رۆڵف دۆبێڵێ
لە فارسییەوە: محەمەد كەریم
(38)
له رۆژی كریسمسدا له گوندێكی بچووك له ئه‌مریكا به ناوی بێدفۆرد فالز (Bedford Fallz) جۆرج بایلی (George Bailey) به‌نیاز بوو خۆی بكوژێت، بایلی پیاوێكه خۆی خۆی دروستكردووه و ژنێك و چوار منداڵی هه‌یه، ئێستا مایه‌پووچ بووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی مامی هه‌موو پاره‌كانی له گره‌وێكدا دۆڕاندووه، بایلی ئێستا له‌سه‌ر پردێكه و به‌نیازه خۆی فڕێبداته رووبارێكه‌وه، له هه‌مانكاتدا پیره‌مێردێك ده‌كه‌وێته رووباره‌كه‌وه و داوای یارمه‌تی ده‌كات، بایلی ده‌توانێت رزگاری بكات. پیره‌مێرده‌كه به بایلی ده‌ڵێت تۆ فریشته‌یت. بایلی باوه‌ڕ به قسه‌كه‌ی ناكات و له جیاتی ئه‌وه خۆزگه ده‌خوازێ هه‌ر نه‌هاتایه‌ته دنیاوه. فریشته ئاواته‌كه‌ی ده‌هێنێته دی و بێدفۆرد فاڵز ده‌بێت به شوێنێكی فه‌رامۆشكراو و نه‌گبه‌ت. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو ئاوه‌دانییه‌كی گونده‌كه به‌هۆی كار و كاسپی و هه‌وڵه‌كانی بایلییه‌وه به ده‌ستهاتووه و ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بێت، ئیتر وجودی ئه‌و گونده‌ش بێ‌مانا ده‌بێت.
خه‌ونێكی باش
بایلی ئه‌مانه‌ی به خه‌ون بینی و كاتێك خه‌به‌ری بۆوه هه‌ستیكرد زۆر خۆشحاڵه و ئیتر هه‌ست به خه‌مۆكی ناكات. بۆیه به‌ره‌و شه‌قامی سه‌ره‌كی گونده‌كه رۆیشت و به خۆشحاڵی و پێكه‌نینه‌وه هاواریكرد: « كریسمس پیرۆزبێت».
ئه‌م گرته‌یه به‌شێكه له فیلمی ئه‌مه ژیانێكی سه‌رسوڕهێنه‌ره
(It›s a Wonderful Life) كه له ساڵی (1946)دا دروستكراوه و جه‌یمس ستیوارت
(James Stewart) رۆڵی سه‌ره‌كی تێدا ده‌بینێ. ئه‌و ستراتیجه‌ی فریشته له‌م فیلمه‌دا به‌كاریهێنا به دابه‌شكردنی عه‌قڵیی ناسراوه و تۆ بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێكی باشت هه‌بێت ده‌توانیت به‌كاری بهێنیت. بۆ ئه‌وه‌ی له مه‌به‌سته‌كه‌م تێبگه‌یت رێگه‌م بده پرسیارێكت لێبكه‌م.
گریمانه‌ی له‌ده‌ستدان
تا چه‌ند له ژیانی خۆت رازیت؟ نمره‌ی (سفر تا 10) بده به‌خۆت (ته‌واو ناڕازی و په‌رێشانم)، (زۆر خۆشحاڵم)، له جێگایه‌كدا بینووسه، ئێستا په‌ره‌گرافی دواتر بخوێنه‌ره‌وه و ئه‌وه‌ی پێت ده‌گوترێت جێبه‌جێی بكه. چاوانت دابخه. وای دابنێ ده‌ستی راستت له ده‌ستداوه، هه‌ست به‌چی ده‌كه‌یت؟ هه‌ست ده‌كه‌یت ژیان به یه‌ك ده‌سته‌وه بۆ تۆ چۆن ده‌بێت؟ چۆن نان ده‌خۆیت؟ چۆن تایپ ده‌كه‌یت؟ ئایا ده‌توانیت سواری پاسكیل بیت؟ یان باوه‌ش به كه‌سێكدا بكه‌یت؟ وایدابنێ ده‌ستی چه‌پیشت له ده‌ستداوه، ئایا ده‌توانیت شتێك هه‌ڵگریت یان باوه‌ش به كه‌سێكدا بكه‌یت؟ وایدابنێ جگه‌له‌وه چاویشت له ده‌ستداوه. ده‌توانیت ببیستیت، به‌ڵام ئیتر نا‌توانیت روخساری هیچ كام له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ت ببینیت یان سه‌یری دیمه‌نی جوان بكه‌یت، چ هه‌ستێكت هه‌یه؟ چاوانت بكه‌ره‌وه و هه‌وڵ بده بۆ ماوه‌ی دوو ده‌قه ده‌ستت یان چاوت به‌كاربهێنیت بۆ ئه‌وه‌ی له خراپی وه‌زعت به‌بێ بوونیان تێبگه‌یت و پاشان له‌سه‌ر خۆێندنه‌وه به‌رده‌وام به.
