گرفتەکانی کتێب و کتێبخانە لە قەزای ئاکرێ

10:28 - 2024-01-09
ڕاپۆرت
281 جار خوێندراوەتەوە
گرنگینەدان بە سێكتەری كتێبخانە لە ئاکرێ بۆشایەکی گەورەیە

راپۆرتی/ ئەیاز هەركی  

 

بەشێك لە رووناکبیران و رۆژنامەنووسانی ئاكرێ نیگەرانن و گلەییان هەیە لەوەی كە كتێبخانەكانی شارەکە لە ئاستی پێویستدا نین و داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەكان گرنگی بە کایەی رووناکبیریی بدەن لە ئاکرێ و هانی رووناکبیراب و خوێندەواران بدەن و پاڵپشتییان بكەن تا كتێبخانەی زیاتر لەو شارەدا بكرێتەوە و لەڕووی سەرچاوەی جیاجیای فیکری و زانستی و پەروەردەییەوە کتێبخانەکانی کە هەن دەوڵەمەند بکرێن.
لەوبارەیەوەشەوە لە راپۆرتێکی مەیدانیدا چەند رووناکبیر و رۆژنامەنووس و خوێندەوارێکی شاری ئاکرێمان دواند و تێیدا لە هۆکاری گلەیی و نیگەرانییەکانیانمان پرسییەوە.


یەکێک لەو کەسانەی نیگەران بوو لە دۆخی کتێبخانەکانی شارەکە عەدنان ئاكرەیی رۆژنامەنووسە و لەوبارەیەوە رایگەیاند: خوێندنەوەی كتێب خۆراكێكە بۆ مێشك و هاوڕێیەكی زۆر نزیكی مرۆڤە بەتایبەتیش رۆژنامەنووسان کە دەبێت زانیارییان لەسەر زۆر بوار هەبێت و وتی: «گومانی تێدا نییە كە بوونی كتێبخانەی پێویست لە هەر كۆمەڵگەیەکدا نیشانەی هۆشیاری ئەو كۆمەڵگەیە دەردەخات لە گرنگیدان بە زانست و پەروەردە». 

ئاستی گرنگیپێدانی حکومەت و خەڵک بە کتێب 
هەروەها دەڵێت: «ئەگەر ئاكرێ وەك نموونە وەربگرین، كەمیی كتێبخانە تێیدا بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، چ لایەنی پەیوەندیدار وەک دامەزراوە رووناکبیرییەکان و  چ خوێندەوارانی شاری ئاكرێ کە هەردوولا كەمتەرخەمن لەو بوارەدا و لە ئاستی پێویستدا نین». 
روونیشیکردەوە کە هەرچەندە ئێستا هەندێك كتێبخانەی بچووك لە شارەکەدا كراونەتەوە کە تاڕادەیەک بۆ ئەم قۆناغە باشە، بەڵام پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان گرنگیی زیاتر بەم بوارە بدەن، چونكە هیچ كتێبخانەیەكی گشتی لە ئاکرێدا نییە کە دانیشتوانەکەی شانازیی پێوە بكەن، بەو پێیەی كە شوێنێك بێت رووناکبیران و خوێنەران بتوانن تێیدا بمێننەوە و کاتەکانیان لەگەڵ كتێبدا بەرنەسەر.
ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەشی بەوەدا کە بۆئەوەی تاكێكی تەندروست لەڕووی فیکرەوە لە كۆمەڵگەدا دروست بێت، پێویستە حكومەت هەنگاوی هەمەلایەنە بنێت و گرنگی بە كردنەوەی كتێبخانەی زیاتر بدات، نەک هەر لە کەرتی گشتیدا، تەنانەت لە كەرتی تایبەتیشدا، بەو پێیەی ئەوە كارێكی پیرۆزە و  هیواشی خواست خەڵكی دەڤەرەکە بەگشتی گرنگی زیاتر بە بواری خوێندنەوە و نووسین بدەن، لە هەموو بوارەکاندا بۆئەوەی نەوەی داهاتوو سوودمەندبن لە بەرهەمەكانیان.‌‌

کایەی دیجیتاڵی نابێتە جێگرەوەی کتێب
لەلایەکی دیکەشەوە سیروان رەمەزانی رۆژنامەنووس دەڵێت: شاری ئاكرێ هەمیشە شوێنی نووسەران و شاعیران و چەندین كەسایەتی بەناوبانگ بووە، كە لە بواری زانست و مەعریفەدا رۆڵیان هەبووە و تائێستاش بەرهەمەكانیان ماون، بەڵام ئەمڕۆ وەك دیارە ئاكرێ لەڕووی كتێبخانەوە لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتدا دواكەوتووە، ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، وەك زۆریی ماڵپەڕ و دیجیتاڵ میدیا و سۆشیال میدیا و لایەنی تێچووی دارایی. وتیشی: بێگومان کایەی دیجیتاڵی نابێتە جێگرەوە بۆ خوێندنەوەی كتێب. 
هۆكارێکی دیکەش ئەوەیە كە نەوەی ئێستا وەك پێویست رانەهاتوون و ئاشنای كتێب خوێندنەوە نین. جگە لەوانەش بەکارهێنانی زاراوەی سۆرانی و بادینی و عەرەبی هۆكارێكی دیكەن بەتایبەت کە كتێب بە شێوەزاری بادینی زۆر کەمە، ئەوانەش کە هەن لە ئاستی زانستی و فیكریدا نیین، چونكە كتێب دەبێت جۆرێك لە سەرنج راكێشانی بۆ خوێنەر تێدا بێت، بەتایبەتی لە رووی زمان و تێگەیشتنەوە.
هەروەها دەڵێت: داوا لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی ئاكرێ دەكەین شوێنێكی گونجاو شایستە بۆ كتێبخانەی گشتی ئاكرێ دیاری بكات، بۆئەوەی خوێنەر لەكاتی سەردانیدا هەست بە ئاسوودەیی و ئارامی بكات و رووناکبیران زیاتر هانبدرێن بۆ خوێندنەوەی كتێب وەك كەلتورێكی هەمیشەیی. پێویستیشە سەرەتا گرنگی بە كتێبخانەی ناو خوێندنگەکان بدرێت و هانی خوێندكاران بدرێت بۆ خوێندنەوەی كتێب و کردنی بە کەلتور.
کتێبخانەی گشتی نۆژەن دەکرێتەوە
هەروەک كاوە ئاكرەیی لێپرسراوی «بزاڤی ڕۆشنبیری لە ئاكرێ» راگەیاند: نەبوونی كتێبخانە و گرنگینەدان بە سێكتەری كتێبخانە بەگشتی لە هەرێمی كوردستاندا بۆشاییەکی گەورەیە، وتیشی: بێگۆمان یەكێك لە كێشەكانی كتێبخانەی گشتیی  ئاكرێ، نۆژەنكردنەوەی شوێنەكەیەتی‌، ئەو كتێبخانەیە لە ساڵی 1963دا دامەزراوە و چەندین كتێبی جۆراوجۆر و بەسوودی تێدایە و تائێستاش لە خزمەتی خوێنەراندایە، بەڕێوبەرایەتیی رۆشنبیریی ئاكرێ-ش زۆر هەوڵیداوە بە شێوەیەكی سەردەمیانە نۆژەنی بکاتەوە، بەڵام دەبێت بەڕێوبەرایەتی گشتیی كتێبخانەی دهۆك و وەزارەتی رۆشنبیری كێشەی كتێبخانەی گشتی ئاكرێ چارەسەر بكەن.
هەروەها كتێبخانەیەكی بەرفراوان لەناو زانكۆی ئاكرێدا هەیە و كتبێخانەیەكی تریش لە بەڕێوەبەرایەتی هۆنەری و رۆشنبیریدا بەناوی كتێبخانەی نووسەرانی ئاكرێ هەیە و چەندین كتێبی كۆنیان تێدایە. هەروەک لە ئاكرێ چەند كتێبخانەیەکی تایبەتیش هەن کە رووناکبیران سوودی لێ وەردەگرن.
هاوكات بە درێژایی مێژوو، ئاكرێ شوێنی زانین و زانست و زانایان بووە و بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1882 قوتابخانە بە رەسمی لە ئاكرێ كراوەتەوە. خوێندكارانی دەرەوە بۆ وەرگرتنی زانست و خوێندن روویان لەو شارەكە كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان