وەفانامە لە درەوشانەوەی مێژوودا

11:19 - 2023-12-11
کەلتور
543 جار خوێندراوەتەوە

ماردین عەبدولکەریم


کتێبەکەی بە دیاری پێدام، بەڵێنم پێدا بیخوێنمەوە، هێشتا نۆرەی خوێندنەوەی نەهاتبوو، بەڵام  ویستم تەنها گوزەرێ بەنێو لاپەڕەکانیدا بکەم، ناوەڕاستی کتێبەکەم کردەوە و چاوم بەناوی هەڤاڵ مام جەلال کەوت (بۆنی هەموو عەترەکان لە عەترێکدا) هەڤاڵ عیماد لە کتێبەکەیدا ئەو رۆژانە باس دەکات، کە مامی سەرۆک و رابەرمان ماڵئاوایی لێکردین، بەبێ ئاگایی خۆم خەیاڵ بردمی بۆ رۆژانی پرسەکەی مام، هێندە گریا بووم، کاتێ رۆژی دوایی لە خەو هەستام بە ئەستەم چاوەکانم هەڵدەهات.
لە دوای هەڤاڵ مام جەلال نووسەر باس لە قەدەری یەکێتی دەکات و دەڵێت، لە پشت هەر سەرکەوتنێک، خوێنێک، یان لە پشت هەر خۆشییەک، ناخۆشییەکی قووڵ تووشی یەکێتی هاتووە، ئەم قسەیەی نووسەر زۆر تەواوە و هەر واشبووە، دوای ئەوەی مام بووە سەرکۆمار، کاریزمای هێندە بەهێز بوو توانی ئاو بکات بە ئاگری ئەو هەموو ناکۆکییەی رووبەڕووی نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەکان بۆوە لەعیراقدا. پێگەی یەکێتی بەهۆی مامەوە چووە لووتکە، بەڵام بەهۆی کۆچی دوایی هەموومان دەزانین چۆن نەهامەتییەکان روویان کردە یەکێتی و ماڵی یەکێتی تووشی جۆرەها لێکترازان بوو، هەر بۆیە نووسەر ئاماژە بەوە دەکات، کە ئێستا لەو نەهامەتییانەدا مامی گەورە لەگەڵمان نییە، کە جاران کێوێک بوو لە پشتی یەکێتی و یەکێتییەکان.

تەوارەکەی شۆڕش
کاتێکیش دێتە سەر باسی تەوارەکەی شۆڕش، هەرگیز هەستم نەدەکرد بیرەوەری سیاسییەک دەخوێنمەوە، بەڵکو تەواو نوقمی نێودنیای رووداوەکانی رۆمانێک ببووم، کە تیایدا هەڤاڵ هێرۆی گوڵە هێرۆی خۆرسکی سادە، هەروەک نووسەر وەسفی دەکات پاڵەوانەکەی بوو، پاڵەوانەکە شۆڕشگێڕێکی هێمن، بەڵام کاریگەر، دەڵێت، ئەو پەنجەرەیەک بوو بۆ سەیرکردنی رووداوەکانی شۆڕشی نوێ، بەڵام تۆمارەکەی لەسەر شانی هەڵگرتبوو، نووسەر باس لەو تەوقە گەرمە دەکات، کە کاتێک بۆ یەکەمجار بە دیداری خاتوو هێرۆ شاد دەبێت، ئالێرەدا خۆزگەم خواست سەرجەم هەڤاڵانی یەکێتی دەستی هاوسەنگەری بۆ یەکتر رابکێشن و جارێکی تر جۆش و خرۆشیان بە یەکێتییەکەی مام دەدایەوە.
لە بەشێکی دیکەی کتێبی (درەوشانەوەی مێژوو)ی هەڤاڵ عیماد ئەحمەددا درک بەوە دەکرێت، کە زۆربەی سیاسییەکان لە ناخیاندا جگە لە زەبروزەنگ، هەست و ئارەزووی تریشیان هەڵگرتووە، وەک خۆم لەچاوپێکەوتنێکدا کە لەگەڵ هەڤاڵ عومەر شێخمووس ئەنجاممدا، پێیگوتم: (نەمزانیبوو جگە لە سیاسەت لایەنێکی سۆزداری بەهێزم هەیە)، نووسەری کتێبی ناوبراویش لەبارەی هێرۆخانەوە دەڵێت: مام جەلال هەموو ژیانی سیاسەت بوو، بەڵام نەیتوانیبوو، خەسڵەتە تایبەتەکانی هەڤاڵ هێرۆ قوتبدات، ئەوەتا هەڤاڵ هێرۆ لە شاخ بە کامێراکەی مێژووی یەکێتی تۆمار دەکات و جگە لە سیاسەت هونەری وێنەگرتن خولیای بووە، لە شاریش وەک نووسەر دەڵێت: بەرلەوەی سیاسی بێت هونەر و ئەدەب و میدیا ئیهتمامی یەکەمی بوون، هەرچەندە لە پڕۆژە سیاسییەکەشدا کتومت مام بوو.
 ئەمە و ئەم سیاسییە رۆماننووسە، وەسفێکی غەریب و واقیعی دادە هێرۆ دەکات و دەڵێت: بە جەستە لاواز و باریک بوو، بەڵام لە ناخ و جەوهەردا قایم و پتەو، زۆر بێدەنگ و کەمدوو بوو، بەڵام بێدەنگییەکەی لە هاواری زۆر کەس کاریگەرتر بوو.

وتاری سیاسی و دایک و باوکی و هاوڕێکانی
نووسەر لە بیرەوەرییەکەیدا هەم وتاری سیاسی و هەم دایک و باوکی و هاوڕێکانی لەبیرنەکردووە، لە بەشێکی کتێبەکەیدا وەسفەکانی بۆ هاوڕێیانی سەردەمی خەباتی شاخ هێندە ورد و بە سەلیقەیە، کە پێتوایە، لەوانەیە زمانی نووسینی وتاری سیاسی تێکەڵ بە زمانی نووسینی رۆمان بکات، بەڵام نەخێر توانیویەتی بۆ هەر یەکێکیان زمانی نووسین و دەربڕینێکی جیاوازی هەبێت، بەڵام ئەوەی لای من مایەی سەرنج بوو ئەو بەشەیە، کە سیاسییەک هەستێکی شاراوەی ناخی بە نیانی دەردەبڕێت، بۆیە چاوی سەرنجی منیش زیاتر ئەم بەشەی پێکا. لێرەدا گوڵبژێرێکی هەندێ لە هاوڕێیەکانی دەکەین، بەڵام مەرج نییە بەو بەدوایەکدا هاتنەبێ کە نووسەر ریزی کردون.
لە باسی شەهید ئارامی سەرکردەدا بە جۆرێک باسی دەکات، بە تایبەتی لە ساتی خۆئامادەکردن بۆ یەکەم بینینی، کە گوڕوتین بە خوێندنەوەی بابەتەکە دەدات و دەنووسێت: لە گەڕەکی ئەسحابەسپی سلێمانییەوە و لەوێوە بۆ سەرشەقام، لە کۆڵانێکی تەسک و باریک لە خانووێکی گڵدا (شەهید ئارام)م بینی و وەک دەروێشێ بووم کە بۆ بینینی شێخەکەی بڕوات. کاتێک منیش ئەم رووداوەم دەخوێندەوە حەزمدەکرد وەک کۆترێ بەرە و ئەسحابەسپی و سەرشەقام لە شەقەی باڵبدەم و لە دەرگای ئەو ماڵە بدەم کە ئاخۆ شەهید ئارام هێشتا لەوێ ماوە!