وایدابنێ له شه‌ڕدایت
ئێستا دوای ئه‌مانه تا چه‌ند له ژیانی خۆت رازیت؟ به نمره‌ی (سفر تا 10) وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ره‌وه. زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا به‌شداریان كردووه ده‌ڵێن دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركیان به گرنگی ده‌ست و چاویان كردووه تا راده‌یه‌كی زۆر خۆشحاڵ بوون كه له ده‌ستیان نه‌داون. من كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌م كرد، هه‌ستمكرد وه‌كو تۆپێك وام كه یه‌كێك منی خستۆته ژێر ئاوه‌وه و ده‌ستی له‌سه‌ر داناوم، له‌پڕ ده‌ستی لاده‌بات و رێگه ده‌دات بێمه‌وه سه‌ر ئاوه‌كه، ده‌تگوت فواره‌م ده‌چم به ئاسماندا. هه‌موو ئه‌مانه له كه‌مكردنه‌وه‌ی عه‌قڵه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه.
دیاره پێویستت به‌وه نییه هه‌موو جارێك كه هه‌ستت به بێتاقه‌تی كرد، وابزانیت ئه‌ندامێكت له ده‌ستداوه، دواتر كه زانیت وانییه هه‌ست به خۆشحاڵی بكه‌یت، ده‌توانیت بیر له‌وه بكه‌یته‌وه ئه‌گه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ت وازت لێبێنت، تا چه‌ند بێتاقه‌ت ده‌بیت یان ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ت به رووداوی ئوتومبێل گیان له ده‌ست بدات تا چه‌ند غه‌مگین ده‌بیت یان وایدابنێ له شه‌ڕدایت و له سه‌نگه‌رێكدایت، چاوت دابخه و ته‌سه‌وری ئه‌مانه بكه. له‌م حاڵه‌ته‌دا خۆشحاڵ ده‌بیت كه هیچ كام له‌مانه‌ت به‌سه‌ر نه‌هاتووه.
بیركردنه‌وه له رووداوی خۆش
هه‌روه‌كو له به‌شی حه‌وته‌مدا دیمان باشتروایه بۆ هه‌موو ئه‌و شته باشانه‌ی له ژیانماندا هه‌ن، هه‌میشه قه‌درزان و سوپاسگوزار بین. هه‌روه‌ها له زۆربه‌ی كتێبه‌كانی خۆدروستكردن و بیركردنه‌وه‌ی پۆزه‌تیڤدا رێنماییكراوه به بیركردنه‌وه له رووداوی خۆش له ژیانماندا مه‌عنه‌ویاتی خۆمان به‌رز بكه‌ینه‌وه و ناشكور نه‌بین. به‌ڵام سه‌باره‌ت به قه‌درزانین دوو مه‌سه‌له هه‌یه كه خراپ نییه باسیان بكه‌ین:
1- تۆ قه‌دری كێت لایه؟ له‌وانه‌یه تۆ مرۆڤێكی مه‌زهه‌بی نه‌بیت، له‌م حاڵه‌ته‌دا سه‌باره‌ت به هه‌بوونی شتی باش له ژیانتدا قه‌دری كێت لایه یان قه‌دری كێ ده‌زانیت؟
2- راهاتن: مێشكی مرۆڤ ئاسایی له به‌رامبه‌ر گۆڕانكارییه‌كاندا به توندی كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت، به‌ڵام به خێرایی له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجدا خۆی ده‌گونجێنێت. له كاتی رووداوی ناخۆشدا ئه‌م خاسیه‌ته ده‌توانێت زۆر یامه‌تیده‌ر بێت. له راستیدا، بێتاقه‌تی ئێمه له ده‌ركردن یان سه‌قه‌تبوون دوای ده‌عمێك به زوویی نامێنێت، چونكه خۆمان له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه‌كه‌دا ده‌گونجێنین. دۆن گیلبه‌رت
(Don Gilbert) باوه‌ڕی وایه مێشكی ئێمه وه‌كو له‌شمان سیستمێكی به‌رگری تێدایه. ئه‌م سیستمی به‌رگرییه ته‌نیا له به‌رامبه‌ر به‌دبه‌ختییه‌كاندا كاردانه‌وه‌ی نابێت، به‌ڵكو له به‌رامبه‌ر شادی و خۆشییه‌كانیشدا كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت.
