ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
پسپۆڕانی ئابووری و ئه‌وانه‌ی شیكاریی و پێشبینی بۆ دۆخی ئابووری ده‌كه‌ن، پێیان وایه ئه‌م ساڵ ساڵی دابه‌زینی نرخی سوود ده‌بێت له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا، به تایبه‌تیش له ئابوورییه زه‌به‌لاحه‌كانی وه‌ك ئه‌مریكا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا چین و به‌ریتانیادا، ئه‌م بۆچوونه‌ش گه‌شبینی ده‌به‌خشێ به خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه، چونكه ساڵی رابردوو به‌رزبوونه‌وه‌ی یه‌ك له دوای یه‌كی نرخی سوود تووشی كێشه‌ی زۆری كردن.
رۆژنامه‌ی فاینانشاڵ تایمز له تازه‌ترین راپۆرتیدا پێشبینی ئه‌وه‌ی كردووه، زۆربه‌ی بانكه ناوه‌ندییه‌كان به‌ره‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی سوود هه‌نگاو بنێن، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كه رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له زۆر وڵات كه‌م بۆته‌وه و پێشبینی وه‌به‌رهێن و ئابووریناسانیش به ئاراسته‌ی كۆنترۆڵكردنی نرخه به گشتی.
نیل شیرینگ ئابووریناس له گروپی كاپیتاڵ ئیكۆنۆمكیس له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌م ساڵ رێژه‌ی هه‌ڵاوسان به شێوه‌یه‌كی گشتی زۆر له‌وه زیاتر كه‌م بێته‌وه كه بانكه ناوه‌ندییه‌كان پێشبینییان كردووه. ئه‌و پسپۆڕه جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه، كه ئه‌م ساڵ سیاسه‌تی ئابووری به شێوه‌یه‌كی توندوتۆڵ كۆنترۆڵ كراوه، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه كه بڕیار به ده‌ستان له بانكه ناوه‌ندییه‌كان ده‌توانن كه‌مێك له كۆت و به‌نده‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه و نرخی سوود دابه‌زێنن.
له ئه‌مریكا وه‌به‌رهێنه‌ران دڵنیان له‌وه‌ی ئه‌م ساڵ بانكی ده‌یه‌كی فیدڕاڵی له مانگی ئاداری داهاتوودا بۆ یه‌كه‌م جار نرخی سوود داده‌به‌زێنێت و دواتریش درێژه به‌و سیاسه‌ته ده‌دات، تا رێژه‌ی دابه‌زین ده‌گاته چاره‌كی پۆینتی سه‌دی. به گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی فاینانشاڵ تایمزیش بانكی ناوه‌ندی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و هه‌روه‌ها بانكی ئینگلته‌راش پێشبینی ده‌كرێت له ساڵی 2024دا شه‌ش جار نرخی سوود دابه‌زێنێت، سه‌ره‌تای دابه‌زاندنه‌كه‌شی له نێوان مانگی ئادار و نیساندا ده‌بێت.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، دابه‌زینی نرخی سوود، به‌شێكی زۆری كێشه ئابوورییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و باری شانی زۆر كه‌س سووك بكات، چونكه ساڵی رابردوو به‌هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی سووده‌وه، كه ئامانج لێی كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڵاوسان بوو، بارگرانییه‌كی زۆر له‌سه‌ر شانی وه‌به‌رهێنه‌ران دروست بوو، چونكه ئه‌وه‌ی قه‌رزی له‌سه‌ر بوو، بڕێكی زۆر سوودی چووه سه‌ر و ئه‌وه‌شی قه‌رزی كه‌می له‌سه‌ر بوو، نه‌یده‌وێرا قه‌رزی زیاتر بكات و په‌ره به پڕۆژه‌كانی بدات.
سه‌رچاوه: العربي الجدید