ئا: فەرید دڵشاد
دەریاچەی بایكاڵ دەكەوێتە روسیا، لەگەڵ ئەوەی لە رووی قەبارەوە گەورەترین دەریاچەی ئاوی شیرینە لە جیهاندا كە 22 % بۆ 23 % ئاوی شیرینی جیهان لەخۆدەگرێت هاوكات كۆنترۆین و قووڵترین دەریاچەی جیهانیشە، بە جۆرێك تەمەنی 25 بۆ 30 ملیۆن ساڵ دەبێت و قووڵییەكەشی هەزار و 642 مەترە.
كەش و هەوای بایكاڵ
بایكاڵ دەوڵەمەندە بە ئۆكسجین، پلەی گەرمی ئاوەكەی بەپێی شوێن و قووڵی و كاتەكەی جیاوازە، بەدرێژایی وەرزی زستان بۆ ماوەی چوار مانگ ئاوی رووی دەریاچەكە دەیبەستێت، دەریاچەكە بە سەهۆڵ دادەپۆشرێت، بە ئاسانی ئۆتۆمبێل بەسەریدا تێپەڕ دەبێت، لە وەرزی هاویندا سەهۆڵی رووی دەریاچەكە دەشكێت، وردە وردە ئاوی رووی دەریاچەكە بەهۆی تیشكی خۆرەوە گەرم دەبێت، بەڵام لە قووڵایی نزیكەی 300 مەتردا پلەكانی گەرمی جێگیرە لە 3 پلەی سەدیدایە.
رووەكی دەریاچەكە
بایكاڵ نیشتمانی سەدان جۆری رووەكە، زیاتر لە 1000 جۆر رووەك و 2500 جۆر ئاژەڵی تێدایە، بایكاڵ نیشتمانی رووەكی (زەبات)ی دەریاییە جگە لەوە چاوبازەی زەلكاوی تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا، زیاتر لە 85 جۆر گیای ژێرئاوكەوتوو، هەروەها زیاتر لە 400 جۆر قەوزە لە دەریاچەكەدا دەبینرێت و نزیكەی نیوەی ئەمانەش نیشتمانشینی بایكاڵن.
ژیانی ئاژەڵی دەریاچەكە
ژمارەیەكی زۆر گیانلەبەری شیردەر لە ژینگەكانی دەوروبەری دەریاچەكەدا هەن لەوانە: ورچ، گورگ، رێوی، سمۆرە، مشك، كەروێشك..هتد هەروەها 236 جۆر باڵندە لە دەریاچەكەدا نیشتەجێن، 29 جۆریان باڵندەی ئاویین و بەناوی دەریاچەكەوە ناونراون، هەریەك لە مراویی بایكاڵی و مەلی بایكاڵی. جگە لەوە 65 جۆر ماسی لە دەریاچەكەدان و زیاتر لە 200 جۆر كرمی ئاوی لە دەریاچەكەدا دەژین، سەرەڕای چەندین زیندەوەری تری دەگمەن و ناوازە لە دەریاچەكەدا هەن وەك باڵندەی خشۆك.
دەریاچەكە هەڕەشەی لەسەرە
لە ساڵی 1996 دەریاچەی بایكاڵ وەك شوێنەوارێكی مێژوویی لەلایەن یونسكۆوە ناسێنرا و بووە یەكێك لەو 1121 شوێنەوارەی یونسكۆ دانیپێداناوە، شوێنەوارێكی كلتوریی سروشتییە و بەهای تاتیبەتی بۆ مرۆڤایەتی هەیە، لە ئێستادا بەهۆی گۆڕانی كەش و هەوا و پیسبوونی ژینگە هاوشێوەی شوێنەوارەكانی تری جیهان مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.
هاوکات بەهۆی سروشتە جوانەكەیەوە ساڵانە گەشتیارێكی زۆر دەچن بۆ بینینی دەریاچەی بایكاڵ و بەپێی ئاژانسی گەشتیاری روسیا لە وەرزی زستاناندا ژمارەی گەشتیاران دەبێت بە دوو هێندە، زۆربەی گەشتیارانیش لە دەرەوەی وڵات بەشێوەی گروپ سەردانی ناوچەكە دەكەن، بەڵام نیگەرانن لەوەی دەریاچەكە ناتوانێت ئەو هەموو گەشتیارە لەخۆ بگرێت و بۆ سروشتی و ژینگەی دەریاچەكە مەترسیدارە.
سەرچاوە: al-ain