چ کاتێک نانبخۆین؟

12:49 - 2024-01-07
دووتوێ
343 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان


لێکۆڵینەوەیەکی ئەم دواییەی توێژەرانی پەیمانگەی نیشتمانی بۆ توێژینەوە لە کشتوکاڵ و خۆراک و ژینگە (INRAE) لە فەرەنسا  ئاشکرایکرانکردووە، گرتنەبەری خووی خواردنی ژەمی یەکەم و کۆتا ژەم لە کاتێکی زوودا، لەگەڵ ماوەیەکی درێژتری نان نەخواردن لە شەودا تا بەیانی ئەوەی پێیدەوترێت رۆژووی پچڕ پچڕ یارمەتیدەر دەبێت بۆ رێگریکردن لە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.

ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە
توێژەران ئەنجامەکانیان لە گۆڤاری Nature Communications بڵاوکردەوە و دەریانخست وازهێنان لە نانی بەیانی زوو پەیوەندی بە مەترسی زیاتری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە هەیە، لەگەڵ زیادبوونی بەڕێژەی 6 ٪ بۆ هەر سەعاتێک دواکەوتن لە خواردنی ژەمی بەیانی، بە واتای ئەوەی ژەمی یەکەمت زوو دەستپێبکە تا ژەمی کۆتاییت زوو بخۆیت و لە ماوەی شەودا هیچ خواردنێک نەخۆیت.
بۆ نموونە کەسێک کە یەکەمجار سەعات 9ی بەیانی ناندەخوات، ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بەڕێژەی 6 ٪ زیاتر دەبێت بە بەراورد بەو کەسەی سەعات 8ی بەیانی ناندەخوات.
کاتێک باس لە دوایین ژەمیش دەکرێت، بۆ نموونە خواردنی درەنگ لە دوای سەعات 9 ی ئێوارەوە پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی خوێنبەرەکانی مێشکەوە هەیە، وەک جەڵتەی مێشک، بە بەراورد بە خواردنی ژەمەکە پێش سەعات 8 ی ئێوارە.
ماوەی درێژتری رۆژوو
هاوکات بەپێی توێژینەوەکە، ماوەی درێژتری بەڕۆژووبوونی شەوانە، واتە ماوەی نێوان کۆتا ژەمی رۆژ و یەکەم ژەمی رۆژی دواتر، پەیوەندی بە کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی خوێنبەرەکانی مێشکەوە هەیە، ئەمەش پشتگیری لە بیرۆکەی خواردنی یەکەم و کۆتا ژەم زووتر لە رۆژدا دەکات.
جگە لەوە توێژینەوەکە سەرنج دەخاتە سەر رەهەندێکی تری نوێ لە پەیوەندی نێوان خۆراک و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، واتا چ کاتێک نان دەخۆین؟  نەک چی دەخۆین؟ ئەمە لە کاتێکدایە زۆربەی پسپۆڕانی خۆراک و تەندروستی گشتی زیاتر سەرنجیان لەسەر کوالیتی خۆراکە نەک دابەشکردنی کاتەکانی بەدرێژایی رۆژ، ئەوەش بێگومان هەڵەیە.
زیادبوونی نەخۆشییەکان
بەپێی توێژینەوەی جیهانیی بۆ نەخۆشییەکان، کە لە ساڵی 2019 دا بڵاوکراوەتەوە، نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان هۆکاری سەرەکی مردنن لە جیهاندا، ئەمەش واتای وایە خووی نانخواردن رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پەرەسەندنی ئەم نەخۆشیانەدا، لەگەڵ شێوازی ژیانی هاوچەرخی کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان هەموو ئەوانە بووەتە هۆی ئەوەی خووی خواردن زیان بە تەندروستی بگەیەنێت، وەک خواردنی ژەمی ئێوارە لە درەنگانی شەودا یان وازهێنان لە نانی بەیانی زوو، لەگەڵ ماوەی رۆژووگرتندا، بەوشێوەیە کاریگەری لەسەر کارەکانی دڵ و خوێنبەرەکان دەبێت، وەک رێکخستنی پەستانی خوێن.
هەرچەندە توێژەران داتای 103 هەزار و 389 بەشداربوویان وەرگرتووە لەسەدا 79 یان ژن بوون و تێکڕای تەمەنیان 42 ساڵ بووە، بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان شێوازی خواردن و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەنجامەکان پێویست بە دووبارەکردنەوەی توێژینەوەکان لە ناوچە جیاوازەکان و جۆرەکانی مرۆڤ و گشتاندنی ئەو ئەنجامانە لە گروپەکانی تردا دەکات بۆ ئەو کەسانەی بەناچاریی شەوانە کاردەکەن وەک کرێکارانی شەفتی شەو و هەندێک لە ئەفسەرانی پۆلیس و پزیشکان، کە بارودۆخیان ناچاریان دەکات لە شەودا و لە کاتی ناڕێکدا نانبخۆن.
سەرچاوە: الشرق الاوسط

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان