپێنێت و زوو هەڵبچێت، هەموو ئەمانە لەپێناوی ئەوەی سەربەخۆیی خۆی بەدیبێنێت و هەست بە تاکڕەویی خۆی بکات.
هەروەها پەروەردەکردنی ئەم تەمەنە دەکرێت لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی دیکە جیاواز بێت بەپێی هەندێ پێوەری جوگرافی و ئایینی و کەلتوری و دەروونی.
جگەلەوەی هەرچەندە کەسێتی و میزاج و ژینگەی منداڵ یەکێکە لەو فاکتەرانەی رۆڵیان لەم بابەتەدا هەیە، بەڵام لەم تەمەندا جەستە و مێشکی منداڵ گۆڕان و گەشەیەکی زۆر دەکات ئەوەش دەبێتە هۆکاری بەشێکی زۆر لەو رەفتارانە.

تەحەداکانی ئەم قۆناغە هەستیارە
هەمیشە منداڵ لەنێوان تەمەنی 7-9 ساڵیدا کەمتر لە منداڵی بچووک داواکاریی هەیە، بەڵام تەحەدا کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکانی ئاڵۆزە و قورسە دایک و باوک چاودێرییان بکەن یان ئیدارەیان بدەن، بۆیە ئەو حاڵەتی گەشەکردنە وادەکات قۆناغ و کاتێکی سەخت بێت بۆ منداڵ و بۆ دایکان و باوکانیش.  
لە تەمەنی هەشت ساڵدا منداڵ بازدانی مەعریفی گەورە دەکات، پەرە بە کارامەیی و پێشکەوتن لە زمان و زانست و ئەزموونی جەستەیی و توانای جووڵەدا دەکات، هەرچەندە مەرج نییە هێشتا تەمەنی باڵقبوونی تێپەڕاندبێت، بەڵام زیاتر ئاگاداری جەستەی گەشەسەندوی خۆیەتی.
هەروەها منداڵانی ئەم تەمەنە تووشی گەشەکردنی سۆزداری دەبن، سەربەخۆیی خۆیان تاقیدەکەنەوە، فێر دەبن کێن و هەست بە زیادبوونی ئارەزووی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی سەر بە گروپێک بن و جێگەی خۆیان لە سیستەمی کۆمەڵایەتیدا بدۆزنەوە، جا چ لە قوتابخانە، ناوچەی نیشتەجێبوون، یانەکان، یان شوێنێکی دیکە، لەگەڵ هاوکات لەم تەمەنەدا منداڵەکە دەتوانێت هەستیارتر بێت و داواکاری زیاتر و توڕەتر بێت، بەڵام پێویستە دایکان و باوکان لە قۆناغی سەربەخۆیی و بنیادنانی کەسایەتی منداڵدا، زۆر وریا بن لە دەستوەردان و مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵدا.

ئایا هەرزەکاریی قورسترینە؟
سەرەتای هەرزەکاری لە نێوان 12- 14 ساڵیدایە، لە کاتێکدا ساڵانی هەرزەکاری لە 15 بۆ 18 ساڵ درێژ دەبێتەوە، لەم قۆناغە هەستیارەی بنیادنانی کەسایەتی منداڵدا، تەمەنی باڵقبوون دەستپێدەکات و لەگەڵیدا گەشتی دەردانی هۆرمۆنی نوێ و بەهێز دەستپێدەکات، ژیانی منداڵ پێچەوانە دەکاتەوە، بە فەرمی لە منداڵییەوە دەگوازرێتەوە بۆ گەورەیی، بۆیە هەرزەکاران مەیلیان هەیە بۆ بیرکردنەوە و مامەڵەکردن و قسەکردن بە شێوازی نوێ و جیاواز و دەیانەوێت تەحەدای دەسەڵات و گەڕان و تاقیکردنەوە بکەن، هەروەها رەنگە بە رێگەی سەخت و بە مەرجی خۆیان وانە فێربن، کە زۆرێک لە دایک و باوکان ئەوە قبووڵ نەکەن و نەزانن چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.

سوود و زیانەکانی تەمەنی هەرزەکاری
سوود و زیانەکانی تەمەنی هەرزەکاری بۆ منداڵان وەک یەکن، تێیدا دایک و باوک دەتوانن ببینن منداڵەکەیان پێگەیشتووتر و سەربەخۆترە، بەپێی دایک و باوکەکەش دەگۆڕێت و ئەوە دەتوانێت رزگارکەر و دڵنەوایی و شانازیکردنی لەگەڵدا بێت، یان ترس و دڵەڕاوکێ بێت چونکە منداڵەکە لەناکاو کۆنتڕۆڵ لەدەست دەدات.
هیچ دایک و باوکێک نایەوێت سەربەخۆیی منداڵەکەی بگاتە ئەوەی لەدژی بوەستێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کامێکیان نایەوێت توانای منداڵەکەی بۆ تێپەڕاندنی قۆناغە پێویستەکان رابگرێت، بۆ ئەوەی ببێتە گەورەیەکی هۆشیار و پێگەیشتوو ئەوەندە پێگەیشتوو بێت مرۆڤێکی ئاسایی لێدەربچێت.
بەڵام خۆشبەختانە لە کۆتایی ئەم قۆناغەدا شتەکان دەستدەکەن بە سەقامگیری، پاشان هەرزەکاران پێدەگەن، توانای هاوسۆزی و گرنگیدان بە کەسانی دەوروبەریان و بۆ خۆیان زیاتر پەرەدەسێنێت و دەست دەکەن بە فێربوون لەو هەڵانەی لە سەرەتای هەرزەکاریدا کردوویانە، دەبینیت بەرپرسیارێتی کەسیی خۆیان بە جۆرێک لە جۆرەکان لەئەستۆدەگرن، جا ئەوە بە مانای گەڕان بەدوای کۆلێژێکی گونجاودا بێت، یان کارکردن و ئەزموونکردنی ئەزموونی نوێی ژیان بێت.
گەورەترین تەحەدا کە لەم قۆناغەدا رووبەڕووی دایک و باوک دەبێتەوە ئەوەیە منداڵەکانیان زیاتر سەربەخۆ و بەرپرسیار دەبن لە بڕیارەکانیان و دەرئەنجامەکانیان.

سەرچاوە: عربی بوست

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان