هه‌ولێر/ ته‌ها عه‌بدوڵڵا
رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هاوشێوه‌ی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی، به ژماره‌یه‌ك ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه به‌شداریان له شازده‌مین پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ كتێب كرد كه تا 27/4/2024 به‌رده‌وام بوو، سه‌رپه‌رشتیاری یه‌كێك له‌ده‌زگاكانی چاپ له رۆژهه‌ڵات پێیوایه به‌شداری ئه‌وان له پێشانگایه‌كی له‌و جۆره بایه‌خی گرنگی له ئاڵوگۆڕی فه‌رهه‌نگی و ناساندنی نوسه‌ران و رۆشنبیران له نێوان پارچه‌كانی كوردستاندا هه‌یه، به‌پێویستیشی ده‌زانن ئه‌و جۆره چالاكییه فه‌رهه‌نگیانه به‌رده‌وام بێت.
پێشانگاكانی كتێب، رێگاكه كورت ده‌كاته‌وه، بۆ ناساندن و ئاڵوگوڕی كه‌لتوری له‌نێوان پارچه‌كانی كوردستاندا
سه‌یران ره‌زیه وه‌فا لێپرسراوی ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی مادیار له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: له‌پێشانگای ئه‌مجاره‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ كتێب ئێمه له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه، به‌چوار ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه به‌شداریمانكردوه، ئه‌وانیش ده‌زگاكانی (مادیار، ماد، خانی، كوردستان)ن.
وتیشی: ئێمه له ده‌زگای مادیار به دووسه‌د ناونیشانی كتێب به‌شداریمان كردوه كه بواره‌كانی مێژوو و سیاسی و فه‌لسه‌فه و رۆمان‌و چیرۆك‌و لێكۆڵینه‌وه‌و دیوانی شیعر له‌خۆده‌گرێت و سه‌رجه‌میان به‌زمانی كوردییه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: كردنه‌وه‌ی پێشانگای له‌و جۆره و تێكه‌ڵبوونی ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی پارچه‌كانی كوردستان بایه‌خی زۆری له ئاڵوگۆڕی فه‌رهه‌نگی و ناساندنی نووسه‌ران و رۆشنبیران له نێوان پارچه‌كانی كوردستان هه‌یه، پێویسته ئه‌و جۆره چالاكیانه به‌رده‌وامبن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه محه‌مه‌د مه‌حموودی له ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كورستان له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان تیشكی خسته‌سه‌ر چه‌ندلایه‌نێكی تری پێشانگاكه و بۆ كوردستانی نوێ وتی: له ده‌زگاكه‌ی ئێمه كتێبه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی و مێژووی كوردی و ئایینی نمایشكراوه ، كه به هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بین.
وتیشی: ئه‌وه حه‌وته‌مین پێشانگای كتێبه له باشوری كوردستان ئێمه به‌شداری تێدا ده‌كه‌ین، كتێبه‌كان به‌زمانی كوردی و عه‌ره‌بین و فارسیمان نییه. پێشیوابوو: هه‌رچه‌نده پارچه‌كانی كوردستان خۆیان له‌یه‌كتر دوورنین به‌جۆرێك له جۆره‌كان ئاگاداری كاروباری یه‌كترن، به‌ڵام بوونی پێشانگایه‌كی له‌و جۆره رێگاكان كورتتر ده‌كه‌نه‌وه و خێراتر به‌رهه‌مه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌گاته ده‌ست خوێنه‌رانی باشوور، بۆیه به‌گشتی پێشوازی له‌بوونی پێشانگاكه له‌و جۆره ده‌كه‌ن .
له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی پێشانگای كتێب له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان وتی: ده‌مێكه ئه‌و جۆره پێشانگایه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان نه‌كراوه‌ته‌وه، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئابووری و كه‌مبوونه‌وه‌ی خوێنه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌ویش به‌هۆی زۆربوونی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌كنه‌لۆژیا ، هه‌موو ئه‌مانه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی تیراژی كتێب له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان هه‌یه.
سه‌باره‌ت به‌ئاستی رێكخستنی پێشانگاكه وتی: به‌داخه‌وه نرخی ئه‌و شوێنه‌ی بۆمان ته‌رخانكراوه زۆره و ره‌چای نه‌بوونی خوێنه‌ر و كڕیار نه‌كراوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئیداره‌ی پێشانگاكه كه‌متر گوێ له‌داواكارییه‌كانمان ده‌گرن و كارئاسانیان بۆ نه‌كردووین.
به‌هرام غه‌فوری وه‌ك رۆشنبیرێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌كاتی سه‌ردانیكردنی پێشانگاكه بۆ كوردستانی نوێ وتی: رێژه‌ی ده‌زگاكانی چاپ له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌م پێشانگایه به‌په‌نجه‌كانی ده‌ست ده‌ژمێردرێن، ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی كه‌مه ده‌بوو ژماره‌یه‌كی زیاتر ئاماده‌بوونیان هه‌بوایه.
وتیشی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌نگاوی له‌و جۆره به‌گرنگ و پێویست ده‌زانم، پێویسته له‌ده‌ره‌وه‌ی پێشانگاكانیش رۆشنیرانی باشوور‌و رۆژهه‌ڵات چالاكی فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیری ئه‌نجامبده‌ن، له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیاو تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌رده‌وام كتێب بخه‌نه به‌رده‌م خوێنه‌ران، چونكه ئاشكرایه كتێب له‌هه‌موو سه‌رده‌مێك و بارودۆخێك بایه‌خی خۆی له‌ده‌ست نادات.