پلاستیک زەوی دەخنکێنێت

10:07 - 2023-12-28
ڕاپۆرت
595 جار خوێندراوەتەوە
پلاستیک زیانی بۆ ژینگە و مرۆڤ هەیە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد




پلاستیک بریتییە لە مادەیەکی دروستکراو لە رێژەیەکی فراوان لە پۆلیمەر وەک پۆلیئەسیلین و نایلۆن و پیڤیسی، کە مادەی ئۆرگانین و دەتوانرێت شێوە و قەبارەی جیاوازی پێ دروست بکرێت، بۆ ئەوەی بەرگەی پەستانی زۆر بگرێت و پاشان پێکهاتەی رەنگی و مانەوەی بەرگری تێدەکرێت، بەشێوەکی گشتی کۆمەڵێک مادەی دیکەی تێکەڵ دەکرێت هەندێکیان مادەی توخمە قورسەکانن وەک کادیمیۆم و نیکڵ و قوڕقوشم، ئەگەر بە رێگەیەکی تەندروست مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت، راستەوخۆ تێکەڵ بە ئاو و هەوا و خاک دەبێت و پیسبوونی ژینگە روودەدات.

پلاستیک خاک ژەهراوی دەکات
هاوڕێ یاسین شارەزا لە بواری ژینگە دەڵێت، پلاستیک خاک ژەهراوی دەکات و خاک ناتوانێت پلاستیک لەخۆیدا بتوێنێتەوە، هەروەها ئەو پلاستیکانە زیان بە تەندروستی هاووڵاتیانیش دەگەیەنن.
وتیشی، ئەگەر زبڵی پلاستیکی لە شوێنە سەوزاییەکان فڕێ بدرێن، سەوزاییەکان وشک دەبن، واتە خاکی ئەو شوێنە ژەهراوی دەبێت، تەنانەت ئەو بەرهەمانەی لەو شوێنانە سەوز دەبن هەڵگری ئەو ژەهرە دەبن و بەو شێوەیە ژەهرەکە دەگوازرێتەوە بۆ جەستەی هاووڵاتیان.
بە گوێرەی ئامارەکانی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک، رۆژانە 10 هەزار تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە و دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، %55 بۆ %60 ئەو زبڵانە پلاستیک و نایلۆن و کاغەزن.
سەبارەت بە بەکارهێنانی پلاستیک بۆ هەڵگرتنی خواردەمەنی و زیانە تەندروستییەكانی بۆ سەر مرۆڤ، لوقمان شێروانی شارەزای بواری ژینگە دەڵێت، توێژینه‌وه‌ زانستییەكان ئاشكرایان كردووە، پلاستیك به‌ یه‌كێك له‌و (20) ماده‌ به‌رهه‌مهێنراوانه‌ داده‌نرێت كه‌ مه‌ترسیدارترین ماده‌ن بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ و‌ ژینگه‌.