هاوڕێ خانەقینییەکانی نووسەر
دواتر باسی هاوڕێ خانەقینییەکانی زێدی خۆی دەکات، وەک هەڤاڵان، مەلا بەختیار، عەلی شامار، جەبار فەرمان و شەهید حسێن مەنسوور، باس لە بێدایکی مەلا بەختیار و بێ باوکی خۆی دەکات، کە چەرمەسەری و سەختی ژیان بەری لە ئومێد و هیواکانیان گرتووە و بەردەوام بەسەر پەیژەی دەردەسەرییەکانی ژیاندا سەرکەوتوون. نووسەر هێشتا لە خانەقینە و هەڤاڵ عەلی شامار بە دەروێشی کوردایەتی وەسف دەکات، کە چۆن لەگەڵ ژیانی کولەمەرگیدا لە کۆڵانەکانی خانەقینەوە دەبێتە عاشقی کوردایەتی، نووسەر دەنووسێت: شامار تامی هیچ جەژنێکی لە باوەشی دایکیدا نەکرد، بەڵام بەدەم فرۆشتن و وەسفی تامی میوە و سەوزەکانی دوکانەکەیەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی بیری کوردایەتی بوو.
لە باسی حسێن مەنسووریشدا دەڵێت: بە دەنگە بەرز و پڕ هاوارەکەی، خۆی بە ماڵماندا دەکرد و وەک سروشتی خۆی ناوی منداڵەکانی دەبرد و هاواریدەکرد (هۆزەکە، هانەکە، ئارامی)  سەد حەیف بۆ شەهیدبوونی، ئیدی ئەو هاوارە تەنیا دەنگ دەداتەوە، دواتر دەڵێت: بڕواناکەم ئەوەی ئەبو عەلی ناسیبێ، بتوانێ ماڵی بیرەوەرییەکانی جێبهێڵێ.
لە شوێنێکی کتێبەکەدا هاتووە و دەڵێ ئەوەی تووشی تێڕامان و حەپەسانی کردم رۆژی 31/1 بەڵام بە دوو مێژووی جیاواز، هەردوو هەڵۆ (ئارام و حسێن مەنسوور) شەهید دەبن، ئێمەش دەڵێین میللەتی کورد هەمیشە مارشی نەتەوەیی خۆی دەچڕێ کاتێ رۆڵەیەکی شەهید دەبێ، رۆڵەیەکی تری لەدایک دەبێ دەڵێ (ئەی رەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان...نایشکێنێ نانەوێ تۆپی زەمان). کە دوورترو هەر لە هەمان مێژوودا واتە لە 31/1 دوا منداڵی هەڤاڵ عیماد دێتە دنیاوە، بەو هۆیەوە مەلا بەختیار ناوی لێدەنێت ئارام.

پشکۆی پێگەیشتنی بیرەوەرییەکان
نووسەر لە دوتوێی ئەم کتێبەدا هەرگیز خاڵی لەبیر ناکات و کتێبەکەی تەنها بەو پێشکەش دەکات، بە هاوڕێ ناوی دەبات و بە هاندەر و پشکۆی پێگەیشتنی بیرەوەرییەکانی دادەنێ، هەر بۆیە لە لاپەڕە 281 دا بەمجۆرە موحسین عەلی ئەکبەری خاڵی دەلاوێنێتەوە: «تۆ بۆنی ئازاد هەورامیت لێ ئەهات، ئازادیش بۆن و بەرامەی ئارامی هەڵگرتبوو، ئارامیش عەتری کوردستانە! تۆ ئەستێرەی گەشاوەی خانەوادەکەی، مامۆستای ژیان و شێخی کوردایەتیم، تۆ مامۆستا موحسینی خەم هەڵگرەکەی نیشتمان بوویت، لە کۆتایی لاواندنەوەکەیدا دەڵێت، سەردانی مەزارت تاکە دڵنەوایی و سەبوریی منە.
ئەم کتێبە (درەوشانەوەی مێژوو) پێنج بەشە و بریتییە لە 284 لاپەڕە و ئەمساڵ چاپ و بڵاوکراوەتەوە، ئێمە زیاتر لەو بەشەدا کارمانکردووە، کە نووسەر ناوی لێناوە ئەو پشکۆیانەی قەت نابن بە خۆڵەمێش. وەک ئاماژەم پێداوە، وەسفێکی تاڕادەیەک ئەدەبی، بەڵام بە قەڵەمی سیاسییەک بۆ من جێی سەرنج و مەبەست بوو، بەتایبەتیش گێڕانەوەی کۆمەڵێک رووداو بە زمانێکی جوان و سەرنجڕاکێش ئەو دێڕانەی سەرەوەی لێ هاتە بەرهەم و بەردەوامی لە خوێندنەوەی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان