كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
كتێبی (رۆڵی سه‌رمایه‌ی مرۆیی له گه‌شه‌ی ئابووریی عیراقدا، به ره‌چاوكردنی هه‌ردوو كه‌رتی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی له ماوه‌ی 1980 – 2016دا)، كه به‌رهه‌می ده‌ست و قه‌ڵه‌می توێژه‌ر (فه‌یسه‌ڵ عه‌لی خورشید)ه، به زمانی عه‌ره‌بی و له دوو توێی به‌رگێكی جوان‌دا كه 231 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره گه‌وره‌ی له‌خۆ گرتووه كه‌وته به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ران.
ئه‌م كتێبه توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمییانه‌یه له باره‌ی گه‌شه‌ی ئابووری عیراق و رۆڵ و گرنگیی سه‌رمایه‌ی مرۆیی تیایدا، له‌و ساڵانه‌دا كه ئاماژه‌ی پێ دراوه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه به میتۆدێكی توێژینه‌وه‌ی زانستی نووسراوه و له پێشه‌كییه‌ك و چوار به‌شی سه‌ره‌كی و ده‌ره‌نجام و راسپارده پێكهاتووه، هه‌ر یه‌ك له به‌شه‌كانیش دابه‌ش بوون به‌سه‌ر چه‌ند پاژێكدا و به پێی پێویستی میتۆده زانستییه‌كه هه‌ر پاژێك، لایه‌نێك له لاپه‌نه‌كانی بابه‌ته‌كه روون ده‌كاته‌وه.
وه‌ك نووسه‌ر خۆی له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێكردووه، توێژینه‌وه‌كه چوار به‌شی سه‌ره‌كییه، به‌شی یه‌كه‌م كه تایبه‌ته به چوارچێوه‌ی تیۆری و چه‌مكه‌كانی سه‌رمایه‌ی مرۆیی و گه‌شه‌ی ئابووری، له سێ پاژی سه‌ره‌كیدا خۆی ده‌بینێته‌وه، یه‌كه‌م: چه‌مكی سه‌رمایه‌ی مرۆیی و گرنگییه‌كه‌ی و لایه‌نه مێژووییه‌كه‌ی. دووه‌م: گرنگترین باواره‌كانی سه‌رمایه‌ی مرۆیی و سێیه‌میش تایبه‌ته به چه‌مكی گه‌شه‌ی ئابووری و ئه‌و تیۆرییانه‌ی په‌یوه‌ستن به سه‌رمایه‌ی مرۆییه‌وه.
به‌شی دووه‌م، باس رۆڵی سه‌رمایه‌ی مرۆیی ئابووریی عیراق ده‌كات، هه‌ڵبه‌ت له سێ پاژی سه‌ره‌كیدا، كه پاژێك ته‌رخان كراوه بۆ رۆڵی سه‌رمایه‌ی ئابووری له گه‌شه‌ی ئابووریی عیراقدا له ماوه‌ی جه‌نگی یه‌كه‌می كه‌نداودا، پاژی دواتر تایبه‌ته به هه‌مان ئاستی گه‌شه له ماوه (1990 - 2002)دا و سێیه‌میش ماوه‌ی (2003 - 2016) ده‌گرێته‌وه.
به‌شی سێیه‌م، تایبه‌ته به شیكاریی پێوانه‌یی بۆ رۆڵی سه‌رمایه‌ی مرۆیی له رێگه‌ی ئاماژه‌پێده‌ری په‌روه‌رده و ته‌ندروستییه‌وه، ئه‌م به‌شه‌ش به گوێره پێویستییه‌كانی توێژینه‌وه‌كه، كراوه به چوار پاژه‌وه و له هه‌ر یه‌كێكیاندا به وردی شیكاری بۆ ئه‌و داتا و پێدراوانه ده‌كات كه له سه‌رچاوه ره‌سمییه‌كانه‌وه وه‌رگیراون.
به‌شی چواره‌می توێژینه‌وه‌كه ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان و هه‌روه‌ها لیستی خشته‌كان و په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت.
له‌م كتێبه‌دا به شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی باس له‌وه ده‌كرێت، كه چۆن سه‌رمایه‌ی مرۆیی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر گه‌شه‌ی ئابووری وڵاتان داده‌نێت و وڵاتانیش چۆن په‌ره به‌م سه‌رمایه‌یه ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها به پێی داتاكان، ئه‌وه روون ده‌كاته‌وه كه چۆن عیراق له سه‌رده‌مانێكدا له رووی په‌ره‌پێدانی سه‌رمایه‌ی مرۆییه‌وه پێشه‌نگی ناوچه‌كه بووه، به‌ڵام دواتر به‌هۆی جه‌نگی كه‌نداوه‌وه پاشه‌كشه‌ی كردووه، پاشان ناسه‌قامگیریی دوای رووخانی رژێمیش لێنه‌گه‌ڕاوه وه‌ك پێویست په‌ره به‌و لایه‌نه بدرێت، ئه‌نجامی ئه‌و دواكه‌وتنه‌ش له په‌ره‌پێدانی سه‌رمایه‌ی مرۆیی‌دا، گه‌شه نه‌كردنی ئابووری عیراقه، یان ئه‌گه‌ر گه‌شه‌شی كردبێت، له ئاستی پێویستدا نه‌بووه.
ناو كتێب: دور الرأس المال البشری في نمو الاقتصاد العراقي، مع التركیز علی قطاعي التعلیم والصحة للمدة 1980 – 2016
ناوی نووسه‌ر: فیصل علی خورشید
چاپخانه: هارتریك للنشر والتوزیع
ساڵی چاپ: 2023