بایزئاغا، گەڕەکە دێرینەکەی کۆیە

12:55 - 2024-01-07
دووتوێ
202 جار خوێندراوەتەوە
#یەکێک لە خانووەکان

هاوژین عەبدولواحید

دەرگا کۆنەکان قفڵدراون و پەنجەرەکان شکاون و دیوارەکان روخاون، ئێستا گەڕەکێکی وێرانەیە و لە رابردوودا یەکێک بووە لە سیما هەرە جوانەکانی قەزای کۆیە.
دوای بنیادنانی شارستانیەت لە کۆیەو شوێنی ئێستا دەکرێ گەڕەکی بایزئاغا بە دڵی کۆیە ناوبنرێت و کۆنترین گەڕەکە، هەڵکەوتەی جوگرافی گەڕەکەکە دەکەوێتە بەشی رۆژهەڵات و دەڕوانێت بەسەر دیمەنە جوان و دڵگیرەکەی شیوی رەزاندا، ئەم گەڕەکە چەندین تەکیەو دیوەخانی هەبووە. 
نووسەر و رووناکبیری کۆیە «دڵدار جەلیزادە» لەم بارەیەوە دەڵێت: دیارترین تەکیە تەکیەی تاڵەبانیەکان بووە لە کۆیە کە گۆڕی (شێخ عیسامەدین تاڵەبانی) کە دەکاتە باوکی رەوان شاد  مام جەلال تاڵەبانی  لەناو ئەو تەکیەیە، ئەوە جگە لە تەکیەی سمایل ئاغا و تەکیەی جافەکان، دیوەخانی ( حاجی مەجید و مەلای گەورەی کۆیە مەلا محەمەدی جەلیزادە و  مام یەحیای جاف کە دەکاتە باوکی شاعیری کورد  عوسمان پشکۆ، دیوەخانی مام خدری گەورە کە دەکاتە کوڕی یەحیای کوڕی خدر ئاغای تەها ئاغای ساڵحی.
هاوکات حەمامی پیسکان کە مێژووی ئەو حەمامە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی (4) سەدە بەر لە ئێستا. 

ئەو بنەماڵانەی لەو گەڕەکە ژیاون کێ بوون؟
لەبەرئەوەی گەڕەکی بایزئاغا لەسەر رێگەی دەرەکی خۆشناوان و رێگەی هەیبەسوڵتان و سنووری پشدەر و بیتوێن بووە، بۆیە هەندێ لە بنەماڵەی ( خۆشناوان ، سوسنی ، بڵباس ، مەنگوڕی ) لەو گەڕەکە ژیاون دیارترینشیان بنەماڵەی (جەلیزادە) بووە، بەشێک لە گەڕەکی بایزئاغا بە گەڕەکی مەلایان ناوبراوە تا دەگاتە دەرکی قەیسەری و مزگەوتی مەلا ئەسعەدی جەلیزادە، هەروەها زۆربەی ماڵە باخەوانەکان و دوکاندارەکان لەو گەڕەکە بوون بەهۆی ئەوەی لە شیوی رەزان و بازاڕی قەیسەری کۆیە نزیک بوون لەگەڵ خانی گەورە خانی (مەحمود ئاغا). 
هاوکات «دڵدار جەلیزادە» ئاماژەشی بەوەدا لەم گەڕەکە زۆر کەسایەتی و کەڵە پیاوی سیاسی و ئەدەبی و هونەری هەڵکەوتوون، بەشێک لەوانە: مام جەلال، هونەرمەندی شێوەکار (رابەر مامەش) شێرکۆ جەلال، شاعیر و نووسەر ئەحمەد دڵزار، مەلا عەبدوڵڵا جەلیزادە، بیرمەندی کورد مەسعود محەمەد، مەلا محەمەدی جەلیزادە، عوسمان پشکۆ، نەجیبە خانی جەلیزادە، حاجیە گەورە گەورە مەقامبێژی کورد، خوشکە عیفەت، ئەکرەم مەنسور پاڵەوان، کەریم شارەزا مێژوو نووسی کورد.. هتد. 
شایانی باسە ئەم گەڕەکە پێویستە ئاوڕێکی لێ بدرێتەوە و بپارێزرێ وەک مێژوو شارسانیەتی کۆیە بمێنێتەوە، چونکە ئێستا بەداخەوە ژیانی تێدا نەماوە و زۆربەی خانووەکانیش روخاون و بوون بە کەلاوە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

بەردەوام لە هەوڵی نۆژەنکردنەوەداین
یەکێتی واحید بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە وتی: بەپێی ئەو سەرچاوە مێژووییانەی هەیە گەڕەکی بایزئاغا بە کۆنترین گەڕەکی کۆیە دادەنرێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 450 ساڵ پێش ئێستا، وەک فەرمانگەی شوێنەواریش بەردەوام لە هەوڵی بەدەستخستنی بودجەی پێویستین بۆ کار و پڕۆژەکانمان ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین، بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم گەڕەکەش بەردەوام لە هەوڵداین و خۆشبەختانە رەزامەندیمان بۆ بەشێکیان وەرگرتووە و لە هەنگاوی ئەوەداین کاریان لەسەر بکەین و بچینە قۆناغی جێبەجێکردن بەهەمان پێکهاتە و دیزاین  بەکارهاتوون نۆژەنیان دەکەینەوە.
 پێکهاتەکانی خانووەکانی ئەو گەڕەکە بریتییە لە گەچ و بەرد و بنمیچی خانووەکانیش دار و شێلمانن و بەشێکیان بەردی روخام و مەڕمەڕیان تێدا بەکارهاتووە ئەگەر سەرنج بدەینه بەشێک لە خانووەکانی ئەم گەڕەکە دەبینین لەسەر بەرد دەقی قورئانی و شیعر و وێنەی سەرنجڕاکێشی وەک گوڵ و رووەک و باڵندە و کۆمەڵێک شتی تر هەڵکۆڵدراون بەتایبەت لە خانووی دەوڵەمەندەکان ئەم رازاندنەوانە زیاتر بەکارهاتوون.
هەروەها ئەو شوێنەوارانەشی کەوتوونەتە سنووری گەڕەکی بایزئاغا بریتین لە قەیسەری کۆن، بازاڕی قەیسەری، خانی مەحمود ئاغا کە مەڵبەندێکی گەورەی بازرگانی بووە، حەوشی گەورە، خانووی کەلەپوری حاجی مەجید، بن تاقان، ماڵی مەلای گەورە، مزگەوتی کۆنە جومعە کە یەکەم مزگەوت بوو دوای هاتنی ئیسلام.
بە سوپاسەوە
زۆربەی زانیارییەکانم
 لە (دڵدار جەلیزادە) وەرگرتووە

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان