له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
2-2 کۆتایی
«هیچ كاتێك ژیاننامه‌یه‌كی باشی رۆماننووسێكم نه‌هاتۆته به‌رده‌ست. شتێكی وا كاریكرده نییه. نووسه‌ر ئه‌گه‌ر نووسه‌رێكی باش بێت، چه‌ند كه‌سێكه.» ئه‌مه بۆچوونی نكۆڵی لێنه‌كراوی «سكۆت فیتزجراڵد»ه سه‌باره‌ت به‌و رۆمانانه‌ی به‌شێوازی ژیاننامه نووسراون. به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین جاریوایه كه‌ڵكه‌ڵه‌ی زانین سه‌باره‌ت به داهێنه‌رانی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی وا ده‌كه‌وێته سه‌رمان ناتوانین رێگری لێبكه‌ین. خوێنه‌رانیش زیاتر پێ له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی داده‌گرن كه‌چی رووبه‌ڕووی واقیعی ژیانی ئه‌و نووسه‌رانه ده‌بنه‌وه كه خۆشیان ده‌وێن.
*رۆمانی (جۆن بارلیكۆرن-John Barleycorn)، جاك له‌نده‌ن:
جاك له‌نده‌ن كه شاكاری نه‌مری وه‌كو رۆمانی (بانگی ئاژه‌ڵی كێوی) و رۆمانی (گورگی ده‌ریا)ی نووسیوه،له یه‌كه‌مین نووسه‌رانی ئه‌مریكا بوو كه له رێی نووسینه‌وه سامانێكی باشی ده‌سكه‌وت. جاك له‌نده‌ن چه‌ندان دیمه‌نی تۆمار كردووه كه به‌چاوی خۆی دیویه‌تی و پاڵه‌وانانی زۆربه‌ی چیرۆك و رۆمانه‌كانی كه‌سانێكن كه هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵیان هه‌بووه. له به‌رهه‌مه‌كانی جاك له‌نده‌ندا كاریگه‌ریی بیروبۆچوونه‌كانی «چارلس داروین»، «هێربه‌رت سپنسه‌ر»، «كارل ماركس» و «فریدریك نیتشه« ته‌واو ئاشكرایه. جاك له‌نده‌ن نووسه‌ری كتێبی «كوڕی گورگ» (The Son of the Wolf) كه ناوی ته‌واوی «جۆن گریفین چی نی» بوو، له ساڵی 1913 دا ژیاننامه‌ی خۆی بڵاوكرده‌وه.
*رۆمانی (پۆرترێتی هونه‌رمه‌ند له تافی لاوی‌دا)، جه‌یمس جۆیس:
ئه‌م رۆمانه كه نیمچه ژیاننامه‌ی جه‌یمس جۆیسه له ساڵی 1913دا بڵاوبۆته‌وه. به‌سه‌رهاته‌كانی كوڕێك له (2 تا 20 ساڵی) ده‌گێڕێته‌وه، زۆر ئاڵۆزه و تیایدا باسی چه‌ند مۆتیڤێك ده‌كات له بابه‌تی: ئیرله‌ندا، مرۆڤ، مناڵ، ترس و خودا. جۆیس له‌گه‌ڵ ڤێرجینیا وۆڵفدا له‌و نووسه‌ره یه‌كه‌مانه‌ن كه به‌شێوه‌ی مه‌نه‌لۆج رۆمانیان نووسیوه.
هه‌ندێك له ره‌خنه‌گران باوه‌ڕیان وایه ئه‌م رۆمانه پێشه‌كی رۆمانی ئۆلیسه كه شاكاری جه‌یمس جۆیسه. رۆمانه‌كه به‌جۆرێك به‌خودژیاننامه‌ی جۆیس له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. پۆرترێتی هونه‌رمه‌ند له تافی لاوی‌دا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر به‌شێوازی به‌ره‌و كامڵبوون نووسراوه، ئه‌مه به‌و مانایه‌ی كه رۆمانه‌كه‌ی جۆیس به چیرۆكێكی مناڵان و له زمانی مناڵێكه‌وه ده‌ستپێده‌كات و به به‌شێك ته‌واو ده‌بێت كه تیایدا كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی «ستیڤن دیدالوس» ده‌گاته بڕیاری كۆتایی خۆی له ژیاندا.
*رۆمانی «شار و ویلایه‌ت» و «به‌ره‌ڵاییه‌كانی دارما»، جاك كیرواك:
جاك كیرواك رۆماننووس و شاعیرێكی به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌مریكییه، ساڵی 1922 له ماساچوست له‌دایكبووه. به‌وه زۆر به‌ناوبانگ بووه كه به‌شێوه‌یه‌كی خۆڕسك نووسیویه‌تی. له‌به‌ر هه‌ردوو رۆمانی «شار و ویلایه‌ت» و «به‌ره‌ڵاییه‌كانی دارما» لێره‌دا باسی ده‌كه‌ین. كیرواك به‌پێچه‌وانه‌ی یه‌كه‌م رۆمانییه‌وه واته «شار و ویلایه‌ت» كه ساڵی (1950) بڵاوبۆته‌وه خه‌ڵكی زیاتر لێی تێده‌گه‌یشتن، رۆمانی «له‌سه‌ر رێگا»ی به‌شێوازی خۆڕسك نووسی. رۆمانی «شار و ویلایه‌ت» وه‌كو به‌رهه‌مه‌كانی تری ئه‌م نووسه‌ره به‌شێوازی ژیاننامه نووسراوه، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی كیرواك ببێته خاوه‌نی شێوازی تایبه‌تی خۆی نووسراوه. «به‌ره‌ڵاییه‌كانی دارما»ش به ژیاننامه‌ی دووه‌می ئه‌م رۆماننووسه له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. كیرواك له‌م رۆمانه‌دا كه له دوای رۆمانی له‌سه‌ر رێگا، گرنگترین به‌رهه‌مێتی كه دواتر كرا به فیلمی سینه‌مایی، باسی چالاكییه ناوه‌كی و ده‌ره‌كییه‌كانی ده‌كات، وه‌كو پاسكیلسواری و شاخه‌وانی و كۆڕی شیعر خوێندنه‌وه و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌سانی دی‌دا.
*رۆمانی گورگی بیابان، هه‌رمان هیسه:
گورگی بیابان ناسراوترین رۆمانی نووسه‌ری دیاری ئه‌ڵمانیا هه‌رمان هیسه‌یه كه ساڵی 1946 خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی وه‌رگرتووه. ئه‌م رۆمانه نیمچه ژیاننامه‌ییه به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری رۆحی برینداری خه‌ڵكی شار له دوای جه‌نگ نیشان ده‌دات كه له‌ناكاو له وجودی خۆیاندا ده‌ركه‌وتنی ئاژه‌ڵێك یان پیاوێكی گورگ سیفه‌ت ده‌بینن.
به هه‌ڵبژاردنی گورگی بیابان هه‌وڵی هیسه بۆ ئه‌وه‌یه دۆخی تایبه‌تی خۆی له‌ناو كۆمه‌ڵگای ئێستادا وه‌كو گورگێك له‌ناو مه‌ڕه‌كانی كۆمه‌ڵگای به‌ره‌ڵادا نیشان بدات. نووسه‌ری «سیدهارسا-Siddhartha» له‌م رۆمانه‌دا ته‌ركیزی له‌سه‌ر بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و تازه‌ترین مه‌سه‌له كردووه. «هاری هاله‌ر» كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه ره‌مزی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی ده‌یه‌ی سێهه‌می سه‌ده‌ی بیسته.
*رۆمانی «خولگەی قرژاڵ» هێنری میله‌ر:
هێنری میله‌ر نووسه‌رێكی ئه‌مریكییه به تێكشكاندنی شێوازی باو له نووسینی ژیاننامه و رۆمان‌دا زۆر ناوبانگی ده‌ركردووه. میله‌ر یه‌كه‌مجار رۆمانی خولگەی قرژاڵ-ی له ساڵی 1934دا له فه‌ره‌نسا بڵاوكرده‌وه، به‌ڵام چاپكردنی له ئه‌مریكا هه‌تا ساڵی 1961 قه‌ده‌غه بوو.
ئه‌م رۆمانه كه به‌شێوازی ژیاننامه نووسراوه به یه‌كێك له شاكاره به‌رزه‌كانی سه‌ده‌ی بیست له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. میله‌ر له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا بوو به یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه‌ی له ئه‌مریكا زۆرترین خوێنه‌ریان هه‌بوو. ئه‌و وێنه‌یه‌ی سه‌باره‌ت به میله‌ر له خه‌یاڵی خوێنه‌رانی ئه‌مریكادا بوو، ئه‌مریكییه‌كی بێ پول و پاره و ئازاد بوو كه په‌یوه‌ندییه‌كی زۆری هه‌یه و ژیانی له هاتوچۆی نێوان پاریس و نیویۆركدا ده‌گوزه‌رێت.
*رۆمانی كوڕان و عاشقان، دی. ئێچ لۆرانس:
ده‌یڤد هه‌ربه‌رت لۆرانس كه وێنه‌كێش و وتار و شانۆنامه و رۆماننووسێكی دیاری ئینگلیز بوو، رۆمانی ژیاننامه‌یی خۆی به ناوی «كوڕان و عاشقان» له ساڵی 1913 بڵاوكرده‌وه. ئه‌م رۆمانه وێنه‌یه‌كی واقیعی چینی كرێكاری كۆمه‌ڵگای شارستانی ئینلگیز له‌و كاته‌دا نیشان ده‌دات.
