یەکەم کۆبوونەوەی فراوانی لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی لە دهۆک

04:45 - 2022-03-17
کوردستان
441 جار خوێندراوەتەوە

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هەڤاڵانی لیژنەکانی، دیداری یەکێتی یەکەمین کۆبوونەوەی فراوانی خۆی لە بادینانەوە دەستپێکرد کە ژمارەیەکی زۆر لە هەڤاڵانی سنووری بادینان بەشدار بوون.

یەکەمین کۆبوونەوەی فراوان
سەرەتا ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی باڵای لیژنەی دیداری یەکێتی دوای بەخێرهاتنی میوانەکان، ئامانج و مەبەستی دیدارەکەی لە بادینان روونکردەوە. تەئکیدی کردەوە لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردنی بادینان بۆ یەکەمین کۆبوونەوەی فراوان و کۆبوونەوەی لیژنەکانی دیداری یەکێتی ئاماژەیەکی روونە بۆ بایەخدانی یەکێتی بە بادینان و بە پێچەوانەشەوە بایەخی بادینیەکانیش بۆ دیداری یەکێتی.

دواتریش ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی تیشکی خستەسەر گرنگی دیداری یەکێتی بۆ یەکێتی و پرۆسەی سیاسی بە گشتی. هەر لەم چوارچێوە بە گەڕانەوە بۆ وتاری هەڤاڵ قوباد تاڵەبانیی سەرپەرشتیاری دیدارەکە، روونیکردەوە کە ئامانجی گشتی ئەم دیدارە نوێکردنەوە و چاکسازییە لە شوناس و کارنامەی سیاسی یەکێتی لە هەموو بوارەکاندا. وەک چۆن هەڤاڵ مام جەلال لە کتێبی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆچی؟) هێڵە گشتییەکانی زەرورەتی بوونی یەکێتیی لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی بۆ یار و نەیار روونکردۆتەوە، لە سەردەمی خەباتی رزگاری نیشتمانی و خەباتی چەکداری.

وێستگەی هەموو یەکێتیەکان
وتیشی، بە هەمان شێوە ئێستا (دیداری یەکێتی) وێستگەی هەموو یەکێتیەکان و دڵسۆزانە بۆ گفتوگۆکردن و نوێکردنەوەی یەکێتی، پاشان ئەرکی لیژنە و تیمەکان و یەکەم کۆبوونەوەی فراوانی دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خستەڕوو.

پاشتر د. یوسف گۆران، ئەندامی لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی وێڕای پیرۆزبایی یادی ڕاپەڕین، باسی ئەوەی کرد کە راپەڕین وێستگەیەکی گرنگی خەباتی رزگاریی نەتەوەییە، نەک بە بێ بوونی یەکێتی لە گۆڕەپانەکە رووی نەدەدا، بەڵکو راپەرین بەری خەبات و تێکۆشانی یەکێتیەکانە، کە بادینیەکان رۆڵی سەرەکیان تێیدا هەبووە.

گرنگیدان بە بادینان
وتیشی، ئێستاش دیداری یەکێتی و دەستپێکردنی کۆبوونەوە فراوانەکانی لە بادینانەوە، ئاماژەیە کە سەرکردایەتی بە گشتی و قوباد تاڵەبانی بە تایبەتی گرنگی بە بادینان و بادینییەکان دەدات بە هەموو توێژ و چینەکانیەوە. هەر لە وتارەکەیدا داوایکرد کە ئامادەبووان دیدارەکە بە هی خۆیان بزانن و بە گوڕ و تینەوە بەشدار بن لە لیژنە و گفتوگۆکاندا.
هەر لەو بارەیەوە، مەڵبەندی چواری دهۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا بە ناوی بەرپرس و جێگر و دەستەی كارگێڕیی مەڵبەندەوە سوپاسی هەموو ئەو هەڤاڵانە دەكات كە ئەركیان كێشا و كاریان كرد لە سازدان و سەرخستنی یەكەم هەنگاوی دیداری یەكێتی لە دەڤەری بادینان و كارەكەیان بە جێگەی رێز و دەستخۆشی دادەنێت.

پەیامی مەڵبەند
هەروەها لە پەیامەكەی مەڵبەنددا هاتووە، هەروەك سوپاسی ئامادەبوون و دڵسۆزیی سەرجەم بەرپرسی ئۆرگان و كادران و هەڤاڵان و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەین كە بە پەرۆشەوە بەشداری یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی دیداری یەكێتی بوون لە دەڤەری بادینان.

دیداری یەکێتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی سیاسەت و بەرنامەی یەکێتی و بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوودا ساز بکرێت.

 

#دهۆک

بابەتە پەیوەندیدارەکان