تەها عەبدوڵڵا
بەئامانجی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانکاری كەشوهەوا لەسەر وڵاتان و یەكخستنی تواناكان بۆ روبەڕوبوونەوەی لێكەوتەكانی، بەتایبەتی لەبواری ئاو و كەرتی كشتوكاڵ، دوێنێ بە بەشداریی وەفدێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، چوارەمین كۆنگرە نێودەوڵەتی بۆ ئاو لە بەغدا بەڕێوەچوو، بڕیاریشە لەو كۆنگرەیەدا چەندین پێشنیار و راسپاردە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە و كاری هاوبەش لە نێوان وڵاتاندا بخرێتەڕوو.
هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە رۆژی 27/4/2024وە چوارەمین كۆنگرەی نێودەوڵەتی ئاو لەشاری بەغدا بە بەشداریی نوێنەری ژمارەیەك لە وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەكە و جیهان بەڕێوەدەچێت. وتیشی: لەو كۆنگرەیەدا وەفدێكی وەزارەتی كشتوكاڵ بەسەرۆكایەتیی بێگەرد تاڵەبانی بەشداردەبێت، هاوكات بەشێكی زۆری وەزیرە پەیوەندارەكانی تایبەت بەئاو و كشتوكاڵی وڵاتانی بەشداربوو ئامادەی كۆنفرانسەكە دەبن.
ئاماژەی بەوەشكرد: بەگوێرەی بەرنامە و ئەجێندای كۆنگرەكە و لەمیانی پێشكەشكردنی وتار و پانێڵەكان، داوای یەكخستنی هەواڵەكان بۆ دروستكردنی كۆدەنگی لەبارەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و كێشەكانی ئاو لەسەرتاسەری جیهان و ناوچەكە دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستە چەندین پێشنیار و راسپاردە لەپێناوی چارەسەركردنی گرفتەكان و برەودان بە سەرچاوەكانی ئاو و كەرتی كشتوكاڵ دەخرێنەڕوو.
وتەبێژ ئەوەشی خستەڕوو: بەشداریی وەزیری كشتوكاڵی هەرێم بۆ ئەوە دەبێت پێداگریی لەسەر پاراستنی ژینگە و ئاوی هەرێمی كوردستان بكات، ئەو رێگاچارانەش دەخاتەڕوو كە پێویستە بۆ پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێم بگیرێتەبەر. وتیشی: لە هەموو ئەو هەوڵانەی دەدرێت لەبارەی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاو، هەرێم هەوڵدەدات خۆی لەگەڵ بارودۆخەكە بگونجێنێت، تا كەمترین زیانی لەو گۆڕانكارییانە بەربكەوێت.
كۆنگرەی لەوجۆرە لەبارەی ئاو لەكاتێكدایە، كە عیراق لەچەند رۆژی رابردوودا رێكەوتنێكی تایبەت بە پشكی ئاوی وڵاتەكەی لەگەڵ توركیا ئەنجامداوە، ئەویش لەمیانەی سەردانی ئەم دواییەی سەرۆك كۆماری توركیا دێت بۆ بەغدا، كە چاوەڕوان دەكرێت كاریگەریی باشی هەبێت لەسەر كەمبوونەوەی مەترسییەكانی كەمئاوی لە عیراقدا.