لەگەڵ خۆتدا نەرمونیان بە

12:46 - 2024-01-07
دووتوێ
154 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

زۆرجار لەبەردەم ئاوێنەدا دەوەستیت و بە خۆت دەڵێیت من کێم و چیم کردووە؟ کوا ئەو خەونانەی دەمویست بەدییانبهێنم و ئەو ئامانجانەی بۆ خۆمم دانابوو پێیان بگەم؟ چۆن توانا بۆ بینینی خەونی نوێ و بیرۆکە و ئامانجی نوێم لەدەستداوە؟ بۆ هەوڵی داهاتوویەکی باشتر نادەم؟ چەندین پرسیاری دیکە لەخۆت دەکەیت و تەماشای ئەو کۆپییەی خۆت دەکەیت و هیچ بەدڵت نییە، لە نەستدا ئەو پرسیارانە دووبارە دەبنەوە وەک ئەوەی بەردەوام لەخۆت بدەیت و سەرزەنشتی بکەیت، راستە بەخۆداچوونەوە کارێکی پێویستە، بەڵام بەجۆرێک نا توندوتیژ بیت بەرامبەر خودی خۆت و ئەوندەی تر خۆت بێهوودە بکەیت و هەستبکەیت هیچ بەهایەکت نییە.
دووبارەکردنەوەی لەخۆدانی دەروونیی کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر تەندروستی دەروون و جەستەت، ئەو شتەی دەبێت هەمیشە مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆیدا بیکات ئەوەیە نەرمونیان بێت و ئەوەندە بەرامبەر بە خۆی توندوتیژ نەبێت، هەر جۆرێک دەرچووبیت دەبێت خۆتت خۆشبوێت، چونکە پێش هەموو شتێک دەبێت بزانیت زۆرێک لەو شتانەی پێی نەگەیشتوویت لە دەرەوەی ئیرادەی تۆیە و زەمەن و رووداوەکانی دەورووبەر تەنانەت کەسەکانیش کاریگەرییان لەسەر ئەوە هەیە چیت کردووە یان چیت نەکردووە.

بیرکردنەوەی پۆزەتیڤ
هاوکات پێویستە هەمیشە بیرکردنەوەی پۆزەتیڤ بەخۆت بڵێیت ئەگەر لە ناخیشدا باوەڕت پێی نەبێت هەر بیڵێ وەک دەڵێن ئەو بیرۆکە یان قسە باشانەی بەخۆتی دەڵێیت وەک کارمایەک وایە واتا لەئێستادا کارێک یان رەفتارێک دەکەیت و ئەنجامەکەیت لە داهاتوودا بۆ دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەو قسە و بیرۆکانەی بەخۆتی دەڵێیت لە داهاتوودا بۆت دەگەڕێتەوە بۆ نموونە کاتێک بەخۆت دەڵێیت من سەرکەوتووم یان دەتوانم فڵانە کار بکەم، وزەی باشی ئەو قسەیە دەگەڕێتەوە و لە داهاتوودا ئەوەی ویستووتە بە دەستی دێنیت بێگومان تەنیا بە قسە نا، بەڵکو بەو وزە باشەی لە ناختدا دروست دەبێت و واتلێدەکات زیاتر  هەوڵی سەرکەوتن بدەیت.

هەندێ خاڵی گرنگ
هەروەها هەندێ فاکتەری دەرەکیی هەیە وامانلێدەکات لەڕووی دەروونییەوە لەخۆمان بدەین، بۆیە دەبێت لەو حاڵەتانەدا هەندێ خاڵ لەبەرچاو بگرین:
*قبووڵی ئەو بیرۆکەیە بکە کە تۆ بوونەوەرێکی بێ وێنەیت و هیچ کەسێکی دیکە لەم دنیایەدا وەک تۆ نییە و هەر کەسە و باشە و خراپەی خۆی هەیە.
* خۆت بەکەسانی دیکە بەراورد مەکە، چونکە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە واتلێدەکات هەرگیز بەوەی هەتە و پێی گەیشتوویت رازی نەبیت و چاوت لەوانی دیکە بێت، بەڵکو هەوڵبدە بەشە پڕەکەی پەرداخەکە ببینیت.
* لەبیربێت رەنگە ئەوانی دیکە لەبارەی تۆوە هەڵە بن تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە مامۆستا یان بەڕێوەبەرت بێت و پێت بڵێت تۆ کەسێکی شکستخواردوویت، چونکە هیچ کەسێک بەقەدەر خۆت تۆ ناناسێ.
*فێربە بە دیدگایەکی نوێوە بڕوانیتە رووداوەکانی چواردەورت، هەندێکجار تەنیا بەگۆڕینی دیدگات بۆ تێڕوانینێکی پۆزتیڤانە زۆر شت دەگۆڕێت.
*دڵخۆشیی بڕیارە لە ناخی خۆتدا نەک ئەنجامی سەرکەوتن و ناوبانگ و پۆست و پلە، لەبیرت بێت ئێمە سەردەکەوین لەبەرئەوەی بڕیارمانداوە دڵخۆش بین نەک بەپێچەوانەوە.
*فێربە شکست شتێکە تەنیا لە مێشکی خۆتدا هەیە، چونکە هەموو کەوتنێک وانەیەکی نوێیە لەم ژیانەدا لێیەوە فێردەبیت و هەستەرەوە و هەوڵبدەرەوە.
دواجار هەر کاتێک دەبینیت لەخۆت تووڕەیت و دەتەوێت لەڕووی دەروونییەوە لەخۆت بدەیت و لە ژیان بێزاریت، بیرت بێت سبەینێ رۆژێکی نوێ هەڵدێت و هەلێکی نوێیە بۆئەوەی کۆپییەکی باشتری خۆت بیت، گەشبین و سوپاسگوزاربە بەو کارانەی کردووتە، چەندە بچووکیش بێت تەنانەت ئەگەر ئامادەکردنی خوانێکی خۆش بێت بۆ خێزانەکەت، جگەلەوەی لەخۆدان و لۆمەکردنی خۆت واتلێدەکات لەبیری بکەیت چەندە بێ وێنەیت و توانات هەیە بۆ رووبەڕووبونەوەی ژیان.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان