شەو خەوی یان رۆژ خەو؟

09:47 - 2023-12-24
دووتوێ
185 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

 

بەپێی یاسای گشتی ژیان شەو دانراوە بۆ خەو رۆژیش بۆ جموجۆڵ و کارو پیشەو بەئاگایی، بەڵام خەڵک هەیە پێچەوانەی ئەمە دەکەن بەتایبەتی گەنجان بە شەو تا بەرەبەیان بەئاگان و بەڕۆژیش تا بەرەبەری ئێوارە  دەخەون، لەڕووی زانستییەوە دەرکەوتووە ئەوە تەندروست نییە و ئەوانەی رۆژیان کردۆتە شەو و بە بەردەوامی وادەژین تووشی زۆر کێشە دەبنەوە.
تازەترین توێژینەوەی زانایانی فنلەندی کە لەسەر 23 هەزار ژن و پیاو لە تەمەنی جیاجیادا کراوە  40ساڵ چاودێری رەوتی ژیان و تەندروستیان کردوون دەرکەوتووە رۆژ خەوییەکان بە رێژەی 9 ٪ لە خەڵکانی ئاسایی یان شەوخەویەکان زووتر دەمرن، ئەو زانایانە دەڵێن کێشەی زوو مردنەکە لە نەخەوتن یان کەمیی خەوتن نییە، بەڵکو لەو هەڵسوکەوت و رەفتارانەیە کە بە شەو دەکرێت لەوانە جگەرە کێشان یان بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر یان خواردنەوە کهولیەکان و زۆر بەکارهێنانی شاشەی مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان، ئەمانە هەمویان وادەکەن مرۆڤ کەمتر لەئاسایی بژی.
بەپێی توێژینەوەیەکی پرۆفیسۆرەکانی نەخۆشخانەی Brigham ی ئەمریکیش بێت کە لەسەر 63 خۆبەخش لەنێوان ساڵەکانی 2009 تا 2018 کراوە بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی رۆژخەون بەڕێژەی لە 19 ٪ توشی نەخۆشی شەکرە دەبن زیاتر لەوانەی ئاسایی شەو دەخەون، هەروەها لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کەسانی بەئاگا لە شەودا خواردنیان تەندروست نییە، چونکە کاتی ژەمە سەرەکییەکان نییە و تێیدا خواردنی سارد یان ئامادەکراوی قوتو و ژەمە خێراکان دەخۆن لەگەڵ خواردنەوە گازییەکان، ئەمانەش هەمویان بۆ تەندروستی مرۆڤ خراپن، دەیان توێژینەوەی تریش ئەوەیان سەلماندووە باشترین  کات بۆ خەو سەعات 11 ی شەوە تا 7 ی بەیانی، جارانیش لە کوردەواریدا ئەگەر شوانێک یان گاوانێک شەوێك بۆ لەوەڕاندنی مێگەلەکەی لەپاوان یان لەدەرەوەی ئاوایی بمابایەوە دەیانوت شەوبەکێوی کردووە، بۆیە کە دەگەیشتەوە ماڵ پێویستی بە حەوانەوەیەکی باش دەکرد و هەموو هاوکارییان دەکرد، چونکە نەخەوتن بەشەو ئەرکێکی قورسە و تا ماوەیەکی زۆر مرۆڤ هەست بە ماندوێتی دەکات.
سەرچاوە: T. Online

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان