ژاڵه سه‌فییاری
گوێم لێ نییه چی ده‌ڵێ. بیرم له قووڵایی ناخی خۆمدا وێڵه و چاوم بڕیوه‌ته ئه‌و كاغه‌زه‌ی تێیدا ده‌رمان ده‌نووسێ، هه‌موو جارێ و چه‌ند شت زیاتر... چه‌ند شت كه‌متر... چه‌نده‌م حه‌ز لێیه مێشكی بخوێنمه‌وه كه هێند به متمانه ده‌نووسێ، ئه‌وه‌ی به منی ده‌ڵێ به‌لای خۆیه‌وه ئاساییه؟ لام سه‌یره هه‌ندێ له دكتوره‌كان خۆیان جگه‌ره ده‌كێشن و په‌یتا په‌یتاش ده‌ڵێن وریا بن جگه‌ره به‌ره‌و مردنتان ده‌با، سییه‌كانتان ده‌ڕزێنێ!.
چاوم له جگه‌ره‌كه‌ی ده‌ستییه‌تی كه دووكه‌ڵێكی كاڵی لێوه به‌رز ده‌بێته‌وه، مژێكی سووكی لێده‌دا، بۆنی نایه، هه‌موو هه‌ستم كۆ ده‌كه‌مه‌وه، بێ ئاكام بزه ده‌مگرێ... چاو له میلی كاتژمێره‌كه ده‌كه‌م و تنۆكی باران كه ده‌دا له‌م په‌نجه‌ره‌یه و به‌ئاگام دێنێته‌وه، په‌له‌مه زووتر ده‌ركه‌وم، به رێنماییه‌كانی دكتۆر دێمه ده‌ره‌وه له‌و خه‌یاڵانه، ده‌مه‌وێت ماڵئاوایی بكه‌م، جوان گوێم لێ نه‌بوو چی گوت، ره‌نگه زانیبێتی ده‌مه‌وێ لێی ده‌ربازبم سه‌رێكی لێ راوه‌شه‌ندام، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ردارم بێ گوتم سوپاس.
وه‌ك هه‌مووكات له‌م رۆژه خوساوانه‌دا چه‌ترم پێ نییه، له‌ژێر باران پیاسه كردنم لاخۆشه، له هه‌موو پیاسه‌كانمدا له دووی ونبوویه‌ك ده‌گه‌ڕێم، خۆم هه‌ڵده‌واسی به هه‌ر بۆنێكه‌وه كه به‌رامه‌ی له‌و بێ، ئه‌و كه له پیاسه‌یه‌كدا ده‌ستی به‌ردابووم و له ناخمدا نه‌مامی یادێكی چاندبوو، به‌رامه‌ی تا ئێستا یه‌خه‌ی دڵی به‌رنه‌دابووم، تۆزێ بۆنی خۆڵ هه‌ڵده‌مژم و وه‌ڕێ ده‌كه‌وم، هه‌ندێ جار له قه‌ره‌باڵغی شه‌قامدا له پڕ هه‌ڵده‌گه‌ڕامه‌وه، به‌ڵام ته‌نیا بۆنێك بوو نزیك به‌و بۆنه‌ی له‌و به‌جێ مابوو.
هه‌ندێجار له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كاندا ئیره‌ییم ده‌برد كه بۆ پیاوان هێنده به ئاسووده‌یی جگه‌ره ده‌كێشن و من بۆ هه‌ستكردن به بۆنێ كه له دوا ماچێ به تامی جگه‌ره له بیرم ماوه ده‌بێ وه‌یلان بم...؟ درۆ نه‌بێ هه‌ڵبه‌ت منیش چه‌ند جارم كێشابوو، به‌دزییه‌وه... به‌ڵام خۆ قه‌تم نه‌دیته‌وه ئه‌و بۆنه، بۆنێك كه ئاوێته‌ی زارم ببوو تا ناو ده‌مارم منی له من راماڵی بوو به‌ڵام... باران توندتر ده‌بارێ و من له خه‌یاڵه‌كانمدا ونبووم، ئۆتۆمبێلێك له‌به‌رده‌مم راوه‌ستا، شۆفێره‌كه سه‌ری دێنێته‌ده‌رێ و هاوار ده‌كات:
بتانگه‌یه‌نم؟
دره‌نگانی ئێواره‌یه و به نابه‌دڵی ده‌ڵێم: به‌ڵێ، سوپاس
ده‌رگاكه‌م كرده‌وه، بۆن و هه‌ڵاوێكی گه‌رم فشارم بۆ دێنێ، وه‌ك بڵێی له مێژه جامه‌كانی دانه‌گرتبێ و هه‌موو خه‌مه‌كانی سووتاندبێ، سه‌ر و ردێن سپی، زۆر به‌پرته و بۆڵه له چاڵ و چۆڵی شه‌قام و ئه‌و هه‌موو مرۆڤه بێكاره‌ی بارانیان لا خۆشه. وه‌ڕێ ده‌كه‌وێت... ته‌واوی ئۆتۆمبێله‌كه بۆنی گرتووه و من تاكه موسافیرم بۆنێكی سه‌یر هۆشم ده‌ڕفێنێ، بێ بوونی هیچ چاوێكی پڕ پرسیار دڵنیاتر هه‌ناسه‌كانم قووڵتر هه‌ڵده‌مژم و له گه‌ڕانه‌وه‌دا زیاتری له ناو سییه‌كانم راده‌گرم...
بۆ كوێ ده‌چن؟
به‌م راسته‌ڕێیه‌دا بڕۆن
پاڵ ده‌ده‌مه‌وه و ده‌بمه میوانی ئه‌و خه‌یاڵه‌ی پڕه له مژه‌كانی جگه‌ره و له هه‌ر مژێكدا ده‌توێمه‌وه... دكتۆرم بیر دێته‌وه و پێكه‌نینم به قسه‌كانی دێ كه جارێ پێی وتبووم:
_دیاره ئه‌هلی دووكه‌ڵ نیت به‌ڵام بۆ سییه‌كانت برینداری دووكه‌ڵ دیاره؟
وه‌ك گڕێ به‌ر بووبێته دڵمه‌وه، شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ماشێنه‌كه ده‌كێشمه خوارێ. له ده‌لاقه‌ی ته‌مومژاوی چاومه‌وه چاو له ئامێزی شه‌قامی خوساو به هه‌نسكی هه‌ور ده‌كه‌م، ئیره‌یی به‌جێژوانیان ده‌به‌م... له لاپه‌ڕه‌ی سپی تێنووسی هه‌میشه هاوڕێم ده‌نووسم...
له‌م ده‌لاقه‌وه
هه‌موو ئێواره‌یه‌ك
پڕ ده‌بم له یادی تۆ...
ئه‌گه‌رچی له تۆدا فه‌رامۆشم
به دووپات كردنه‌وه‌ی تۆ
له خۆمدا
خووم گرتووه...
دڵۆپێ باران ده‌دا له چاوم و وه‌هۆش دێمه‌وه، شۆفێره‌كه هه‌موو شووشه‌كانی كێشاوه‌ته خوارێ و زوو زوو ده‌ڵێ:
_ببووره بۆنه‌كه ئازاری دای...
_ نا كێشه‌م نییه.
دوا ئامۆژگاری دكتۆرم بیردێته‌وه، له وه‌ڵامی بێ وه‌ڵامی مندا وتی: له كۆتاییدا شێرپه‌نجه‌ی تاسه سییه‌كانت تا سنووری نه‌مان ده‌كێشێ.