خوومان پێوه گرتوون
بۆ نموونه: گریمان ملیۆنه‌ها دۆلارت له رێگه‌ی لۆته‌ری (Lottery)یه‌وه برده‌وه، بێگومان له‌و كاته‌دا زۆر خۆشحاڵ ده‌بیت، به‌ڵام شه‌ش مانگ دوای ئه‌وه راده‌ی خۆشحاڵیت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش بردنه‌وه‌ی پاره‌كه، ئه‌م بابه‌ته سه‌باره‌ت به له‌دایكبوونی منداڵێك یان كڕینی خانوویه‌كی تازه‌ش راسته، له‌به‌رئه‌وه‌ی له سه‌دا 99 ی لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌كانی ژیانی ئێمه ئاسایی له یه‌ك دوو رۆژدا به‌دینه‌هاتوون و درێژخایه‌ن و به‌رده‌وامن، به‌ڵام ئێمه خوومان پێوه گرتوون و ئه‌م راهاتنه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی به سه‌رسوڕهێنه‌ریان نه‌زانین و به‌ره‌به‌ره لامان ئاسایی بن.
به‌ڕای من قه‌درزانین شێوازێكه بۆ رێگری له پڕۆسه‌ی ئاساییبوونی رووداو و لایه‌نه باش و پۆزه‌تیڤه‌كانی ژیانمان، به‌م پێیه ده‌بێت هه‌میشه سامان و نیعمه‌ته مادی و مه‌عنه‌وییه‌كانی خۆمان له‌یاد بێت و به‌و یاده‌ش هه‌ست به خۆشحاڵی بكه‌ین، هه‌ڵبه‌ته ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین، به‌داخه‌وه مێشكی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌م تاكتیكه‌شدا رادێت، به ده‌ربڕینێكی دیكه ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌رده‌وام لیستی موڵك و لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌كانیان چێك ده‌كه‌ن و قه‌دریان ده‌زانن، به‌ره‌به‌ره هه‌ستده‌كه‌ن كه ئیتر به بیرهێنانه‌وه‌ی موڵك و سامانه‌كه‌یان ئه‌وه‌نده خۆشحاڵ نابن و ئه‌مه‌ش به‌ره‌به‌ره به‌لایانه‌وه ئاسایی ده‌بێت.
ته‌كنیكی قه‌درزانین
ئه‌م دوو كێشه‌یه به خاڵی لاوازی ته‌كنیكی قه‌درزانین حساب ده‌كرێن، له راستیدا ده‌بێت سوپاسی كێ بكه‌ین و مه‌سه‌له‌ی راهاتن ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م شێوازه كاریگه‌ریی خۆی تاڕاده‌یه‌ك له ده‌ست بدات. ئێستا هه‌واڵێكی خۆشم هه‌یه بۆت: شێوازی كه‌مكردنه‌وه‌ی عه‌قڵ هیچ كام له‌م كێشه و خاڵه لاوازانه‌ی نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌واو پێشبینیكراو نییه، بۆیه مێشكت چاوه‌ڕێی ناكات. له‌و لێكۆڵینه‌وه جۆراو جۆرانه‌ی كه له‌لایه‌ن گیلبه‌رت و تیمۆسی ویڵسۆن
(Timothy Wilson)ه‌وه كراون، ده‌ركه‌وتووه كه شێوازی كه‌مكردنه‌وه‌ی عه‌قڵ راده‌ی خۆشحاڵی و ره‌زامه‌ندیی ئێمه تاڕاده‌یه‌كی زۆر زیاد ده‌كات و كاریگه‌ریی شێوازی قه‌درزانینی زۆر له‌سه‌ره. ره‌واقییه‌كان دوو هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ركیان به‌م شێوازه كردووه، یانی له جیاتی ئه‌وه‌ی بیر له‌و شتانه بكه‌ینه‌وه كه حاڵی حازر له‌به‌ر ده‌ستماندا نین، ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین كه ئه‌گه‌ر ده‌ستكه‌وت و شته‌كانی حاڵی حازرمان له‌ده‌ست بده‌ین چه‌نده غه‌مگین ده‌بین.
مس، یان برۆنز؟
بۆ نموونه گریمان وه‌كو وه‌رزشكارێكی ئۆڵه‌مپی له لووتكه‌ی خۆتدایت و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه میدال وه‌رگریت، ئێستا كام میداله خۆشحاڵت ده‌كات؟ زیو یان برۆنز؟ بێگومان تۆ به وه‌رگرتنی میدالی زیو خۆشحاڵتر ده‌بیت، به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ناو وه‌رزشكارانی ئاماده‌بوو له ئۆله‌مپیكی 1992ی بارسیلۆنا سه‌لماندی، كه وه‌رگرانی میدالی زیوی ئۆله‌مپی ناڕازیتر ده‌بن له وه‌رگرانی میدالی برۆنز! له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌رگرانی میدالی زیو له فیناڵدا به‌شدارییان كردبوو، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان داده‌نا بتوانن میدالی زێڕ وه‌ربگرن، به‌ڵام وه‌رگرانی میدالی برۆنز له‌ناو دۆڕاوه‌كاندا بوون و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌شیان دانه‌ده‌نا بتوانن میدالێك وه‌ربگرن، به‌م پێیه شێوازی كه‌مكردنه‌وه‌ی عه‌قڵ ده‌توانێت كاریگه‌ریی خراپی رووداوه‌كان له مێشكی ئێمه‌دا به‌تاڵ بكاته‌وه. به ده‌ربڕینێكی دیكه تۆ به‌م شێوازه هه‌میشه خۆت له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا به‌راورد ده‌كه‌یت كه نه‌یانتوانیوه میدال وه‌ربگرن، یان ئه‌گه‌ر وه‌رزشكاری ئۆله‌مپیك نیت ده‌توانیت خۆت له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا به‌راورد بكه‌یت كه به نیسبه‌ت تۆوه وه‌زعێكی خراپتریان هه‌یه.
ده‌نگی پیانۆكه‌ی خۆت نابیستی
به گشتی شێوازی كه‌مكردنه‌وه‌ی عه‌قڵ شێوازێكی كارایه بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی مێشك، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ها بۆ شته باشه‌كانی ژیانت دانێیت و به‌م شێوه‌یه خۆشحاڵت بكات و ژیانێكی باشت هه‌بێت.
پۆل دیلان باوه‌ڕی وایه: «هه‌ندێ جار شادی له ژیانی ئێمه‌دا زۆر هه‌ستی پێناكرێت و ئێمه ده‌بێت به چه‌ند ته‌كنیكێك شادییه‌كانی ژیانمان زیاتر بكه‌ین.» وایدابنێ تۆ خه‌ریكی پیانۆ ده‌ژه‌نیت، به‌ڵام نا‌توانیت ده‌نگی پیانۆكه‌ی خۆت ببیستیت. زۆر له چالاكییه‌كانی ژیان وه‌كو پیانۆ ژه‌نین وایه كه نا‌توانیت ده‌نگه‌كه‌ی ببیستیت، ئه‌گه‌ر میتۆدی كه‌مكردنه‌وه‌ی عه‌قڵ به‌كاربهێنیت، له كۆتاییدا ده‌توانیت ده‌نگی مۆسیقای ژیانت ببیستیت.
سه‌رچاوه: هنر خوب زیستن، ص211-216.
پۆسته‌ری فیلمه به‌ناوبانگه‌كه‌ی جه‌یمس ستیوارت