جیاكردنەوەی مادە پلاستیكییەكان

ساڵی 2019 قائیمقامیەتی سلێمانی بە ئامانجی جیاكردنەوەی مادە پلاستیكییەكان لە روانگەی زیانە زۆرەكەی بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتیان بڕیاریدا بە جیاکردنەوەی پاشماوە پلاستیکییەکان لە پاشماوەکانی دیکە و خاوەنی رێستۆرانت و چێشتخانەكان پابەندکران بە دانانی سەتڵی خۆڵی جیاواز  کە رەنگی سەوزی کاڵ بێت.
هەروەها هەر رێستۆرانت و چێشتخانەیەك پابەند نەبێت بەجیاكردنەوەی مادە پلاستیكییەكان زبڵ و خۆڵ و خاشاكەكەی لەلایەن كۆمپانیاكانی پاككردنەوەوە ناگواسترێتەوە و خۆی بەرپرسیار دەبێت لە بەرامبەر لابردنی زبڵ و خۆڵ و خاشاكەكەی.
كۆمپانیاكانی پاكردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاك پابەند دەبن بەجیاكردنەوەی مادە پلاستیكییەكان لەگەڵ مادە خۆراكییەكانی تر، هەروەها كۆمپانیاكانی پاكردنەوە ئۆتۆمبێلی تایبەت بەكاردەهێنن بۆ گواستنەوەی مادە پلاستیكییەكان و لۆگۆی مادە پلاسنتیكییەكانی لەسەر دەبێت.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، ئامانجیان پاراستنی ژینگەو تەندروستی هاووڵاتیانە لە زیانە زۆرەكەی مادە پلاستیكییەكان و بڕیارەكان لەلایەنە لیژنەهاوبەشەكانەوە بەدواداچونیان بۆ دەكرێت و جێبەجێ دەكرێت و هەر شوێنێك پابەند نەبێت رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەكرێتەوە.
بێجگە لەوە بڕیار درا بە دانانی زەرفی کاغەز لە نانەواخانە و سەمونخانەکان لە جیاتی زەرفی نایلۆن و چەند مانگێک چاودێری کرا و لە چەند شوێنێکیش جێبەجێ کرا، بەڵام بەدواداچوون بۆ بڕیارەکە و جێبەجێ کردنی ماوەیەکی کورتی خایاند و ئێستا مادە پلاستیکییەکان تێکەڵ بە خۆڵی ئاسایی دەکرێنەوە و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەش تێکەڵ بە خۆڵی ئاسایی دەکاتەوە لە شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاک.

مەترسیدارترین مادە بۆ ژینگە و تەندروستی مرۆڤ
مادە پلاستیکییەکان پاش بەکارهێنانیان، دەسووتێنرێن یان فڕێدەدرێن، کە لە هەموو بارەکاندا زیانی بۆ ژینگە هەیە، لە بنچینەدا دەبێت ئەو جۆرە مادانە ریساکلین بکرێن، نەک فڕێبدرێن، چونکە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ژینگە، شیبوونەوەیان لە زەویدا 300 ساڵی پێویستە، کە ئێستا %60 بۆ %85ی ئەو خاشاکانەی لە ژێر خاک و ئاوی دەریاکاندان مادەی پلاستیکن.
توێژینەوەیەکی ئاژانسی ژینگەیی لە ئەمریکا دەڵێت، پلاستیک بە یەکێک لەو 20 مادە بەرهەمهێنراوانە دادەنرێت، کە مەترسیدارترین مادەن بۆ ژینگە و تەندروستی مرۆڤ، چونکە هەموو جۆرەکانی پلاستیک لە بەرهەمە نەوتییەکانن، جگە لە بابەتە کیمیاییەکانی دیکە، بۆیە پلاستیک وەک مادەکانی دیکە بەشێوەکی ئەندامی شی نابێتەوە لە ژێر خاک یان لە ئاودا، دەبێتە بەربەستێکێکی گەورە لە پڕۆسەی گۆڕینی خاشاک بۆ ناو خاک کە زیانی بۆ خاک دەبێت.
یەکێک لە دیاردەکانی زۆربوونی مادەی پلاستیک بەکارهێنانی بوتڵی پلاستیکییە لە ساڵانی 1940 بە دواوە بەکاردەهێنرێت و ئێستا ملیۆنان تەن بوتڵی پلاستیکی بۆ مەبەستی جیاواز بەرهەم دەهێنرێن.
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی پێکهاتە پلاستیکییەکان لەسەر ژینگە، شارەزایان پێشنیازی ئەوە دەکەن پلاستیکی کوالیتی بەرز بەکاربهێنرێت، دانانی باجی زۆر لەسەر ئەو کارگانەی کە پلاستیک بەکاردەهێنن هەروەها بەکارهێنانی پێکهاتەکانی دیکە وەک جێگرەوەیەک بۆ پلاستیک.

#ژینگە

بابەتە پەیوەندیدارەکان