*رۆمانی دایره‌ی پۆسته، چارلس بوكۆفسكی:
نووسینه‌كانی بوكۆفسكی شاعیر و رۆماننووسی ئه‌مریكی زۆر له ژێر كاریگه‌ری شاری لۆس ئه‌نجلسدایه كه تیایدا ده‌ژیا. زۆرجار وه‌كو نووسه‌رێكی كاریگه‌ر ناوده‌برێت كه شێوازه‌كه‌ی چه‌ندان جار لاسایی كراوه‌ته‌وه. ئه‌م نووسه‌ره پڕ كاره هه‌زاران پارچه شیعر، سه‌دان كورته‌چیرۆك و شه‌ش رۆمان و زیاتر له په‌نجا كتێبی چاپكردووه.
له بابه‌تێكدا كه سه‌باره‌ت به‌م رۆمانه ژیاننامه‌ییه نووسراوه، هاتووه: دایره‌ی پۆسته‌ی بوكۆفسكی ده‌ستپێكی نووسینی یه‌كێك له بلیمه‌ته‌كانی ئه‌ده‌بی ئه‌مریكا بوو. ئه‌و رۆمانه‌ی كه بوكۆفسكی به‌شێوازی تایبه‌تی خۆی ده‌ستیپێكرد و به‌باوه‌ڕی من هێشتا باشترین رۆمانی چاپكراوێتی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی تیا نییه و فه‌زای ژیاننامه به‌سه‌ریدا زاڵه، به‌ڵام سه‌یره كه جوانترین به‌رهه‌مێتی. دایره‌ی پۆسته، كردنه‌وه‌ی گرێی رۆحێكی ئازاردیو و نائارامه كه چه‌ندان ساڵه شانی داوه‌ته به‌ر هه‌ر كارێك بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مرێت هه‌ر ئه‌مه ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی له ئاره‌زووه‌كانی تاراندووه.
*رۆمانی خێرایی،ولیام ئێس، بوروز:
«ولیام سوارد بوروزی دووه‌م» چیرۆكنووس و وتارنووس و ره‌خنه‌گرێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مریكییه. نه‌وه‌ی «ولیام بوروزی یه‌كه‌م» و باوكی «ولیام بوروزی سێهه‌مه». به‌شی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مه‌كانی به‌شێوازی ژیاننامه‌یه و باسی ئه‌زموونه‌كانی له ئالووده‌بوون به ماده‌ی تلیاك ده‌كات كه له په‌نجا ساڵی كۆتایی ته‌مه‌نیدا نووسراون. «گۆشتی كه‌نتاكی» به‌رهه‌مێكی تری شێوه ژیاننامه‌یی ئه‌م نووسه‌ره‌یه. بوروز له رۆمانی «خێرایی»دا باسی ره‌وتی گۆڕانكاری خۆی ده‌كات له لاوێكی سه‌ركه‌شه‌وه تا ده‌سگیركردنی له‌لایه‌ن پۆلیس و ئالووده‌بوونی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی نیویۆرك.
رۆمانی «لاویی به‌باچوو» لیو تۆڵستۆی:
لاویی به‌باچوو، یه‌كێكه له سیانه‌ی ژیاننامه‌یی نووسه‌ری شاكاری شه‌ڕ و ئاشتی كه چیرۆكی مناڵی و لاوی تۆڵستۆی به‌جوانی ده‌گێڕێته‌وه. «مناڵی» و «لاوی» دوو به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌می ئه‌م رۆمانه سێ به‌رگه‌ن. لیۆ تۆڵستۆی رۆماننووس و شانۆنامه‌نووسی گه‌وره‌ی روس و نووسه‌ری شاكاری شه‌ڕ و ئاشتی و ئانا كارنینایه كه دۆستۆیڤسكی به گه‌وره‌ترین نووسه‌ری هاوچه‌رخی ده‌زانی. له‌دایكبوونی له‌ناو خێزانێكی خانه‌داندا له نووسه‌رانی دیكه‌ی هاوچه‌رخی جیا ده‌كاته‌وه، به‌ڵام پاش ناوبانگ و خۆشه‌ویستی به‌هۆی به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه، شێوازی ژیانی خۆی گۆڕی و رووی له ژیانی ساده كرد. تۆڵستۆی به درێژایی ژیانی ئه‌ده‌بی، 11 رۆمانی درێژ و كورت و 7 به‌رهه‌می فه‌لسه‌فی و 3 شانۆگه‌ری و زیاتر له 25 كورته‌چیركی نووسیوه.
سه‌رچاوه: www.isna.ir